ئەقرى مندارى
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
هەر چەندە بەپێى عیلم و علومى دونیا، تەمەنى کامڵبوونى ئینسان کە پێى دەرێن (سن الرشد) لەهەژدە ساریەوەیە، بەس بە قەناعەتى من ئەگەر ئەوە لەرووى یاساییشەوە ڕاست بى، بەرانەکینى لە ژیانى واقیعدا وا نییە. تەجروبەکانى ژیان ئەقرى ئینسان بەرەو کامڵبوون دەباتن. لۆ نموونە ئینسان لەتەمەنى موراهیقیدا بە جۆرێک بیر دەکاتەوە کە دەگاتە چل ساریش بەنەوعەکى دى. لۆیە ئێستا کە بیر لەئەقرى مندارى خۆم دەکەمەوە پیکەنینم دێ، ئەوجا بەهەندەک شتتان لۆ بگێڕمەوە کە لەسەردەمى مندارى و جاحێربوونمدا دەمکرد و ئێستاش زۆر پێیان پێدەکەنم.
-کە تەمەنم گەیشتە بیست سارى مۆدیلى پانتۆڕى شارڵستۆن لە #هەولێر# پەیدا بوو. ئەو سەردەمە هەر گەنجەک پانتۆڕەکى لەبەرکردبایە دەبایە دامەنەکەى چەند سانتیمەترەک پان بایە. ئەوجا هەبوو پازدە یان بیست سانتیمى پان دەکردەوە، زۆر دەگمەن بوو ئەگەر پانتۆڕەک لە سى سانتیمەتر پانتر بایە، بەو بێ ئەقرییەى خۆمەوە دەچوومە لاى شیت خەیاتى برادەرم کە ئەو پانتۆڕەکانمى دەدوورییەوە و حوکمم لەسەر دەکرد کە شاڕڵستۆنەکەى من 45 سانتیمەتر بى!. ئەوجا وەرە لەو بێ ئەقرییە! هیچ کەس ئەو قیاسەى لەبەر نەدەکرد ئەمنیش خۆم بەشازى هەموو گەنجەکان دەزانى و دەمویست لەناو هەموویان پەنجە لۆ شاڕڵستۆنەکەى من درێژ بکەن!. باوەڕ بکەن هەر جارەکى دەچوومە چایخانەى عەبۆ دامەنى ئەو پانتۆڕەى من وەکى گێسک لەعاردى دەخشا و لەخوارى خوارەوە هەتا سەرى سەرەوەى چایخانەکەى دەماڵى!.
-هەر لەو سەردەمەدا هیوایەتم ڕەسمگرتن بوو، هیچ ستۆدیۆیەک لەو هەولێرە نەما ڕەسمەکى خۆمى تێدا نەگرم، بەتایبەتیش لەستۆدیو (نیل)ى کاک عەبدوڵڵا شێروانى دەیان ڕەسمم تێدا گرتییە، بێ ئەقرییەکەى من لەوەدابوو هەر ڕەسمەکیشم بگرتبایە دەبایە لۆم گەورەى بکەن و محەمەد خەتاتیش تەلوینى بکا و لەچارچیوەشى بگرن!. ئەوجا عادەتەن خەرکى لەمارەکانیان یەک ڕەسمى بابیان لەسەر دیوارى ژۆرەکانیان هەردەواسى، ئەمنیش کە دوو ژۆرمان هەبوو لەهەر یەکەکیان چار ڕەسمى گەورەى خۆمم تێدا هەرواسیبوو!. خوا ڕەحمى کرد ئەو دەمان پارەم نەبوو، ئەگەر نا لەوانەیە تیمسالەکى گەورەى خۆشم لەپێش دەرکەى مارەکەمان دابنایە و دەستیشم لۆ لاى #کەرکووک#ى درێژ کردبایە!. ئەوجا لەویش خۆشتر خەونم زۆر بەوەوە دەدیت ڕۆژەک لەرۆژان ڕەسمەکى خۆم بەگەورەیى لەجامخانەى ستۆدیۆیەکى هەولێردا بدیتبایە، چونکى هەر جارەکى دەچوومە لاى ستۆدیۆ فوئادى لاى مەحکەمە و ڕەسمى #تاهیر تۆفیق#م دەدیت کە پێى لەسەر پێى دانایە و بەگەورەیى لەجامخانەکەیدایە، زۆر خەمم دەخوارد و دەمگۆت یەعنى چ دەبوو ئەگەر ڕەسمەکى منیش لەوێ گەورە بکرێ و لەجامخانەکەى عەڕز بکرێ!. باوەڕ بکەن زۆر هەوڵم دەدا بەواستەش بى یەک ڕەسمى خۆم لەستۆدیۆیەکى هەولێر ببینم، ئەوەش ببووە عوقدەى ژیانم ئێستا و ئێستاش هیچ لەستۆدیۆکان ڕەسمى منیان گەورە نەکرد و لەجامخانەکەیان دانەنا.
-دیسان لەو سەردەمە شەوان گوێم لەئیزاعەى مۆسکۆ دەگرت بە زمانى عەرەبى کە پەخشەکەى زۆر بە سافى دەگەیشتە لاى خۆمان. موزیعەیەکى ئافرەتى لێبوو ناوى (ناتاشا) بوو، دەنگى زۆر خۆش بوو، هەر لەجێى خۆمەوە عاشقى ئەو موزیعەیە بووم. ڕۆژەکیان هەستام نامەیەکم لۆ نووسى و داواى ڕەسمم لێکرد. ئەوجا لە هەمووى خۆشتر ئەوەندە بێ ئەقر بووم، بە عارەبى لەسەر زەرفى نامەکەم نووسى (الاتحاد السوفیتی-إذاعة موسکو-الى ید الآنسة ناتاشا). هیچ حیسابى ئەوەشم نەکردبوو کە لە هەموو دائیرەى بەریدى ڕووسیا کەس نییە.زمانى عەرەبى بزانى و ئەو عینوانە بدۆزیتەوە. دواى چەند سارەکیش لۆم دەرکەت کە ئەو مەحبوبەى من کە ناوى ناتاشایە تەمەنى لە داکم زۆر گەورەتریشە!.
-عەینەن هەر لەو سەردەمەدا ناسیاوەکمان هەبوو ناوى فایق بوو خەرکى دوز#خورماتوو# بوون تازە هاتبوون لە هەولێر نیشتەجى ببن، کاک فایق وەستاى چاکردنەوەى ڕادیۆ و موسەجیلات بوو، ماریان لە #خانەقا# نێزیک سینەما حەمرا بوو. کاک فایق برادەرى نەوزادى برام زووزوو پێکەوە دەچووینە مارەکەیان داکى زۆر بەڕێز بوو. لەسەرەتاى حەفتایەکان ڕۆژەکیان میوانەکیان هات بەخێزانەوە. کە چوومە ئەوێ پێیان گۆتم ئەو خێزانە کوردن و خزمى خۆمانن و لەمیسر دەژین. ئەمنیش هەر لەو دەمەوە عاشقى دەنگى ئوم کەلسومى بووم، ئیدى هەموو ڕۆژەک دەچوومە لایان و باس باسى ئوم کەلسومى بوو. هەر ئەوەندەمزانى پیاوەکە گۆتى ئەمن خزمى دکتۆر حەسەن حەفناوى مێردى ئوم کەلسومم و زۆرجار دەچمە ماریان و لەگەر ئوم کەلسوم دادەنیشم. ئەقرى من ئەوەندە مندارانە بوو باوەڕم بەو قسەیەى کابرا دەکرد و ئیدى وایلێهات شەوورۆژ لێى دوور نەدەکەتمەوە و هەموو دەم باسى خزمایەتى خۆى لەگەر مێردى کەلسومى لۆم دەکرد. ئێستا کە بیرى لێ دەکەمەوە باشە دکتۆر حەسەن خەرکى شارى ئەسیۆتى میسر، ئەو برادەرەش خەرکى دووزخورماتوو، ئاخر کابرا گۆتەنى ئەتوو ئەو گوجا مەرحەبا!.
هەرچەندە ئەو سەردەمە ئەقرى منداریم خەفیفیش بوو، بەس وەڵڵاهى وەبیلاهى وەتەڵڵاهى ژیانەکەمان زۆرزۆر خۆشتر بوو لە ئێستا.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 30 times
Write your comment about this item!