وەڵامی حەقیقی بۆ #سەید کامیل ئیمامی#
کامیل ئەو مانگی مبارەک فەڕز و ئەمری بارییە
مانگی نوێژ و تاعەت و سەرفترە و دیندارییە
لەززەتی ڕۆژوو ئەتۆ تێفیکرە عەینی ڕەحمەتە
خواردنی ڕۆژێ ئەتۆ بڕوانە ژەهری مارییە
دەنگی قورئان خوێندن و الله اکبر دێ مودام
کەی لە مانگی دیکەدا تۆ گوێت لە دەنگی قارییە
بیست و حەوتەم حامیلی قورئانە جەبڕیلی ئەمین
حامیلی وەحیی موبین بۆ ئەحمەدی موختارییە
لەیلەتولقەدری کەوا سەف سەف مەلایک دێنە خوار
دەرکی ڕەحمەت بازە عاسی وەختی گریە و زارییە
دەرکی دۆزەخ داخرا دەرکی بەهەشت ئاواڵەیە
موژدەبێ ڕەحمەت دەبارێ باری عامی بارییە
سەیقەلی ژەنگی مسی ساڵێکە سەرفترە و زەکات
مشت و ماڵی نەفس و ماڵە سوننەتێکی جارییە
مام مەلای بێچارە چبکا، کار و بارێکی نییە
یازدە مانگان خەوتووە و ئەو مانگە وەختی کارییە
کاکە گیان ئێستا «حەقیقی» زەوقی جارانی نییە
تەبعی تۆ سەرشارە ئەمما شێعری من ئیجبارییە
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]