ئاگری کەرە دێیان، لەشکری فەقێیان
لە ناوچەی #خۆشناوەتی# دا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (ئاگری کەرە دێیان، لەشکری فەقێیان) ، لە خۆشناوەتیدا لە گوندی (سەردۆر) ی لە پایزندا لق و چڵی داربەڕوو و مازوو دەبڕن بۆ زستانی سارد و تووش مانگەکانی (بەفرانبار و ڕێبەندان) هەڵی دەگرن، هاوشێوەی گەڵاوێژی گەنم و گیشەی جۆ، گومبەتەکی چرۆی دارە بەڕوو لەسەر یەکتری تێک هەڵدەکێشن و کەڵەکەی دەکەن و دەبێتە گومبەتێک، بە و گومبەتە چروە دەوترێت: دێ، هەندێ ناوچە لەسەر زەوی درووستی دەکەن، هەندێ ناوچەش لەناو پەلی داربەڕوو و مازووەکەدا هەڵی دەچنن، ئەوانەی مەڕوماڵاتیان زۆرە زیاتر لە سەدان دێ لە چڵ و چرۆی بەڕووی درووست دەکەن، کە زستان هات و بەفرباری، شەپۆلی واهەبووە مانگێک یان زیاتر بەهۆی بەفربارینەوە بەستەڵەک و زوقم و شەختە ناوچەکەی داپۆشیووە و بەستتوە، هیچ گژوگیا و چڵەدارێکیش بەدەرەوە نەبووە، ناچار خاوەنی (دێ) یەکان ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ سەر دێیە چروەکان، ئاژەڵەکانیش هەموو گەڵا وشک و چروە ناسکەکان لەبرسان دەخۆن، بگرە چڵەدارە گچکەکانیش دەکرۆژن، تەنیا هەندێک (چیلکە و کەرە دارۆکه) دەمێنێتەوە، ئەگەر شوانکارەکان بیانەوێت بەو کەڵەدارە بچوکانە ئاگری بکەنەوە بۆ خۆگەرم کردنەوە ئەوا ئاگرێکی باشی پێ ناکرێتەوە، تاوەکوو لە تەزی و سەرماوسۆڵە بیان پارێزێت.
لەشکری فەقێیان، فەقێ: دوای قۆناغی (سوختییە) ، بەو منداڵانە دەوترا کە خرابوونە بەرخوێندنی ئایینی لە حوجرەکاندا درێژەییان بەخوێندن دەدا، ئەو فەقێیانە هەر منداڵەی لە شار و شارەدێ و گوندێکەوە هاتبوون، ئەوە کۆی کردبوونەوە تەنیا خوێندنی ئایینی بوو، بە خۆیان لەسەر ڕاتبە کۆکردنەوە و چاویان لەدەستی خەڵکی ڕەشوڕووتی ئاواییەکان بوو کە پەڵاو ساوار و قاچە مریشک و ترشاو و لەتە نانێکیان پێ بدەن بەدرووشمی (ڕاتبە ڕەحمەتوو لێ بێ) ، ئەم منداڵانە دەست و پێ سپی بوون جگە لە خوێندن هیچ کارێکی قوورسیان پێ نەکراوبوو، ئەگەر ئەوانە ببنە سوپای لەشکرێک نە (ئابووری و نەخوێن و نە ئەزموون) کۆی ناکردنەوە، بۆیە لە خۆشناوەتیدا بە پشت بەستن بە خەسڵەتی (ئاگری کەرە دێ) و (لەشکری فەقێیان) بە نموونە هێنراونەتەوە بۆ کارێکی بابردەڵە و تڕەکەڵەک و سەرنەگرتوو وەکوو کایەی منداڵان وتراوە: ئاگری کەرە دێیان، لەشکری فەقێیان.[1]
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 47 times
Write your comment about this item!