ناونیشانی بابەت: نانی ملکەچی
ئامادەکردن و نووسین: #ئەسرین عاسی شوانى#
ماوەیەکە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، دوو بەرەی جیاوازی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا درووست کردووە، بەرەیەک بە هەموو قەناعەتی خۆی، پێیوایە ئەگەر ڕوو بکەینە بەغدا و بەتەواوی خۆمانی ڕادەست بکەین و ملی بۆ کەچ کەین، کێشەی مووچەمان بۆ چارەسەر دەکات! مەخابن ئەمانە بێئاگان لە مێژووی ئێراق و ڕەفتاری دەسەڵاتەکانی ئێراق لەگەڵ کورد، ڕەنگە نەشزانن نانی سەرشۆڕی و ژێردەستەیی چەند بێتامە.
بەرەی دووەم پێیانوایە ئازادی لە نان گرنگترە و مرۆڤ بە لەتەنانێکی نێو ماڵی خۆی قەناعەت بکات زۆر باشترە لە خوانە چەورەکەی ماڵی دوژمن و داگیرکەر و نەیار. لە ڕاستیدا نان و ئازادی دوانەی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دوانە نەبێت، لێڕەوار درووست دەبێت، بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان، چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی دوژمن و داگیرکەرە، ملکەچی و سەرشۆڕیی لەگەڵدایە، ماوەیەک هەناوت دەحەسێنێتەوە و ڕەنگە ڕۆژێک و دە ڕۆژ تێرت بکات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیت کە ڕۆژێ دێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەکەت لێ وشک دەکات و وەک چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت کردیت، ئاوهاش نانەکەت لێ دەبڕێت، کورد لەمێژە گوتوێتی: گۆشتی لاڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
گەلۆ دەبێ ئەوە بزاندرێ کە دوژمن و داگیرکەر لە ئێراق، تەنیا شوناسی دەگۆڕێت، دەنا ڕەفتارەکان هەر وەک یەکن، لە شاوە دەبێتە سەرکۆمار و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان کیمیابارانت دەکات و ئەمیان مووشەکباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان مووچە و بودجەت دەبڕێت. بیرتان نەچێ، سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق، کاتێ لە دەسەڵاتدا نەبوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، دۆست و هاوسەنگەری ئێوە بوون، کەچی ئێستا کە لە دەسەڵاتدان بە چاوی دوژمن سەیرتان دەکەن.
کەواتە عەقڵی داگیرکاریی برا چاوڕەشەکانمان! هەمان عەقڵییەتی دەیان سەدەی داگیرکارییە و هەرگیز بیری پێشکەوتن و دەستهەڵگرتن لە داگیرکردن و زەوتکردنی مافی گەلانی ژێردەستە لە فەرهەنگیاندا نییە. بۆیە باشترین بژارە لە بەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەیە، ئەویش لە ڕێی وازهێنانی ناپاکان لە ناپاکی و هەنگاونان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، دەبێ هەمووان بگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی کوردایەتیی ڕاستەقینە و دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسکی حزبی بن و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان کە یەکێکیان گوزەرانی باشە بۆ هاووڵاتییان، هەنگاو بنێن، گەڕانەوە بۆ باوەشی دوژمن لەپێناو نان و مووچە، ڕێک وەک ئەو باڵندەیە وایە کە لەبن تەپکەیەکدا گەنمی بۆ ڕۆ کراوە و هێدی هێدی دەچێتە بن تەپکەکە و ئیدی ڕاوچییەکە پەتەکە ڕادەکێشیت و دەکەوێت بەسەر باڵندەکەدا و ئیتر باڵندەکە بۆ هەتاهەتایە، نەک ئازادی، ژیانیش لەدەست دەدات. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 414 times
Write your comment about this item!