$لێکەوتەکانی کوشتنی دیپلۆماتکارەکە لە هەولێر$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#31-07-2019#
زۆر جار ڕووداوێکی بچووک دەرهاویشتەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئەمە دەکرێت بۆ ڕووداوی کوشتنی (عوسمان کۆسە) ی بەناو دیپلۆماتکارەکەی تورکیاش لە هەولێر ڕاست بێت. هەڵبەتە پێش ئەوەی بێمە سەر ناوەرۆکی بابەتەکە، بە گرنگی دەزانم هەندێک تێبینی لەسەر کاری دیپلۆماسی و سیاسیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بدەم. ڕاستە لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک سەقامگیرییەکی باش هەیە و لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێش باشترە لەڕووی ئاساییشەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ستافی دیپلۆماتکار و کونسڵخانەکان وا بە بێخەمی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بسووڕێنەوە، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کێشەی سیاسیان هەیە لە ناوچەکەدا.
لەوانەیە دۆخەکە جیاوازتر بێت بۆ کونسڵی کۆریای باشوور، هیندستان، بەنگلادیش، چیک، ئیسپانیا، ئیتالیا و...تاد، چونکە ئەو وڵاتانە بەشێک نین لە کێشە سیاسییەکانی ناوچەکە، بەڵام بۆ دیپلۆماتکارانی تورک، ئێران، ئەمریکا دۆخەکە ئاڵۆزترە. بە تایبەت تورکیا و ئێران کە لە شەڕێکی بەردەوامدان لەگەڵ بەرهەڵستکارانی خۆیان، دەبێ ڕەچاوی بارودۆخی تایبەتی خۆیان بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەموو کردنە ئامانجێکی دیپلۆماتکاران لە هەرێمی کوردستان دەستی پارتە بەرهەڵستکارە کوردەکانی تێدابێت، یان گرووپە تیرۆرستییەکانی لە پشت بێت. هەرێم و ئێراقیش مەیدانی کاری هەواڵگری و ململانێی چەندان وڵاتی ناوچەکەن، بۆیە دوور نییە بەشێک لە کردنەئامانجی ستافی دیپلۆماتکاران لەلایەن ئەو دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییانە بێت کە لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیشدا بەرچاو و ئەکتیڤن. هەندێک جاریش ئەم جۆرە کردەوانە دەکرێ ئامانجەکەی تەنیا تێکدانی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بێت. بۆیە پێویستە هەم هەرێمی کوردستان و هەمیش خودی کونسڵخانەکان بخرێنە ژێر سیستەم و یاسای کاری دیپلۆماسی و چاودێری ئەمنیی ورد. پاراستنی ئاساییشی کونسڵخانە و دیپلۆماتکارەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستیشە بخرێنە ژێر ڕێنماییە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان
من لێرەدا نامەوێت بەوردی لێکۆڵینەوە لە پێوەندییەکانی هەرێم و تورکیا بکەم، چونکە لە چەند نووسینی دیکەدا بە درێژی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی هەردوولا وەستاوم، بەواتای ئەو فاکتەرانەی هەردوولا کۆدەکەنەوە و ئەو هێڵانەش کە هەردوولا جیا دەکەنەوە. ڕاستە پێوەندیی تورکیا و هەرێم سنوورێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام لەڕاستیدا چەند خاڵێک هەن لە پێوەندیی ئەنقەرە و هەولێردا کە تا ئێستا جێگای نیگەرانی و گومانن، لەلایەن هەریەکە لە حکومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکان و دواتریش خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەویش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو پێوەندیە سیاسی و ئابووری و هەماهەنگیە سەربازیەی لەنێوان هەریەکە لە تورکیا و هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام تورکیا تا ئێستاش نەیتوانیوە یان نەیویستووە ئەو پێوەندیانە ڕەنگدانەوەیان هەبێت بەسەر زهنییەتی سیاسی و ڕوانینی هاووڵاتییەکی تورک بۆ کوردێکی هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەنقەرە دەیەوێت نییەتپاکیی خۆی بسەلمێنێ کە دژی کورد نییە، وەک چەندین جار لە وتاری ئەردۆغان و سیاسییە تورکەکانیشدا دووبارە بووەتەوە کە تورکیا دوژمنی کورد نییە، بەڵکوو دوژمنی پەکەکەیە. بەڵام لە واقیعدا خەڵکی هەرێمی کوردستان خەریکە پێچەوانەکەی دەبینن. بۆ نموونە دوای دوو دەیە لە پێوەندیی ئابووری و سیاسی و سەربازی، ئەنقەرە تا ئێستاش نەیتوانیوە وێنەیەکی جیاواز لە پەکەکە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان درووستبکات، هەتا لەسەر ئاستی خەڵک و دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی تورکیاش. بۆ نموونە ئەو هەموو ڕق و کینەیەی کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەکاتی گەشتکردن بۆ تورکیا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ئەو هێرشەی کە ڕۆژێک پاش کوشتنی عوسمان کۆسە لە ترابزۆن کرایە سەر گەشتیارانی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی چەند گەنجێک ویستوویانە بە ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە وێنە بگرن، کاریگەریی خراپی هەبوو لەسەر هاوسۆزیی خەڵکی کورد بەرانبەر کوژرانی دیپلۆماتکارەکەی تورکیا لە هەولێر. ئەنقەرە ئەگەر بیەوێت پێوەندیی فەرمی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، دەبێت بە ڕەسمی دان بە ئاڵای کوردستاندا بنێ. لە هیچ سەرزەمینێکی ئەم جیهانە شوێنێک نییە وڵاتەکەی دۆستایەتیی بازرگانی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی لەگەڵ هەرێمێکدا هەبێت و ئاڵاکەشی قەدەغە بێت و خەڵکی لەسەر دیپۆرت بکرێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە ئەنقەرە هاووڵاتییانی خۆی هۆشیار بکاتەوە لەوەی ئاڵای هەرێمی کوردستان و پەکەکە لەیەکتر جیاوازن. ئەمە بەر لە هەر شتێک لە سوودی تورکیایە. ئەو کوردۆفۆبیایەی تا ئێستا بەرانبەر کورد هەیە خزمەتی زۆر بە پەکەکە دەکات، چونکە پەکەکە دەڵێن تورکیا دوژمنی کوردە لە هەر شوێنێک بێت. تورکیا دەبێت پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنێ ئەگینا خۆی بەرپرسە لە هاندانی خەڵک بۆچوونە ناو ڕیزەکانی پەکەکە و دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوەی ئەوەی هەولێریش.
لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی ڕووداوەکە
ئەگەرچی هێزەکانی پارتی کرێکاران زیاتر لە سێ دەیە دەبێت لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا چالاکیی سەربازی و سیاسی دەکەن دژی تورکیا، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵێین کە تا ئێستا خۆیان پاراستووە لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و تورکیاش لەناو شارەکاندا. تا ئەو ئاستەی بەپێی هەندێک ڕاپۆرت جۆرێک لە ڕێککەوتن هەبووە لەنێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێم کە پەکەکە هێرش نەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەناو هەرێم، بەڵام ئەگەر یەکلابێتەوە کە پەکەکە لە پشت ئەو ڕووداوە بووە، ئەمە هەماهەنگیی هەولێر و ئەنقەرە توندوتۆڵتر دەکات لە دژی پەکەکە نەک پێچەوانەکەی، چونکە جگە لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ هێزێکی تر ناتوانێت یارمەتیی تورکیا بدات لە شەڕکردن دژی پەکەکە بە حکومەتی ئێراقیشەوە. تورکیا خۆیشی باش ئەو ڕاستییە دەزانێت. هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لە زۆر بواردا هاوکاریی تورکیای کردووە، بەڵام لە دوای 2003 وە خۆی بەدوور گرتووە لە هەر بەشداربوونێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای تورکیا دژی پەکەکە. دوای ئەو ڕووداوە دوور نییە ئەو سیاسەتە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت. بەهەمان شێوە دوور نییە تورکیا بەشێوەیەکی چڕتر هێرشی سەربازی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکاران و باڵە نزیکەکانیان لە شەنگال و مەخموور ئەنجام بدات. هەر پێنج ڕۆژ دوای ڕووداوەکە مەولوود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە پێویستە بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە بە یەکەوە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە ئەنجام بدەن و وتی: ''ئەمریکاش دەڵێت پشتیووانی پێشکەش دەکەین.
دەکرێ بگوترێ، لە حاڵەتی ساغبوونەوەی ڕووداوەکەدا لەسەر پەکەکە، بێگومان کاریگەریی دەبێت لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد کە خەریک بوو دەهاتەوە بەرباس. چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا جەمیل بایک خۆیشی لە وتارێکدا لە واشنتن پۆست ئەو قۆناغەی وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی وەسف کرد کە نابێت بەفیڕۆ بدرێت. ڕووداوەکەی هەولێر دەستی ئەردۆغان واڵاتر دەکات کە لە ڕۆژاڤای کوردستانیش هێرش بکاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و پەیەدە. وەک گوتم سەرەڕای بچووکیی قەبارەی ڕووداوەکە، بەڵام تورکیا دەتوانێت وەک قوربانیی هێرشی پەکەکە خۆی نیشان بدات و ئەمریکاش تا ئاستێک چاوپۆشی لێبکات، بە مەرجێک نەگاتە تێکدانی ستراتیژیەتی واشنتن لە سووریا. [1]