=KTML_Bold=لە ماوەی ژیانتدا زۆر کەس دەناسی و زۆریشت لێ دەڕوا=KTML_End=
هەر کەسە و جێی تایبەتی خۆی هەیە، کەسیش جێی ئەوی تر پڕ ناکاتەوە.
بە ئەرکی خۆتی دەزانی کە یادی مردوانت بە وێنەیەک، کوورتە باسێک یان بەسەرهاتیک بکەیتەوە.
یادیان زەردەخەنەیەک، هەناسەیەکی قوڵ و هەندێ جار فرمێسکێکی قوورس لەگەڵ خوێ دێنێ، لەسەر ڕوومەتت وەک بارێکی قوورس خل دەبێتەوە. بەڵام کاتێک دێتە سەر یادی خۆت، بەپەلە بەسەریا تێ دەپەڕی و خوا خواتە کەس بیری ئەو ڕۆژەی نەبێ.
گەر بکرایە، لە بوونا دەتسڕیەوە.
لەو ڕۆژەدا کەمی ژیانت و نەهامەتییەکانی خۆتت دێتەوە بیر. دەڵێی ئەوا ساڵێکی تریش لە تەمەنم ڕۆی و چیم کرد بەچی؟ —دەزانی بۆ؟
چونکە تۆ لەسەر بنەمای “ئێمە” پەروەردە کراوی. پشت گوێ کردنی ئارەزوووکانی خۆت لەپێناو ڕازی بوونی بەرانبەر لە خوێنتایە.
فێریان کردووی کە ستەمە و لوتکەی خۆپەرستییە، ئەگەر خۆتت خۆش بوێ. ئەبێ هەمیشە بۆ دەورت بسوتێی.
جا من لێرەوە لە خۆم و لە تۆش ئەپرسم:
هیچ کاتێک بیرت لەوە کردۆتەوە کە گەر بۆ یەکجاریش بێت ڕۆژی بوونت بکەیتە هەلێک بۆ بەدواداچونەوەی ژیانت؟ بۆ دانانی پیلانی ئێستا و داهاتووت؟ بۆ هاتنە دەرەوەت لەو چوارچێوە ژەنگاویەی خەڵک بۆی درووست کردوی؟
ئەمڕۆ یادی بوونتە.
ڕێگە بە خۆت بدە کە گەر بە نامەیەکیش بێت، یادت بکرێتەوە. هەست بە بوونت بکەت. خۆت بە شایانی گرنگی پێدان و ڕێزگرتن ببینە. چونکە تۆ بۆ یەکجار ئەبی و ڕۆژێکیش دێ لەبیر دەکرێی، هەر وەک نەبووبیت. ئەمانەش قسەی سەر ئیسراحەت نییە، بەڵکوو یەکێکە لە بنەماکانی گەشەپێدانی خود، بەڕێزان. [1]
#ھیبە فەیسەڵ#
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 558 times
Write your comment about this item!