لە ژێر ئاسمانی شینا،
لە پاڵ لووتکەی بەفرینا،
کوردستان گەڕام،
دۆڵاودۆڵ پێوام،
***
نە لە شار و نە لە دێ:
نەمدی کەس
وەک تۆ جوان بێ!
تۆیت و بەس
کچەکوردێک دڵ پێی شاد بێ،
وەک فریشتە و پەریزاد بێ!
***
نە باریکی، نە گۆشتن،
نە کچۆڵەی، نە شاژن،
نە زۆر چاوڕەشی
نە ئێجگار گەشی
بەڵام بە نیگای شیرین:
نەمدی کەس
وەک تۆ بەتین
تۆیت و بەس!
لێت بێ بزەی مانگەشەوی!
بەژن ڕێک و ڕەوتی کەوی!
***
لەو ڕۆژەوە تۆم دیوە
عەشقێک لە دڵ چەسپیوە!
ساتێ دوور بی لێم،
گڕ بەر ئەبێ تێم!
کە دەست لە یەخەت گیر نابێ!
لەلای کەس
دڵ ژیر نابێ،
تۆیت و بەس
پەنای هیوا و خەوبینینم،
ئاواتی گیانی شیرینم!
***
ئەوسا کە تۆم نەدیبوو،
ژینم تاڵی و ترشی بوو،
بێ شادی و ئارام،
بێ هیوا و ناکام،
ئەژیام: ژینی سەرسەری،
نەمبوو کەس
بۆ ڕابەری،
تۆیت و بەس
ڕێگای هیوا نیشاندەرم،
سەختیی ژیان ئاسانکەرم!
***
ئەی گەورە کچی زەووس!
خوشکە جوانەکەی ڤێنووس!
تۆ ئەپەرستم،
بۆیە وا مەستم!
بۆ ئایینم ئەگەڕێ
هەندێ کەس،
با جاڕ بدرێ:
تۆیت و بەس
قیبلەی ئایین و باوەڕم،
خوای بەهەشتی دڵی تەڕم!
***
وەک سەرەڕۆی شوێن ئامانج،
نە زازا ما نە کرمانج
گەڕام کوردستان،
گەرمیان و کوێستان:
نە لە شار و نە لە دێ،
نەمدی کەس
وەک تۆ جوان بێ،
تۆیت و بەس
کچە کوردێک وەک گوڵ وا بێ،
کوردستانی پێ ئاوا بێ!
سەرچاوە: #دیوانی گۆران#
هۆزانەوان: #گۆران# [1]
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 32 times
Write your comment about this item!