$پەڕڵەمان وەک بەربەست لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە ئێراقدا$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#27-12-2020#
ئەگەر چاوێک بخشێنین بە ئەدەبیاتی پەڕڵەمان و کاری پەڕڵەمانی دەتوانین چەندان نووسین و بەرهەم بدۆزینەوە کە پەڕڵەمان وەک پاڵپشتێک نابینن بۆ کاری نوێنەرایەتیکردنی خەڵک، تاوەکوو ئەو ئاستەی کە بەشێکی زۆری بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدەهەم گومانیان لەوە هەبوو کە پەڕڵەمان بتوانێت گوزارشت لە دیموکراسیی ڕاستەقینە بکات. ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە کولتوورێکی دەوڵەمەندی هەبوو لە کەموکووڕییەکانی سیستەمی پەڕڵەمانی لە کۆماری ڤایمارەوە ( 1919-1933) . بە تایبەت لە هەژموونی حیزبەکانەوە بەسەر پەڕڵەمان، قەیرانە بەردەوامەکانی حکومەت، بێهودەیی و ساویلکەیی گفتوگۆکانی پەڕڵەمان، خراپ بەکارهێنانی پارێزبەندییەکانی پەڕڵەمان، ناشارەزایی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی پەڕڵەمان لە کاری حکومەت و دەوڵەتداری، تاوەکوو دەگاتە ئامادەبوونی کەم لە گفتوگۆکاندا.
ئەم تێبینییانەی ئاماژەم پێدان بوونەتە هۆی درووستبوونی ئەدەبیاتێکی گشتگیرتر لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا، ئەویش ئەوەیە کە هەریەکە لە نوێنەرایەتی ڕێژەیی- (التمثيل النسبي) و سیستەمی لیستی حیزبی دەبنە هۆکاری تێکدانی پەیوەندیی نێوان دەنگدەران و کاندیدەکان، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی بەتاڵبوونی ئەوەی پێیدەگوترێت پرەنسیپی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، چونکە نوێنەرەکان تەنیا لە بەردەم ویژدانی خۆیاندا بەرپرسن نەک لە بەردەم خەڵک. ئەمە جگە لەوەی کە پرسە گرنگەکانی پەڕڵەمان زۆربەیان تاوەکوو لەدەرەوەی پەڕڵەمان ڕێککەوتنیان لەسەر نەکرێت لەناو پەڕڵەمان ناتوانرێت تێبپەڕێندرێن؛ نەک ئەوە بەڵکوو زۆربەی پرسە هەستیارەکان لە دانیشتنە کراوەکاندا هەر ناخرێنەڕوو، بەڵکوو لە لیژنەکاندا تاوتوێدەکرێن، بە جۆریک کە دواجار پەڕڵەمان تەنیا وەک دیکۆرێک دەبێت بۆ شەرعیەتدان بە بەرژەوەندییە سیاسی ئابوورییەکانی لایەنە سیاسییەکان. کارل شمیت- Carl Schmitt لە تێزی قەیرانی پەڕڵەمانەکان (The Crisis of Parliamentary Democracy) بە ودری باسی ئەو کێشانەی پەڕڵەمانەکان دەکات، ئەگەر خوێنەر حەزبکات ئاشنابێت بەو پرسە.
دیارە ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەزموونی کاری پەڕڵەمانییە لە ئێراقدا کە لە زۆر ڕووەوە دەکەوێتە ژێرباری ئەو ئەدەبیاتەی لەسەرەوەدا باسمکرد. ئەزموونی کاری پەڕڵەمانی لە ئێراقدا ئەگەر چی تەمەنێکی کوورتی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوای 2003، چونکە ئەوەی پێشتر هەبووە مەرجەکانی کاری نوێنەرایەتی تێدا نەبووە و زیاتر بۆ شەرعیەتدان بووە بە دەسەڵاتی بەعس. ڕاستە لە ئێراقدا ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی بەرچاو دیارن و گفتوگۆی گەرموگوڕیشی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە گوزارشت ناکات لە بەشداریی پەڕڵەمان لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێراقدا. بەشێکی زۆری ئەوەی لە پەڕڵەمانی ئێراقدا ئەنجام دەدرێت لە ڕاستیدا بریتییە لە سەفەقاتی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئێراق، ئەو سکانداڵەی لە مانگی ئابی 2016 وەزیری پێشووی بەرگری، خالید ئەلعوبەیدی لە پەڕڵەمان خستییەڕوو کە چۆن چەند لایەنێکی سیاسی و چەند ئەندام پەڕڵەمانێک داوایان لێکردووە کە ڕازیبێت لەسەر چەند گرێبەستێک و سەفقەیەک بە تایبەت لەلایەن سەرۆکی پەڕڵەمانی ئەوکات سەلیم ئەلجبوری.
پەیامی سەرەکی ئەو نووسینەی من لێرە دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە، کە پەڕڵەمان وەک دامەزراوەیەکی نوێنەرایەتی لە ئێراقدا بەشێک نەبووە لە باشکردنی ئەدای حکومەت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە خەریکە دەبێتە بەربەست لە بەردەم پێشڤەچوونی کارەکانی دەزگای جێبەجێکردن، واتا حکومەت. ئەم دۆخە هەندێک جار بە هەژموونی پەڕڵەمانی ناوی دەبرێت هەڵبەتە بە دیوە نەرێنییەکەی؛ ئەمە جگە لەوەی کە لە ئێراق پەڕڵەمان تاوەکوو ئێستا ڕۆڵێکی وای نەگێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانی باش بە تایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا. هەڵبەتە لەوانەیە خوێنەر بپرسێت ئەی خۆ پەڕڵەمان لە هەرێمی کوردستانیش بەدەست هەمان کێشەوە دەناڵێنێت! وەڵامەکەم لێرەدا نەخێرە، چونکە پەڕڵەمان لە هەرێمی کوردستاندا لاوازترە لەوەی بتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم حکومەتدا، ئەمەش پەیوەندی بە سرووشتی پڕۆسەی سیاسی هەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە جۆرێک لە هەماهەنگی هەیە لەنێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا، لە سەرێکی دیکەش، پەیوەندی بە کەمی ژمارەی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکان هەیە کە بە زۆری لە دوو تاوەکوو سێ تێپەڕ ناکات. کێشەی پەڕڵەمانی ئێراق و باڵادەستی پەڕڵەمانی لە بەهێزی بوونیادی دامەزراوەیی پەڕڵەمان نییە، بەڵکوو لە بەهێزیی هەژموونی لایەنە سیاسییەکانە بەسەر ئاڕاستەی کاری پەڕڵەمانی، هەروەها جیاوازی بەرژەوەندییەکانیان و دەستوەردانی دەرەکیش بەشێکن لە هۆکاری ئەم کێشەیە. واتا کردنی پەڕڵەمان لە دامەزراوەیەکی یاسادانان بۆ دامەزراوەیەک کە ململانێی حیزبەکان ئاڕاستەی دەکات، نەک پرسی بەرژەوەندیی گشتی و نوێنەرایەتی خەڵک. بە تایبەت لە کێشە و لەمپەڕ درووستکردن بۆ حکومەت، ئەگەر لەژێر هەژموون و بەرژەوەندیی هێزە سیاسییەکان ناکۆکەکان نەبێت، یاخود نەتوانێت بەرژەوەندیی ئەو هێزە ناکۆکانە بپارێزیت. حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی نموونەیەکی بەرچاوی ئەو کێشەیە بوو؛ چونکە پشتگیری لایەنە سیاسییەکانی نەبوو (بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکانی پێنەدەپارێزرا) پەڕڵەمانتارەکان هەر خەریکی بنکۆڵکردنی بوون تا شەقامیان لە دژ جوڵاند و دواتر ناچاریان کرد دەستلەکاربکێشێتەوە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین ئەگەر حکومەتەکەی عادل عبدولمەهدی هی سەدرییەکان بوایە، ئەوا بەو دەردە نەدەچوو.
هەڵبەتە، ئێستا ئەو دۆخەی ئاماژەم پێدا خەریکە ڕووبەڕووی حکومەتەکەی کازمیش دەبێتەوە. پەڕڵەمان تادەکرێت تەگەرە بۆ حکومەت درووست دەکات بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەو دۆخە ناهەموارەی ئێستا تێپەڕێنێت. لە کاتێکدا کە پەڕڵەمانتارەکان خۆیان دەزانن چارەسەری دیکە نییە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا ئێراقی تێکەوتووە، دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و هاتنی حکومەتێکی دیکە بەهەدەردانی کات و سامانە و هیچی دیکە.
پرسێکی دیکە کە کاریگەریی ئەو هەژموونە پەڕڵەمانییەی هێزە سیاسییە شیعییەکانی لەسەرە بریتییە لە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی ئێراق. خۆ ئەگەر بڕیار بێت هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە ئێراق ئەوا دەبێت لە پرسی بودجە و قەرز و شایستە داراییەکانی حکومەتی فیدراڵی بەشی خۆی هەبێت. حکومەتەکەی کازمی و حکومەتی هەرێمیش لە ڕاستیدا خەریکە دەگەنە میکانیزمێک بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام ئەوەی بەربەستی سەرەکییە پەڕڵەمانی ئێراق و پەڕڵەمانتارەکانن، بە جۆرێک خەریکە ئەو دەرفەتە دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی و سیاسەتی پۆپۆلیستی کە هیچ خزمەت بە ئێراق و ئاساییشی سیاسیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێوان پێکهاتەکان ناکات. پەڕڵەمانی ئێراق بەداخەوە خەریکە پرسی بودجە و کێشەسیاسییەکانی نێوان هەردوولا دەخزێنێتە نێو شەقام کە دواجار سەردەکێشێت بۆ درز درووستکردن لەنێوان شیعە و کورد لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیدا، ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندی شیعە و کورد مێژوویێکی هاوکاریی سیاسی و متمانەی لە پشتە، خودی ئێراقی دوای 2003 بەرهەمی دۆستایەتی و ڕێککەوتنی کورد و شیعە بووە.
ئەمە جگە لەوەی پەڕڵەمان وەک دەبێت دامەزراوەیەک بێت بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی نێوان گشت پێکهاتەکانی ئێراق، نەوەک درزخستنە نێوانیان. شیعەکان دەبێت لە هەموو لایەنەکانی دیکە هەستیار تر بن لەو بوارەدا، چونکە مێژووی دەوڵەتی ئێراق ئەزموونێکی زۆری بۆ پێشانداون. دواتر شیعەکان وەک خاوەنی ئێراقی دوای 2003 دەبێت لە کورد و سوننە پەرۆشتربن بۆ یەکڕیزیی نێوان پێکهاتەکان نەک هەمان ئەزموونی پێش 2003 دووبارە بکەنەوە. ئاساییش و ئارامی ئێراق تا ئاستێکی زۆر بەندە بە ڕەزامەندیی پێکهاتەکانی بە تایبەتیش هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە دابینکردنی ئاساییشی ئێراقدا. لە ڕاستیدا ئەگەر ئێراق بەردەوام بێت لەسەر پەراوێزخستنی هەرێم کوردستان و لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بە دووری نابینم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ناچاربن بەدوای پاڵپشتی هەرێمیدا بگەڕێن.
لە مێژووی ململانێی بەعس و هێزە کوردییەکان ئەوەمان بە ئاشکرا بینیووە، هەرکاتێک ئێراق گوشاری زۆری دەخستە سەر هێزە کوردییەکان، کورد پەنای دەبردە بەر وڵاتانی هەرێمی، ئێستاش ئەو دەروازەیە دانەخراوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، بەڵکوو واڵاتریشە، چەندان وڵاتی هەرێمی بەرژەوەندییان لە ئێراقدا هەیە، دەتوانن بەئاسانی لە درزی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بچنە ژوورەوە، ئەمەش بێگومان نە لە بەرژەوەندیی ئێراق دەبێت نە لە بەرژەوەندیی ئاساییشی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانیش، بەڵام یاساکانی سیاسەت پێمان دەڵێن کە دەسەڵاتە سیاسییەکان (دەوڵەتان) پەنا دەبەنەبەر هەر شتێک بۆ مانەوەی خۆیان. هیوادارم ئەوەی ئێراق و هەرێمی کوردستان بەو ڕۆژە نەگات! [1]