ئازاری 1999 - شوباتی 2001
نەوشیروان مستەفا
لە کتێبی لە نێوان مام جەلال و من دا
نەوشیروان مستەفا دەڵێ:
ئەمڕۆ مام جەلال نامەیەکی درێژی بۆ ناردم.لە نامەکەدا بە لایەکی ستایشی زۆری کردوم و دەوری منی لە یەکێتی دا بەرزکردۆتەوە، بە لایەکی تری دا هێرشێکی دووژمنانەی تووندی کردۆتە سەرم. هەموو ئەو قسەو قسەڵۆکە ناڕاستانەی چەند وەختە ناحەزەکانم لەناو باڵە ناکۆکەکانی یەکێتیدا و لەناو خەڵک دا بڵاوی ئەکەنەوە گوایە من دژی هەولێری و کەرکووکی و بادینی و یەزیدی و پێشمەرگەی کۆن و ژن و عەرەب و چی و چی...م ئەم لەم نامەیەدا هەمووی بە کوردیەکی ڕوون و ڕەوان لە دژی من تەوسیق و تەقنین کردووە. لەمێژ بوو ئەمبیستەوە و گومانم ئەکرد ئاشی بەرهەمهێنانی سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی زۆری ئەو قسە و باسانە هاوڕێکانی خۆم بن، ئەم نامەیە گومانەکەی کردم بە یەقین.
ئەم نامەیەش ئەشێ بەشێ بێ لەو جەنگە نهێنی و ژێر بەژێرە پڕووپاگەندەییەی لەدووای ڕاپەڕینەوە بە جۆرێکی سیستەماتیک لە ناو یەکێتی و لە دەرەوە دا کاری لەسەر دەکرد بۆ هەڵکەندنی من. لەپێش کۆنگرەی یەکەمەوە دەستی پێ کردبوو، لە ڕۆژانی کۆبوونەوەکانی کۆنکرەی یەکەم دا کاری بۆ کرد و دوای کۆنگرەش تا ئێستاش درێژەی ئەدا ئەم نامەیەش نمونەکەیەتی.ئەگینا کەسێک پانزە ساڵی خۆشترین قۆناغی تەمەنی بە پێشمەرگایەتی لە شاخەکانی کوردستان دا بەسەر بردبێ، لە جزیرەی سوریاوە بە پێ سنورەکانی سوریا و تورکیا و عێراق و سنورەکانی ئێران و تورکیا و عێراقی پێوابێ و پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ سەدان تێکۆشەری سەرانسەری کوردستان درووست کردبێ، ئەچێتە ئەقڵی کێوە ئەو کەسە ڕقی لە هەولێری و کەرکووکی و بادینی بێ.
لە خۆمم پرسی تۆ بڵێی ئەو هەموو ساڵە من شێت بوبم بۆیە داومەتە شاخ؟
تۆ بڵێی کەسێ دێوانەی خۆشەویستی نەتەوە و نیشتیمانەکەی نەبێ کە کەرکووک و هەولێر و بادینان بەشێکین بتوانێ بەرگەی پانزە ساڵی ژیانی پێشمەرگایەتی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بگرێ؟
تۆ بڵێی هەموو ئەو جەولە و شەڕ و شۆڕ و ناخۆشیانەی لە ناوچەکانی هەولێر کردوومە و زۆربەی هەرە زۆری پێشمەرگە و کادیرو فەرماندەکانی هەولێر و خۆشناوەتی و باڵەکایەتی کە تا ئێستاش لە نزیکترین هاوڕێکانمن ڕاست نەبێ؟
لە خۆمم پرسی:
ئایا ئەتوانم لەگەڵ کەسێک کاری جدی بکەم کە هەموو بۆچونەکانی منی لەسەر گۆڕینی شێوازی سیستەمی کاری حیزبایەتی کورت کردۆتەوە بۆ ئەو شتە شەخسیانە کە هیچی ڕاست نین؟
4ی 11 ی 2000 [1]
Lire le livre: لە نێوان مام جەلال و من دا
Télécharger Total:
2,712 fois
Nous demandons à tous les auteurs, traducteurs et éditeurs de nous informer s'ils ne sont pas d'accord pour avoir leurs livres téléchargés depuis un serveur Kurdipedia.
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 18,363
Donnez votre avis sur ce produit!