ناو: جەمال
نازناو: جەمال موفتی
ساڵی لەدایکبوون: 1956
ساڵی شەهیدبوون: 1981
شوێنی لەدایکبوون: #مەهاباد#
شوێنی شەهیدبوون: مەهاباد
$ژیاننامە$
یەکەم مانگی هاوینی ساڵی 1981ی زایینی بوو. لە گوندی قزڵجە کۆ ببووینەوە تاوەکوو لەسەر گەڵاڵەی شەڕێکی پێشمەرگانە لەناو شاری مەهاباد قسە بکەین.
کاک جەمال لە مێژ نەبوو گەڕابووە ناوچەی مەهاباد و ماوەیەک بوو چەکی هەڵگرتبوو. لەو ماوەیەدا بەباشی ئازایەتی خۆی نیشان دابوو و بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکاندا، هەمیشە ئامادە بوو. پێشمەرگەیەکی ئازا بوو.
من لە تەنیشت کاک جەمال دانیشتبووم و گوێمان گرتبوو بۆ کاک مینە کە سەبارەت بە (عەمەلیاتەکەی) قسەی بۆ دەکردین. هاوکات کە کاک مینە قسەی دەکرد، کاک جەمال یەکەیەکەی دەراغەکانی شیکردەوە و خاوێنی کردنەوە دەتوت پێشبیینی شەڕێکی قوورس دەکات و خۆی بۆ ئامادە دەکرد.
ڕۆژی دواتر بەرەو شاری مەهاباد بەڕێ کەوتین. تاریک ببوو کە گەیشتینە نزیک شار، لە چەند دەستەی جیاوازدا بە چەند گەڕەکی شاردا بڵاو بووینەوە. شوێنەکانمان لە پێشدا دیاری کرا بوون، شەومان ڕۆژ کردەوە و هەموومان چاوەڕوان بووین کاتژمێر ببێتە چواری دوای نیوەڕۆ و لەماڵەکان بێینە دەرێ و شەڕەکە دەست پێ بکەین.
کاتژمێر بوو بە چوار، دەرگامان کردەوە، هەر کەسە خۆی بە هەڵاتن گەیاندە ئەو سەنگەرەی پێشتر بۆی دیاری کرا بوو. لە ماوەی چەند دەقەیەکدا، هەموو ناوەڕاستی شاری مەهاباد کەوتە دەستی ئێمە و تەقە دەستی پێ کرد.
خەڵکی ناو بازاڕ و کۆڵان، هەموو لەپڕ ون بوون و شار بوو بە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی.
ئەو جاش و پاسدارەی لەناو شار بوون، لە یەکەم هەڵمەتی پێشمەرگەکاندا، یان بەدیل گیران یانیش کوژران. تازە هێزەکانی حکوومەت خۆیان ساز دەکرد کە بە هێزی زیاترەوە بێنەوە نێو شار، بەڵام زور شوێنیان لێگیرا بوو و ڕێگایەکی وایان بۆ نەمابوو. چاوم لێ بوو چوارڕییانی کارێژی میاندواویان گرت. هەر ئەو چوارڕییانە بوو کە کاک جەمالی لێبوو. دەنگی کڵاشینکۆفی پێشمەرگەکان شاری داگرتبوو و ورەی خەڵکی شاری بەرزتر و بەرزتر کردبویەوە. زۆر کەس دەهاتنە دەر و سەریان دەداین و یارمەتییان دەکردین. شەڕ تا دەهات توندتر دەبوو. ئەو شوێنەی کاک جەمالی لێ بوو زۆر لە بانکی سپەهی ئێرانی دوور نەبوو کە (مقەڕی) پاسدارانی لێ بوو. هەر بۆیە پەیتاپەیتا هێز دەهات و شەڕ قوورستر دەبوو، لایەنگرانی کۆمەڵە زووزوو دەهاتنە لای سەنگەرەکان.
لای ئێوارە، لایەنگرێک بەناوی غەفووری ئابدانە، کە دواتر بوو بە پێشمەرگە و بەداخەوە شەهید کرا، هەواڵی شەهید بوونی جەمالی پێداین. خەبەرێکی دڵتەزێن بوو و کاتێکی ناسک، بەڵام هیچ نەدەکرا. چارە هەر ئەوە بوو لەسەر کاری خۆمان بەردەوام بین، بە تاریک بوونی هەوا، هێزەکانی حکوومەت کشانەوە. ئێمەش خۆمان ئامادە دەکرد کە شار بە جێ بێلین.
دوژمن کوژراوێکی زوری لەپاش بەجێ مابوو و چەند کەسێکیشمان بەدیل گرتبوو. تەرمی جەمالیش لای خۆمان بوو. بیرمان لەوە کردەوە کە تەرمەکەی لە شار بەجێبێلین تاکوو هەر لە قەبرستانی شار بە خاک بسپێردرێ، چوونکە هەر چەند مانگ پێشتر کاک سولەیمانی بلووری هاوڕێی نزیکی شەهید جەمال لە شەڕێکی سەخت و قارەمانانە دا، لەناو شاری مەهاباد شەهید کرا و تەرمەکەیمان لەشار بەجێ هێشت و دواتر لە گۆرستانی شار بە خاک سپێردرا.
جەمال کە بەو هەموو تین و تەوژمەوە لەگەڵمان هاتبووە شار، ئێستا تەرمی ساردی بەجێ دەما. جەمالمان بەجێهێشت و بە دڵێکی پڕ لە خەم، بەرەو بنکەکانی خۆمان وەرێ کەوتیین. ڕۆژی دوای شەڕەکە، داگیرکەران، بۆ دیتنەوەی تەرمی شەهید جەمال، هاتبوونە سەر خەڵکی شار، بەڵام خەڵکی نیشتمانپەروەر، تەرمی شەهید جەمالیان بەدەستەوە نەدابوون. ئێمە لە دەرەوە کە بەو هەواڵەمان زانی، دەستەیەک پێشمەرگە هەر ئەو شەوە چوونەوە ناو شار و تەرمی جەمالیان هێناوە ئاوایی حاجی ئالیکەند.
ڕۆژی دواتر، لە قەڕاخ حەوزی مزگەوتی دێ، هەموو پێشمەرگەکان لە دەوری تەرمەکەی کۆبووینەوە هەتا دوایین ماڵاوایی لێ بکەین. شەهید جەمال هەر ئەو ڕۆژە بەرەو شاری #بۆکان# بەڕێ کرا، هەتا لەوێ بە خاک بسپێردرێ.
لە ڕێگا، تا گەیشتینە بۆکان، هەرئەو سروودانەمان دەوت کە تا چەند ڕۆژ پێشتر خۆی بۆی دەوتین.[1]