$تورکیا چ جۆرە هاوکارییەکی لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#07-09-2020#
پرسی هاوکاریکردنی سەربازیی تورکیا لەلایەن هەرێمی کوردستان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام تەوەرێکی سەرەکی پەیوەنییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە، بە جۆرێک لە هەر دیدار و سەردانێکی کاربەدەستانی هەردوولا ئەو پرسەش دیسان دێتەوە بەرباس، بەڵام ئایا هەرێمی کورداستان دەتوانێت لەم ڕووەوە هاوکاری تورکیا بکات؟ یاخود وردتر بڵێین ئایا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە کە هاوکاری تورکیا بکات لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان؟
سەرەتا پێویستە لەو ڕاستییە تێبگەیین کە هەریەکە لە تورکیا و هەرێمی کوردستان بە هۆکاری کۆمەڵیک فاکتەری جیۆپۆلۆتیکی و مێژوویی و دیمۆگرافی و ئابووری ناکرێت و ناشتوانن پەیوەندییان نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی هەردوولا زۆر ئەستەمە بگاتە ئاستی دۆستایەتیێکی متمانەپێکراو و ستراتیجی. چونکە پەیوەندییەکانیان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بوونیاتنەنراوە. هەرچی تورکیایە لە ڕوانگەیەکی ئاساییشی و نەتەوەییەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات؛ بەڵام هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەکی بازرگانی و دیپلۆماسییەوە سەیری تورکیا دەکات. هەرێمی کوردستان بە هۆکاری هەڵکەوتەی ئەو جیۆپۆلۆتیکە سەختەی کە هەیەتی بە تایبەت لەبەر ئەو کێشانەی کە لەگەڵ خودی ئێراقیش هەیەتی پێویستی بە پەیوەندی دیپلۆماسی هەیە بۆ ئەوەی کەمێک لەژێر هەژموونی ئێراق ڕزگاری بێت. هەڵبەتە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە هەرێمییەکاندا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت چالاکی سیاسی و دیپلۆماسی هەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی کارتێکی سیاسی لە دەست بێت.
بوارێکی سەرەکی کە دەکرێت هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی تێدا بکات لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکاندا بریتییە لە پرسی کورد لە ناوچەکەدا، بەڵام لەبەر کێشەی نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان و ئالۆزی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا، بەکارهێنانی ئەو کارتە زۆر ئەستەم و ئاڵۆزە. چونکە بەشێک لە هێزە کوردییەکان پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی نەیاری یەکتریدا هەیە. بۆ نموونە هێزە کوردییەکانی باشوور تاوەکوو ئێستاش پشت بە هەماهەنگی ئێران و تورکیا دەبەستن، یان ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی کە لەنێوان پارتی کرێکاران و ئێران و سووریادا هەبووە. پرسی هاوکاریکردنی تورکیا کە ئەمجارەش دیسان پێدەچیت پێشنیاز کرابێت لە کاتی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، بەڵام ئەم داواکارییەی تورکیا بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، چونکە لەسەر ئاستی ناوەخۆیی دژایەتییەکی زۆر دەکرێت.
هەڵبەتە تاوەکوو ئێستا چەندین جار داوا لە هەرێمی کوردستان کراوە کە هاوکاری سەربازیی تورکیا بکات. لە ساڵی 2006 ڕاویژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (ستەیت دیپارتمێنت) دەیڤد سەتەرفیلد لە 23ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ نەیشاردەوە کە ئەوان هەوڵی زۆرتریان لە هەرێمی کوردستان دەوێت بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە، ئێمە خۆشحاڵنین بە نەبوونی هیچ کردارێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە مەبەستیان چ جۆرە کردارێکە.
هەر تایبەت بە مەترسی پەکەکە لە مانگی هەشتی 2007 سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئێراق نووری مالکی و سەرۆک ئەردۆغان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد لە ئەنقەرا کە تایبەت بوو بە دژایەتیکردنی پارتی کرێکارنی کوردستان؛ هەر لەو ماوەیەدا تورکیا چەندین جار هەوڵیداوە ئەمریکییەکانیش باوەڕپێبهێنێت کە گوشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان و ئێراق بۆ لێدانی پەکەکە لە ناوچەکەدا. تا ئەو ئاستەی دەتوانین بڵێین کە لە دوای 2003 تاوەکوو 2007 بەشێکی زۆری گرژیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تایبەت بوون بە هاوکاری نەکردنی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بە مەبەستی لێدانی پەکەکە.
لە ساڵی 2014 یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی سیتا- (SETA Foundation) کە ناوەندێکی توێژینەوەی نزیکە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا داوای لە هەرێمی کوردستان کرد کە یارمەتیی سەربازییان بدەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی #پەکەکە# لە #شنگال#، بەڵام بارزانی لە بری ئەوەی شەڕی هێزەکانی پەکەکە و پەیەدە بکات، سەردانی کردن و سوپاسیانی کرد کە هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە لە شەڕی دژی #داعش#. بۆیە تورکیا ناچار بوو کە بۆخۆی لە مانگی نیسانی 2017 بارەگاکانی پەیەدە و هێزەکانی پاراستنی شنگال بۆردوومان بکات.
لەم سۆنگەیەوە گرنگە لەوە تێبگەین کە فاکتەری سەرەکی دۆستاییەتی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبنەڕەتدا لە پرسی کورد سەرچاوە دەگرێت. بە تایبەتیش پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان. لە دوای 2003 داینامیکە سیاسییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا گۆڕانییان بەسەرداهاتووە؛ ئێستا ساڵانی نەوەدەکانی دوای ڕاپەڕین نییە کە هێزە کوردییەکانی باشوور بتوانن هاوکاری تورکیا بکەن نەک تەنیا لە دژی پارتی کرێکاران بەڵکوو لە دژی هەر هێزێکی دیکەی کوردستانی بە تایبەت هاوکاری ڕاستەوخۆی سەربازی تورکیا.
پەیوەندی لەگەڵ تورکیا سەرەڕای دەسکەوتی ئابووری و دیپلۆماسی، بەڵام باجی سیاسی دەوێت و زۆریش لەسەر هەرێمی کوردستان دەوەستێت. چونکە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەروەها بەشێکی زۆریش لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا وەک خیانەتێک لە پڕەنسیپە نەتەوەییەکان سەیردەکەن. بۆیە مەبەستی سەرەکی تورکیا لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ هاوکاریکردن و لێدانی پارتی کرێکاران بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە تایبەت لە دوایی 2003 لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاری تورکییان نەکردووە لەو بوارەدا. تاوەکوو ئێستا لە چەندین ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی تورکیا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا گلەیی هەیە لە هەرێمی کوردستان کە لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاری تورکیا نەبوون لە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) .
هەرچەندە من نازانم ئایا بەوردی لە سەردانی ئەوجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایەکی وەها لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستانیش ئێستا لەوە تێگەیشتووە کە ئەوان ناتوانن لەو بوارەوە هاوکاری تورکیا بکەن، هەڵبەتە ئێراقیش بەبێ هەرێمی کوردستان ناتوانێت هاوکاری تورکیا بکات بۆ دەرکردنی پارتی کرێکرانی کوردستان. دواتر ئەگەر وردبینانە سەیری پرسەکە بکەین هەرێمی کوردستان چ سوودێک دەبینی لە هاوکاریکردنی تورکیا بۆ لێدانی پارتی کرێکاران.
هەرێمی کوردستان گرنگە ئەو ڕاستییە بزانێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان هیچ دۆستێکی دڵسۆزی نییە کە بتوانێت لە کاتی تەنگانەدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات. تورکیا لە دوای نسکۆی ڕیفراندۆم چی نەماوە لەگەڵ بەغدا بیکات بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. بە تایبەت لە ڕێگەی وشکردنی شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە.
تورکیا چەندین جار داوای لە ئێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی بازرگانی (کە بە دەروازەی کۆراڤا یان ئۆڤاکۆی ناودەبرێت) بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراق بکات لە ڕێگەی درووستکردنی هێڵێکی وشکانی لە تەلەعفەر بۆ موسڵ و دواتریش بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق. لە ڕاستییدا ئەوەی تورکیا بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە لە بنەڕەتدا پرسی پارتی کرێکارانی کوردستانە ئەگینا تورکیا نایەوێت هیچ مامەڵەییکی فەرمی و خێرداری هەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان. [1]