چەپکێک شیعرییەت
(1)
باران بە ڕقەوە دەباری،
چەترەکەم لەپێکەنینا،
هاڕەی کرد!
(2)
ژنێک بە عەبا خۆی داپۆشی،
ڕێژنەی قسەکانی تیشک نەخۆش!
(3)
ئینجانەیەک تای لێهات،
گوڵ دەچێتەوە سەر خێڵی تابووت!
(4)
دیکتاتۆر سەرئێشە دەگرێ،
قاچی کورسییەک دەلەقێ !
(5)
چیمەنێک قاچی لوول بووە،
گۆرەوی چۆتە پرسەی ئاو!
(6)
بۆقێک کڵاوی سەوز لەسەر دەکا،
خەیاڵ پێچراوە بە بەهار!
(7)
ئاو دەپژمێ جۆگەلە پێڵاو
دەکاتە پێی ڕووبار !
(8)
هەنار نەزیفی بەربووە،
چەقۆ چۆتەخولی سەربڕین!
(9)
دەرگا یاخی بووە،
کلیل چۆتە گیرفانی (با)!
(10)
ئاوێنە درزی برد،
قریوەی کچێک،
ئاڵۆزکا بە گریان!
(11)
تاریکی قاچی چەقی،
مۆمێک کەوتە شنە شن !
(12)
شه و لە پێڵاوەکانییا،سەفەری ڕواند،
کەڵەشێر جانتاکەی
لە خه و تەکاند !
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 89 times
Write your comment about this item!