ناونیشان: کوردیش لەگەڵی ڕادێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #25-08-2019#
جاران لەنێو کورددا وشەی دەمڕووت جوێن بوو. بەو کەسەیان دەوت کە هێشتا سمێڵی نەهاتبێ و منداڵ بێ و ئەزموونی نەبێت. کەچی ئەم هەفتەیە ڕۆژنامەی (ئێن ئێر سێی هاندڵسبڵاد) ی هۆڵەندی بە بایەخەوە لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردبووەوە و ئەنجامگیرییەکەی ئەوەبوو کە لە هەموو جیهاندا سەردەم سەردەمی سەرکردە دەمڕووتەکانە. ئەمە بۆ کوردستانیش ڕاستە، بەڵام بە دیوێکی تایبەتدا.
سەرکردە نوێیە دڵخوازەکان کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە: زۆر گەنجن و زۆرتر کچن و ئینگلیزیش دەزانن. بیر لە نادیە موراد بکەنەوە. لەوە گەڕێ کە خۆی پێ کورد نییە، بەڵام جیهان لەجیاتی هەموو ژن و پیاو و منداڵێکی قوربانیی دەستی توندئاژۆیی ئیسلامی، نادیە دەناسێت و وەک سەرکردەیەکی ڕێزلێنراو لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕێگەی دەدرێ قسە بکات. یان بیر لە مەلالە یوسف بکەنەوە، ئەویش دیسان کچە و گەنجە و ئینگلیزی دەزانێ و لەدنیادا بووەتە نوێنەری ئەوانەی لەپێناوی چوونە قوتابخانەدا زوڵمیان لێکراوە و داوای مافی خۆیان دەکەن.
یەکێک لەو نموونانەی دیکە کە دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بە ملیۆنان کەس پێی کاریگەرن، گرێتا تونبێرگی سویدییە. ئەو کچێکە تەمەنی حەڤدە ساڵە و لە سویدەوە ڕێبەرایەتی تەڤگەرێکی جیهانی دەکات بۆ پاراستنی ژینگە. هەر لەژێر کاریگەریی ئەودا ڕۆژانی هەینی قوتابییان لە زۆر شوێنی جیهان ناڕۆنە قوتابخانە و چالاکیی ژینگەدۆستانە دەکەن.
ڕاستییەکەی ئەوەی لە دنیادا هەیە بە ڕێکەوت ڕووینەداوە و بەرهەمی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە کە بەقەولی جاران سەرکردە دەمڕووتەکان نوێنەرایەتی دەکەن. ئەو سەردەمە وادەکات کە چیدیکە بۆ دڵدانەوە و هاندان گەنج نەیەنە پێشەوە، بەڵکوو واقیعەکە ئەو هاتنەپێشەوەیەیان بچەسپێنێ. بۆیەش ئەوەی کە سەرکردەیەکی سەرسپی بڕوای بە توانای گەنج هەبێ و پشتیان بگرێ، چیدیکە لە جوامێری و باشیی سەرکردەکە نییە، بەڵکوو لە ناچاری و خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخێک کە وردەوردە جێگەی ئەوی تێدا نامێنێتەوە.
نەوەی نوێ بە تەمەن هەڵناسەنگێنرێ. چونکە چیدیکە دایک و باوک تەنانەت لە پەنجا لەسەتی پەروەردەکردنیشیاندا ڕۆڵ و دەسەڵاتی نییە و نازانێ ئەوەی لە دنیای دیجیتاڵییەوە فێری دەبێ چییە و چۆن فێری بووە. من کوڕە سێ ساڵییەکەم هەندێک دەستەواژە و دەربڕینی ئینگلیزی بەکاردەهێنێ لەگەڵمان کە هەرگیز چاوەڕوان ناکەم بیزانێ. ئەو لەئێستاشەوە ڕای هەیە لەسەر هەموو شتێک و زۆرجار تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە پێیدەڵێین و لێی چاوەڕوان دەکەین. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو سەر بە نەوەیەکە خۆی زۆرتر لە دایکوباوکی خەریکی پەروەردەی خۆیەتی و کە گەورەش بوو، مەرج نییە بڕوای بە هیچ بەهایەک هەبێ لەوانەی بۆ نەوەی ئێمە پیرۆز و نەگۆڕن.
لە کوردستان لەبەرئەوەی ئەهلی خوێندنەوە کەمن و سۆشیالمیدیاش حیزبەکان مۆنۆپۆلیان کردووە، سەرکردەی گەنجی دیجیتاڵی بە کەمی دەردەکەون. بەڵام لەبەرئەوەی گۆرانی و میوزیک مۆنۆپۆل و بەحیزبیکردنیان سەختە، بۆیە دەبینیت سەرکردە گەنجەکان لەو بوارەدا دەردەکەون. ئەوەی نەڤید زەردی لە نوێترین گۆرانییدا باسیدەکات و دەڵێ کوردیش لەگەڵی ڕادێ و شەڕە دۆڕاوەکەی مەلاکەش لە دژی ماریا هەورامی نیشانەی ئەوەن کە فیگەری گەنج و یاخی و دەمڕووت لە کوردستان دێنە پێشەوە و کوردیش لەگەڵیان ڕادێ. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 590 times
Write your comment about this item!