$جۆرجیا (گورجستان) قوربانییەکی تری ئەمریکا و ئەوروپا$
#ئیدریس مستەفا#
#11-03-2023#
دوێنێکە حکومەتی گورجستان بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بەو ڕێکخراوە مەدەنی و جیهانیانەی لە وڵاتدا کار و چالاکی دەکەن و لەبەرانبەریشدا هەندێ ناڕەزایی ئەو خەڵکانەمان دیت لە بەردەم پەڕڵەمانی ئەو وڵاتەدا.
بڕیارەکانی حکومەت ئەوەیە کە ئایا پشتیوانیە داراییەکانیان لە کوێوە دێت و گەر پشتیوانی دارایی دەرەکیان هەیە ئەوا دەبێ بە ڕێژەی لە سەدا بیست بێت. خاڵێکی تر، ئەجێندای مەدەنی و پیشەییان دەبێ بە ڕوونی دیار بێت و دەم نەکوتن لە ڕەوشی سیاسی وڵات بە بیانووی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئەو چەمکانەی ئەمریکا و ئەوروپا وەک بەهانەیەک بەکاری دەهێنن بۆ دەستێوەردانە ناو وڵاتانی ترەوە. هەر بە دوای ئەو بڕیارەوە چالاکوان و گەنجە پرۆ-ئەمریکی و ئەوروپاییەکان ڕژانە سەر جادە دژ بەو بڕیارە و بە دەستکیسەی ڕووسیایان لە قەڵەمدا.
هەڵهێنجانی بڕیارێکی لەو جۆرەی حکومەتی گورجستان لەو ئاکامەوە دێت کاتێک ئەو ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەییانە داوایان لە حکومەت کرد کە دەبێ دژی ڕووسیا بوەستێتەوە لەسەر ئۆکراین و بەشداریش بێت لەو گەمارۆ ئابوورییەی غەرب دایناوە لەسەر ڕووسیا. لێرەدا پرسیاری ئەوە درووست دەبێت ئایا ئێوە کە ڕێکخراوی مەدەنی و پیشەیین بۆچی دەم دەکوتن لە سیاسەتی وڵات و بۆچی دروشمی ئێمە ئەوروپایین بەرز دەکەنەوە لە خۆپیشاندانەکانتاندا لە کاتێکدا گورجستان نە بە ڕەگەز ئەوروپیە و نە بە گەز دەگاتە ئەوروپا و تەنیا لەبەرئەوەی لەسەر سنووری ڕووسیایە ڕۆژاوا دەیانەوێ بیکەنە بەشێک لە ئەوروپا. جارێکی تری هەوڵێکی لەو جۆرە ساڵی 2008 ڕویدا کە ئەمریکا و ئەوروپا ویستیان گورجستان بکەن بە بنکەیەکی سیاسی و سەربازی ئەمریکی بەڵام ڕووسیا لە چەند ڕۆژێکدا ئەوەی خۆی ویستی حەسمی کرد و هەردوو هەرێمی ئەبخازیا و باشووری ئۆسیتای لە دەست دەرهێنان و خستینە مەداری سیاسی و جوگرافی خۆیەوە.
ئێستاش غەرب دەیانەوێ گورجسیان بکەن بە یوکرانێکی تر ئەویش بە وروژاندنی ئەو ڕێکخراو و چالاکوانانە. ئەوەی دەمەوێ لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە هەرچی چالاکوانی غەربی و جورنالێستەکانیان و نێردە مرۆییەکان و ئەو هاووڵاتییانەشی کاریان لەگەڵ دەکەن سەر بە دەزگا تایبەت و هەواڵگریەکانی حکومەت وڵاتەکانی خۆیانن و ئەستەمە یەکێک لەوانە سەربەخۆ بێت. لێرەوەیە دەبینین هەر ڕێکخراو و دەزگایەکی تری غەربی کە زۆرجار لە ڕێگەی یوئێنەوە پۆشاکی نێونەتەوەیی دەپۆشن لە هەر شوێنێکی تری ئەم دنیایە بوونیان هەبێ دەم دەکوتن لە ڕەوشی سیاسی ئەو وڵاتانە و بۆیە حکومەتی گورجستان ئەو بڕیارەی دەرکرد.
هەر بە دوای ئەو بڕیارە و وەڵامی دەسەڵاتدارانی گورجستان بۆ سەرکوتی ئەو خۆپیشاندانانە یەکێتی ئەوروپا لەوانە فەرەنسا یەکسەر کەوتنە ڕەخنەگرتن لە حکومەتی گورجستان و گوایە مافی خۆپیشاندان بە خەڵک نادات لە کاتێکدا فەرەنسا چەندان مانگە ناهێڵی خەڵکەکەی خۆی خۆپیشاندانی مەدەنیانە سازبکەن دژ بە دۆخی ئابووری وڵات و هەرچی پۆلیسی لە فەرنسا هەیە بەوپەڕی توندیەوە پەلاماری خەڵکی مەدەنی خۆپیشاندەر دەدەن. ئەمە جگە لەوەی جگە لەوەی هەموومان دەزانین هەرچی مافێک لە ئەوروپا و ئەمریکا هەیە مافگەلێکن تەنیا بۆ بەرەی دەسەڵاتدارانن و بەرەی خەڵک گەر بیانەوێ ئەو قسە و ڕەخنانەی ئەوان بکەنەوە ئەوا بە چەندان شێواز تۆمەتبار دەکرێن یاخود پەلامار دەدرێن لەوانە پەلاماری هەر خۆپیشاندانێک لە هەر وڵاتێکی غەربی کە داوای مافە ڕەواکانی خەڵک بکاتە لەوانە وەستانەوەی دژە شەڕ و گرتنی و بێ کاری و مافی خانەنشینی.
گەر ئەمریکا و ئەوروپا کە دەیانەوێ بەرەیەکی تر لەسەر سنووری ڕووسیا بکەنەوە ئەوا نە ڕووسیا بێ دەنگ دەبێ و نە ئەوانێش دەتوانن گورجستان بکەن بە بنکەیەکی دژە ڕووسیایی چونکە شوێنگەی جوگرافی و ڕەگی مێژویی گورجستان ئێجگار جیاوازترە لە یوکراین و لە یەکەم هەنگاوەوە غەرب فەشەل دەهێنن گەر بیانەوێ گورجستان بکەن بە بنکەیەکی سەربازی و سیاسی دژە ڕووسیایی و گەر بشبێت ئەوا ئەوەی لەو نێوەدا زەرەرمەند دەبێ و دەبێتە قوربانی تەنیا خەڵکی گورجستانن و بەس! [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 297 times
Write your comment about this item!