مندارى هار و هاج
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
بەتەبیعەت و سرووشتى خۆى مندار مەخلوقەکى هار و هاج و بە حەڕەکەیە، وەکى کابراى مەسرەحیە عێراقییەکەى (دوگ عینى دوگ) هەر ئەوەندە شەحن بوو، ئیدى ڕاوەستانى نییە.. لۆیە هەمیشە داک و باب موشکیلەیان لەگەر مندارەکانیان هەیە، بەتایبەتیش ئەو مندارانەى کەتنکەر و عەجوولن. یەک بەخۆم لەمنداریدا کەتنى زۆرم کردیە، لەوانەیە ئەنگۆش هەر یەکە و بەقەدەر خۆتان عەینەن ئەو کەتنانەتان کردبى، لۆیە لێرەدا هەندەکتان لۆ باس دەکەم هەر لۆ پێکەنین و حەنین دەربڕین لۆ زەمانەخۆشەکەى منداریمان.
بەردبارانکردنى دەرکەى حەوشە یەکەک بوو لە کەتنە بەردەوامەکانم، هەر کاتەکى داواى پارەم لەداکم بکردبایە و نەیدابا، هەر دەهاتمە دەرێ و بە گاشە بەرد دەرکەى مارێم دەکوتا لۆ ئیزعاجکردنى داکم و ناچارکردنى بە دەفعکردنى دە فلس و بیست فلس!. هەتا ئەو ئەخیرەش دەرکەى مارەکەمان ئاسەوارى سەتان بەردى منى پێوە دیار بوو، هەر جارەکى سەرلەنوێ دەرکەکەشمان بۆیاخ بکردبایە هێشتا جێیە قۆپاوەکەى بەردەکانى منى پێوە دیار بوو.
ئەوجا لە هەمووى خۆشتر، هەر وەختەکى کەتنەکم بکردبایە، بابم خۆى لەکەمین دەنا لۆم و دەیگرتم، ئەوجا پێى دەگۆتم: بەراستى پێم برێ چت کردیە، ئەگەر ڕاستییەکەم پێ برێى لێت نادەم. ئەمنیش هەر کاتەکى ڕاستییەکەم پێ بگۆتبایە بەشەق و پێلاقە دەکەتە سەرم و شل و کووتى دەکردم و بەقەلبى شکاوەوە دەچومە سەر جێ!. ئیدى لەو کاتەوە زانیم ڕاستگۆتن باجەکى گەورەى لەسەرە!.
دوکاندارەک لەگەڕەکەکەمان هەبوو ناوى مام عوسمان بوو، ڕۆژانە داکم ئەشیاو ئەرزاقى لاى ئەو دەکڕى و ببوە مەعمیلى، لۆیە هەر جارەکى داکم پارەى لێ ببڕایە و بابم لەمارێ نەبایە، یەک لەمندارکانى دەناردە لاى مام عوسمان درهەمەک و دوو درهەمى بەقەرد وەردەگرت. ئەمنیش ئەو دەرکەیەم لۆ کرایەوە هەر جارەکى بمویستبایە دەچوم بەناوى داکمەوە دە فلس و بیست فلسم لەکن مام عوسمان دەهێنا، هەتا ڕۆژەکى دەستم کەشف بوو، ئیدى مام عوسمان و داکم ئیتفاقەکى ستراتیجییان بەستا، کەوا هەر وەختەکى ئەمن داواى پارەم لە مام عوسمان کرد بزانى ساختەیە. لۆیە سیقەى خۆم دۆڕاند و ئەو دەرکەیەشم لێ داخرا، ئەوجا هەر جارەکى بێ پارە بوومایە دەچووم برا گچکەکەى خۆمم دەناردە لاى مام عوسمان بەناوى داکمەوە پارەم لۆ بینى، هەتا ئەخیرەن ئەویش کەشف بوو ئیدى بەموفلیسى کەتمە سەر جادە!.
بەدزى داک و بابمەوە جغارەم دەکێشا، لۆیە کاتەکى ئێواران لە چایخانەى عەبۆ یان گازینۆ لەیالى دەهاتمەوە مارێ، هەر لە ڕێگادا بنیشتەکى ئەبوو سەهمم دەجوى لۆ ئەوەى بۆنى جغارەکە لەدەوم نەمینێ، چونکى داکم هەموو جارەکى پێش ئەوەى بچمە ژوورێ لەپێش دەرکەوە بۆنى دەومى دەکرد بزانى جغارەم کێشایە یان نا!.
نیوڕانان عادەتەن شیو حازر دەکرا، ئەو وەختى وەکى ئێستا نەبوو هەموو ڕۆژەک برنج و فاسوڵیا و بامیە و قەیسى بخورێ، ئەو زەمان برنج و مەرەگە هەفتەى جارەک بوو، ئەوجا ئەو ڕۆژەى داکم پیرخەنى یان مزەورە و نیسک و داندۆکى لێنابوایە، ئەمن شێت و هار دەبووم، چونکى ئەو خواردنانەم نەدەخوارد، ئەوجا خوشکە گچکەکانم دەکەتنە مارى جیرانان و دەگەڕان لۆ ئەوەى شیوەکى خۆشم لۆ پەیدا بکەن!.
کە مانگى ڕەمەزان دادەهات، هەر بەدرۆ پارشێوان هەردەستام بەقەدەر گامێشەک نانم دەخوارد، لۆ ڕۆژەکەش ڕۆژیەکەم دەشکاند و لەپێش سینەما حەمرا و سیروان هەتا زگم دەهێشا لەفەم دەخوارد، کاتەکى نێزیک بانگى مەغریبیش دەهاتمەوە مارێ، خۆم دەهێنایە سەر مەلایێ و دەم و لێوم هیشک دەکردەوە گوایە بەرۆژیم و هیلاکم!.
ژیانى منداریمان بەو حارەوە بردە سەر، ئێستاش ئەو ناز و نیعمەتەى جارانمان نەما، خەزێنەى حکومەتەکەشمان بەتار بووە، مام عوسمانیش نەما برا گچکەمى بنێرمە لاى کارتەکى مۆبایلم بەقەرد لەکنى بینى. ئەوجا دەشرێن وراتمان شامى شەریفه!.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!