ناونیشان: هاتنەوەی سوپای ڕووس
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #05-10-2015#
ڕووسیا لە دەستپێکی سەدەی بیست و یەکدا وەکوو دەستپێکی سەدەی بیست بە فڕۆکە و ئاگر و ئاسن هێزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نمایشدەکات. نمایشی سەدەی ڕابردوو دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بەدوایدا ڕووخانی کۆمارەکەی بەدواداهات. لەم سەدەیەدا ڕووسیا دوای دامەزراندنی کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستان دێتەوە، بەڵام دیارنییە پشتیاندەگرێت یان پشتیان لە زەوی دەدات.
بەشداریی ڕووسیا لە شەڕی دژی #داعش# و لەدەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێکیانهێناوە ئەنجامی یارییەکەی سووریا دەگۆڕێت. ئەگەر بڕوا بە قسەکانی پوتین بکەین، ڕووسیا مانەوەی ڕژێمی ئەسەد و پشتیووانیکردن لە #یەپەگە# بە ئامانجی ستراتیژیی خۆی دەزانێت. پوتین لە قسەکانییدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسنی سوپای سووریا و یەپەگەی دا و گوتی تەنیا ئەوان شەڕی ڕاستەقینە لە دژی داعش دەکەن.
میدیای ڕووسی وەک بڵێی ڕووماڵی شەڕەکانی سوپای خۆیان بکەن، لە #حەسەکە# و شوێنەکانی دیکە وێنەی هەماهەنگیی سوپای ئەسەد و یەپەگە لە دژی داعش دەگوازنەوە. #پەکەکە# دەزانێت ئەو پشتیووانییەی ڕووسیا مەرجدارە بە پشتیووانیکردنی پەیەدە لە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد، بە بەشارەوە یان بەبێ ئەو. دەشزانێت لە باشترین حاڵەتدا ڕژێمی ئەسەد ڕەوشی کانتۆنەکان وەکوو دیفاکتۆ دەهێڵێتەوە و قەت بەفەرمی لەو فۆرمەی ئێستایدا دانی پێدانانێت. بەڵکوو دەیانکاتە فاکتەری مانەوەی هەڕەشە و درووستکردنی ناسەقامگیری لەسەر سنوورەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان. بۆیە بۆ پەکەکە دەرچوون لەو هاوبەندییە و هاتنە ڕیزی هاوبەندیی #هەولێر#واشنتن قازانجی زۆرترە بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ کانتۆنەکانی. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا سەختگیری بکات، پەکەکە تا کوێ دەتوانێت بەرگەی ئەو سەختگیرییە بگرێت و خۆی نەخزێنێتەوە باوەشی ڕووسیایەک کە جدیتر لە ئەمریکا بۆ تەفروتوناکردنی داعش لە سووریا هاتووەتە مەیدان؟
بە هەموو بارێکدا هاتنەوەی سوپای ڕووس بۆ ناوچەکە و نزیکبوونەوەی لە کوردستان بیرهێنەرەوەی بیرەوەریی شیرینی مێژوویی نییە بۆ کورد. بۆیە بەرلەوەی شکستی هاوشێوەی کۆماری کوردستان ببینین، گرنگە پەکەکە و پارتی دەست لە ناکۆکییەکانیان لەسەر ڕۆژاوای کوردستان هەڵگرن و پێکەوە هاوپەیمانێتییەکانیان لەگەڵ زلهێزان بۆ هێشتنەوەی ئەزموونی ڕۆژاڤا بەکاربهێنن. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 326 times
Write your comment about this item!