وەڵامی حەقیقی بۆ #سەید کامیل ئیمامی#
ئەوا سۆزەی بەیان دیسان پەیامی دڵبەری هێنا
نەسیمی ڕووح پەروەر عەتری عوود و عەنبەری هێنا
شنەی بای مەرحەمەت دیسان لە لای کوێستانی کانی بەن
چ خۆش بۆنی هەڵاڵە و سوێسنە و سووسەنبەری هێنا
نە زیندوو بووم نە مردوو نامەکەت ئاوی حەیاتی دام
نە قاسید بوو نە کاغەز ساقی ئاوی کەوسەری هێنا
لە وێنەی سونبول و لالە و گوڵ و گوڵ ئەتڵەسی و شەوبۆ
حەریر و ئەتڵەس و جەرسە و قەنەوز و مەخمەری هێنا
لە ڕووی نەخش و نیگاری پیرە کوێستانی تەبیعەت بوو
موهەندس چوو نموونەی ڕامسەر و بابولسەری هێنا
سزد گر زندە گردد مردە از نامت مسیح آسا
کەوا بۆ مەسکەنی سەردار نامەی سەروەری هێنا
عەزیزم شەرحی دووری تۆم شەوێکی تاکوو رۆژ نووسی
سبەینێ زوو قەڵەم ئیعلانی خەتمی دەفتەری هێنا
قیامی قامەتت بۆ ئەهلی دڵ قامی قیامەت بوو
قەتاری کۆچ و بارت بۆ موکریان مەحشەری هێنا
گڕی دڵ زۆر بە تینە وا زوو ناکووژێتەوە کامیل
حەقیقی دەستە چیلەی دڵ ئیمامی ئاگری هێنا
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]