داواکاری گشتیی شاری #مەهاباد# لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکانی مەهاباد، تۆمەتی (چەندین دۆسیە قوڵبڕی) داوەتە پاڵ #پەیمان گەڵوانی# و ڕایگەیاندووە کە گیانلەدەستدانی ئەو بەندکراوە بەهۆی (نەخۆشییەکی درێژخایەن و دژاور) بووە.
لەم پێوەندییەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئەوەی لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەو بارەوە بەردەوام دەبێت و سەرەڕای ئەوەش کە هێز و ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گەڵوانی کردووە، ئەو زانیارییانەی بەدەست گەیشتووە کە بەپێچەوانەی چەواشەکاری و پڕوپاگەندەکانی داواکاری گشتیی شاری مەهاباد، پەیمان گەڵوانی هیچ کاتێک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە نەگواستراوەتەوە و تاکوو ئەو ساتەی کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات ئاستی هۆشیاری دابەزیوە، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیەدا ڕاگیراوە. ئەمەش بەتەواوەتی بەپێچەوانەی وابێژی و چەواشەکانی (مێهراب ئەکبەرپوور) داواکاری گشتیی شاری مەهابادە.
وێنە بڵاوکراوەکان لە تەرمی پەیمان گەڵوانی بەڕوونی نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە شوێن و ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان بە شوێنە جیاجیاکانی لەشی ناوبراوەوە دیارە. شایەنی باسە کە (مێهراب ئەکبەرپوور) ، ڕاستەوخۆی دەستی لە تاوان و پێشێلکارییە بەردەوام و نامرۆڤانەکانی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هەبووە و هیچ پاساوێکیشی لەسەر ئەم بابەتە نییە.
ناوبراو پێشتریش گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری مەهابادی بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕەت کردەوە. هەنگاو لەسەر دۆسیە هاوشێوەکان و بەگشتی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران بەردەوام خوازیاری لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی پزیشکی دادوەریی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ و پزیشکانی بێسنوور بووە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کاتێک لەو بارەیەوە هاوکاریی ڕێکخراو و تیمە نێونەتەوەیییەکانی نەکردووە و ڕێگەی نەداوە لێکۆڵینەوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە سەردانی ئێران بکەن.
پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە #25-06-2023#، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە ماڵەکەی لە شاری مەهاباد بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گراستراوەتەوە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، #05-07-2023# بەهۆی ئەوەی کە لەهۆش چووە، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەیینی لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە.
لەو ماوەیەدا کە پەیمان گەڵوانی لە نەخۆشخانە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە، هێزە حکوومەتییەکان ڕێگەیان نەداوە کەسوکار و بنەماڵەکەی سەردانی بکەن، تەنیا جارێک خۆشکەکەی توانیویەتی لەژێر چاوەدێریی چڕوپڕی ئەمنییەتیدا سەردانی بکات. خۆشکی پەیمان دواتر جەختی لەوە کردەوە کە (جەستە و سەر و دەموچاوی پەیمان بەتەواوەتی شین و کەوە بوو) . هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا داواکاری گشتی مۆڵەتی ڕێپێدانی هێنانە دەرەوەی تەرمی پەیمان گەڵوانی لە ساردخانە بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە لە شێوەی مردنی گوماناویی ئەو هاووڵاتییەی واژۆ نەکردووە و ڕێگەی نەداوە بهێندرێتە دەرەوە و لەو پەیوەندییەدا پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت.
پەیمان گەلوانی دواجار ڕۆژی یەکشەممە، #09-07-2023# پاش چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانەی خومەیینی لەژێر چاودێریی پزیشیکیدا بووە و دواتر بەهۆی بێهۆشی و چوونە کۆماوە گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو ئێوارەی درەنگانی دووشەممە، #10-07-2023# لەژێر چاوەدێرییەکی چڕوپڕی ئەمنییەتی لە شاری مەهاباد ئەسپەردە کرا. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 485 times
Write your comment about this item!