کڵاو لە ئیدیۆمی کوردەوارییدا
کڵاو، شتێکی خڕیلەی گردیلەیە، لە پەڕۆ و دەزوو و کڵافە و بەن و لوا و خوری و حەسیر درووست دەکرێت، دەخرێتە سەر سەر و پێچەی لەسەر دەبەسترێت، بە گوێرەی کەلتووری گەلان بایەخی پێدراوە لە مەراسیم و بۆنە و یادەکاندا نمایش و لەسەر دەکرێت، لەکوردەوارییدا چەند ئیدیۆمێکی لەسەر هەیە وەکوو: ئەگەر کەسێک لەبارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بپارێزێت و نەیەوێت تێکەڵی کێشە و گیروگرفت بێت وتراوە: (کڵاوی خۆی گرتووە با نەیبات) چونکە لە کاتی هەڵکردنی با و زریان و ڕەشەبا و تۆفان و گەردەڵول و گێژەڵوولکە ئەگەر دەست بەکڵاوەوە نەگیرێت با دەیبات.
وتراویشە (بەدوای کڵاوی بابردوو مەکەوە) کاتێک کڵاو با بیبات زۆر دوور فڕێی دەدات و ڕەنگە بۆ جێگایەکی دوور دوور بیگوێزێتەوە و هەر نەش بینرێتەوە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بۆ کارێکی لەدەست دەرچوو و تێپەڕ بوو دەوترێت: بەدوای کڵاوی بابردوو مەکەوە، بۆ گەوجاندن و هەڵخەتاندن و فریوودانی کەسێک دەوترێت: کڵاوی لەسەرنا، بۆ کەسێکی کلاوچی و فێڵباز و ساختەچی دەوترێت: کڵاو لەسەری خەڵکی دەنێت، لەلایەکیتریشەوە وتراوە: کڵاوی بۆ دوورییە، واتا خەواندویەتی بە فرت و فێڵ لەو نێوەندەشدا چ کارێکی ویستووە کردویەتی، ئەم کڵاو بۆ دوورینە بووە بە ئیدیۆمێکی گاڵتەپێکردن چونکە لە کوردەوارییدا ئەگەر کەسێک مێوانی ماڵێک بووایە، خاوەن ماڵ و خانەخوێ شە و لەگەڵ خێزانی خۆی جووت بوایە بۆ بەیانی دەوترا: کڵاوی بۆ مێوانەکە دوورییه، کڵاو لە ڕێنوێنی و ڕێنماییدا بە شێوەی ئیدیۆم بەکارهاتووە وەکوو: خودا کڵاوی بۆ بەڕووی کردووە، واتە: خودا ئاگای لە هەمووانە و بەندەکانی خۆی خۆش دەوێت و کارئاسانیان بۆ دەکات و دەیانپارێزێت، بۆ دڵدانەوە و هێورکردنەوەی خەم و خەفتی کەسێک وتراوە: خەمێ مەخۆ تا سبەینێ هەزار سەر بێ کڵاو دەمێنێتەوە، واتە: هەندێک کەس لە ملیان دەدرێت یان دەکوژرێن یان دەمرن، ئەو ئیدیۆمەش گوزارشتە بۆ گۆڕانکاری خێرای ڕۆژگار و زەمانە.[1]
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 292 times
Write your comment about this item!