$ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا خەریکە دەرەنجامی پێچەوانەیان لێدەکەوێتەوە!$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#16-09-2020#
ماوەی 37 ساڵە تورکیا بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک تەنیا لە ساڵی 2015 تاوەکوو کانوونی یەکەمی 2018، تورکیا 398 جار هێرشی ئاسمانی و 425 جاریش تۆپبارانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچانەدا دەربکرێت.
لە 15ی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا دیسان تورکیا لەژێر ناوی (چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ) زۆر بە چڕی دەستیکردەوە بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەتایبەت لە ناوچەکانی حەفتانین لە سنووری #زاخۆ#. بەپێی هەندێک لە زانیارییەکان ژمارەی ئەو بنکە سەربازی و هەواڵگرییانەی کە تورکیا تەنیا لەو ماوەیەدا زیادیکردووە بریتین لە 37 بنکەی سەربازی.
هەڵبەتە هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 1983 تورکیا ڕێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازیی لەگەڵ حکومەتی ئێراق ئەنجامدا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا دەتوانن تاوەکوو 10 کیلۆمەتر بچنە قوڵایی خاکی یەکترەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵانەی تورکیا، کەچی تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە کۆتایی بە چالاکییەکانی #پەکەکە# بهێنرێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە تاوەکوو ئێستا تورکیا چەندین جار داوای لە ئەمریکییەکان و ئێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە کە یارمەتیی سەربازیی بدەن بۆ لێدانی پارتی کرێکاران؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا نە ئێراق و نە هەرێمی کوردستانیش نەهاتوونەتە ژێرباری ئەو داواکارییەی تورکیا. تاوەکوو دواجار ئەم دۆخە گرژی پەیوەندییەکانی هەریەکە لە تورکیا و ئێراقی لێکەوتەوە. ئەوەبوو ئێراق دووجار بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای کرد لە بەغدا و نیگەرانییەکانی ئێراقی پێڕاگەیاند. تاوەکوو ئەو ئاستەی خەریکە پرسی پارتی کرێکاران و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا زیانی زۆر بە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێراق دەگەیێنێت؛ هەڵبەتە نەک تەنیا لەگەڵ ئێراق، بەڵکوو لەگەڵ نزیکترین دۆستی خۆشیان کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
لێکەوتەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پارتی کرێکاران خەریکە جۆرێک لە پشێوی و ناسەقامگیریی لێدەکەوێتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، کە دواجار لە دژی بەرژەوەندیی دۆستەکانی تورکیا کۆتایی دێت؛ لە لایەکی دیکەش دەبێتە هۆی هەڵکشانی ڕق و توڕەیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دژی تورکیا، هەروەک ئەوەی لە دەڤەری #ئامێدی# بینیمان، کە بێگومان لە چەندین شوێنی تریشدا ئەگەری ڕوودانی هەبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێگایان پێنەدا. هەڵبەتە ئەوەی تێبینیم کردبێت ئەوەیە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاوسۆزیی خەڵک زیاتربێت بەرانبەر پارتی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش دواجار زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تورکیا. واتە تورکیا ئەگەر بەشێوەیەکی کاتییش جەنگەکەی بردبێتەوە لە دژی پەکەکە، بەڵام دواجار شەڕەکەی دۆڕاندووە. ئەو ئاماژەدانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کاتێک ڕایگەیاند پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و #هەولێر#دا بگرێت ڕێک گوزارشت بوو لەو دۆخەی کە ئەو شەڕەی تورکیا دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەیکات، خەریکە دوژمنی زۆرتر بۆ تورکیا و لەبەرانبەریشدا دۆستی زیاتر بۆ پەکەکە پەیدا دەکات.
هەڵبەتە بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە باکووری کوردستانیش لێکەوتەی خراپی دەبێت لەسەر ڕوانینی کورد بۆ ئاکپارتی، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر لاوازکردنی پێگەی پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا. وەکوو دەزانین ئەردۆغان و پارتەکەی تاوەکوو کۆتا هەڵبژاردنیش دەنگی باشیان لە ناوچە کوردییەکاندا هەبووە، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە وادەکات کە نەیارانی ئەردۆغان ئەو دۆخە لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی هەریەکە لە داودئۆغڵو و عەلی باباجان بە درووستکردنی دوو پارتی سیاسیی نوێ لە پارتی داد و گەشەپێدان جیابوونەوە. بەپێی ڕوپێوییەکی مەیدانی ناوەندی توێژینەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە مەیدانییەکان کە لە 13 شاری باکووری کوردستان ئەنجامدراوە، دەردەکەوێت کە پێگەی پارتی داد و گەشەپێدان زۆر پاشەکشەی کردووە. پرسیارێکی سەرەکیی ڕووپێوییەکە ئەوە بوو ئەگەر هەڵبژاردنە گشتییەکان یەکشەممەی داهاتوو بکرێت، دەنگ بە کام پارت دەدەیت. لە سەدا 63ی بەشداربووانی ڕووپێوەکە گوتوویانە دەنگ دەدەین بە پارتی دیموکراتی گەلان (#هەدەپە#) ، واتە ئەو پارتەی کە زۆربەی سەرکردەکانیان لە زیندانن. کەچی تەنیا 9.4% گوتوویانە کە دەنگیان دەدەن بە ئاک پارتی، لەگەڵ 4.6% دەنگدەر بۆ پارتی گەلی کۆماری. ئەمە لەڕاستیدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر ئاییندەی پێگەی ئەردۆغان و پارتەکەی لەناو کوردانی باکووردا.
سەردانەکەی سەرەتای ئەو مانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا ئەگەرچی پەیوەندیی بە چەند پرسێکی دیکەشەوە هەبوو، بەڵام بەدووری نابینم بە جۆرێک لە جۆرەکان تورکیا دەرکی بەم نیگەرانییەش کردبێت. بەو واتایەی کە لێکەوتەکانی ئەو لەشکرکێشیەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان خراپ دەوەستێت لەسەر دۆستانی تورکیا. ئەمە سەرەڕای خراپیی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان و گوشارەکانی تورکیاش لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەگەری ئەوەی هەیە دواجار سەربکێشن بۆ لاوازکردنی پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر هێزە کوردییەکانی دیکەی وەکوو یەکێتی و #بزووتنەوەی گۆڕان# و نەوەی نوێ، کە دەتوانن لە ناوخۆی هەرێمدا وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر نزیکایەتیی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ تورکیا بکەن. بەردەوامیی گوشارە ناوخۆییەکان و گوشاری بەغدا و دۆخی خراپی ئابووری لەوانەیە دواجار پاڵ بە هەرێمی کوردستان بنێت کە بە هەر جۆرێک بێت لەگەڵ ئێراق ڕێکبکەوێت و پشتبکاتە تورکیا، ئەمەش مەرج نییە لە بەرژەوەندیی تورکیادا بێت. ئێمە نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ئێراق تاوەکوو ئێستاش تورکیا وەکوو مەترسی دەبینێت لەسەر ناوچە سوننی و تورکمانییەکانی ئێراق. بەتایبەت لە سەروبەندی ئەو سیاسەتە فراوانخوازیانەی کە ئێستا ئەردۆغان پەیڕەوی دەکات لە سووریا، لیبیا، قەتەر و ئێراق.
پاڵدانی هەرێمی کوردستان بە ئێراق، دەکرێت لە دوورمەودادا دەستی تورکیا کوورتتر بکات بۆ گەیشتن بە هەرێمی کوردستان. ئەمە جگە لەوەی کاریگەریشی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# و ئاکپارتی، کە پێشتر لە چەند وێستگەیەکدا پارتی هاوکاریی ئەردۆغانی کردووە لە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی باکوور؛ بەڵام ئەوجارەیان پارتی و حکومەتی هەرێمیش ناچارن بەدوای پاڵپشتیی ئەمریکا و ئێراقدا بگەڕێن، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە. نەک ئەوە، بەڵکوو دوورنییە بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییەی تورکیا و ئێران (هەندێکجار بە هاوکاریی ئێراقیش) لە دژی هەرێمی کوردستان وا لە حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بکات کە بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە بەرانبەر پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆیە گرنگە تورکیا دووجار بیربکاتەوە لە گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئەستەمە دەرەنجامی باشی هەبێت بۆ تورکیا. [1]