رەفیق غەفور
11-08-2013
ژان پۆڵ سارتەر ئەڵێ " وشە زۆر لەوە بە زەبرترە کە ئێمە تێیگەیشتووین "
لە ئێستادا زمان جۆرێکە لە دەسەڵات. دەسەڵاتێک کە مرۆڤێک دەرئەبڕێت. کە هەست و ویستەکانی مرۆڤێک ئەباتە دەرەوەی خۆی و لە شوێن و کاتە جیاوەزەکانا ئاستێکی بوونی پێئەبەخشێت. زمانی ئاخاوتن بەشێکە لەو دەسەڵاتەو، زمانی نووسین بەشێکی گرنگتریەتی.
لە نوسیندا، گەڕان بەدوای سیحری وشەو کاریگەریی وشەدا، دەرفەتێکی بێهاوتا بە دۆزینەوەی هەستەکانی زمان ئەدات. لێرەدا شیعر جیاواز لە بەشەکانی تری ئەدەب و، شێتانە بەدوای ئەو سیحری وشەیەدا ئەگەڕێت.
شیعر پانتاییەکی بنەڕەتی و ئەزمونگەرییە لە ئەدەبدا. ئەزمونگەریی بەو واتایەی کە لە شێوەو ناوەرۆکدا بەردەوام لە گۆڕان و جووڵەیەکی بێ ئۆقرەدایە. فۆرمەکانی شیعر وەک ئامێرەکانی موزیک، ئەکرێ جیاواز بن و ئاوازە جیاوازەکانیش بژەنن.
شیعر ئەو فەزایەیە کە تەنیا وشە کاری تیا ئەکات. لە شیعرا وشە، ڕیتم و موزیک، وێنەو خەیاڵ، واتاو وێناکردن ئەخوڵقێنێ. شیعر ئەو کێڵگەیەیە کە لق و چڵ و خونچەو گوڵی نوێ لە تۆوی وشە بەرهەم ئەهێنێ. شیعر مامەڵەکردنە لەگەڵ زمانداو هەڵوێست و پەیوەندی تاکەکەسییە لەگەڵ زمان. ڕاستە کە زمان بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە. زمان بەناچاریی لەناو خەڵکا درووست بووە و یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی گەشەکردنی مرۆڤ. بەڵام زمان هەرگیز ناچێتە ژێر ڕکێفی ئەو پێناسە باوەوە کە ئەڵی " زمان هۆکارێکە بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ". بەڵکو زمان هەمیشە بارگاوییە بە هەست، بە کولتور، بە جیهانبینی مرۆڤ وەک تاک، وەک کۆمەڵگە.
شاعیریش بە زمان، بە ووشه، نامە لەگەڵ خەڵکا ئەگۆڕێتەوە. زمان تاکە پردێکە لەنێوان خەڵک و شاعیردا. بۆیە تا مەوداکانی پردەکە فراوانتر بێت پەیوەندییەکەش فراوانتر ئەبێ؛
زمان هی خەڵکە و کاتێکیش وشەکان بەنێو کەللەی شاعیردا ڕەت ئەبن، سەر لەنوێ دائەڕێژرێنەوە و ڕیز ئەکرێنەوە و، شاعیریش لە هەست و هیوا و ویستی خۆی باریان ئەکا و بە کۆمەڵێک واتای جیاوازەوە ئەیاننێرێتەوە ناو خەڵک.
رۆڵی شیعر کاتێک ڕوونتر ئەبێتەوە کە خوێنەر لەڕێی چێژوەرگرتنەوە، مشتێک سۆز و زانین لە پانتایی واتای تاکە ووشە و وێنە شیعریەکان هەڵهێنجێ... ڕەنگە هەندێ جار کتومت ئەو واتایەش نەبێ کە شاعیر ویستوویەتی بیڵێ... ڕەنگە زۆر جاریش ئەوەی کە خوێنەر و بیستەر ئەیدۆزێتەوە گەلێک فراوانتر بێت لەو واتایەش کە شاعیر مەبەستیەتی. ئەکرێ خەیاڵیکی تر وێنا بکات، وێنەیەکی تر بخوڵقێت. نەک هەر ئەمەش، ئەکرێ خوێنەر کە وێنەیەکی شیعریی یا تاکە ووشەیەکی پێ ئەگات، کتوپڕ لەگەڵیا وێنە و واتایەکی پێچەوانەی ئەویشی لا درووست ببێ و ببنەسەرەداوی نیگەرانبوون و خۆدۆزینەوەی لەوحاڵەتەدا ؛ ئەمەش لە ڕێی واتای
بەرفراوانی تاکەوشەکانەوە دێتە دی. چونکە شیعر وەک شێوازێکی دەربڕین بریتییە لە واتاو ڕەهەندەکانی وشە. کات وشوێنیش لە شیعردا بێسنوورێکی ڕێژەیین، ئەم بێسنووری و ڕێژەییەش ناوەرۆکە شیعریەکە لەبازنەی تاکەکەس و کۆمەڵگەیەک ئەبەنە دەرەوە و ئەیکەنە پرسی سەرجەم مرۆڤایەتی لە ڕووبەرە فراوانەکەیدا.
وردزورث، شاعیری ناسراوی بەریتانی ئەڵێ: "شاعیر لەڕێی سۆز و زانینەوە، یەکگرتنێکی پتەو لەنێوان هەموو لایەنەکانی ئەم ئیمپراتوریەتە فراوانەی کۆمەڵگەی مرۆڤدا پێک ئەهێنێ" ئەمەش پەیامێکی مەزنی شیعرە، بێ سنووری و نەمریی شیعر لە بەیەک ناساندنی پرس و خەونە مرۆڤایەتییەکاندایە، لە ئاشکراکردنی واقیعێکە بە واقیعەکانی تر، لە بەستنەوەی کات و شوێنە جۆراوجۆرەکاندایە بە یەکترەوە. کە واتە شاعیر وەک بەرناردشۆ ئەڵێ"هەر هاووڵاتیی ناو سنوورەکەی خۆی نییه، بەڵکو میراتگری تەواوی سەرزەویە".
بێگومان ئاشکرایە کە هیچ زمانێک ناتوانێ بەتەنیا هەموو کێشە و خەیاڵە مرۆڤایەتییەکان بەرجەستە بکا. ئەو زمانەی شاعیرێکش پێی ئەدوێ هەرچۆنێک بێت هەڵگری واقیعە کۆمەڵایەتی و سرووشتییەکەی خۆیی و باکگراوندە کلتوری و ڕۆشنبیریەکەیەتی. ئەوەی کە سنوورکان ئەبڕێ تاکە وشەکانی شاعیر نین، بەڵکو دۆخ و و وێنە و واتا شیعرییەکەیە، ئەو ئەفسونەیە کە لە پەنای تاکەوشەکەنەوە سنوورەکان ڕەتئەکاتەوە. ئەو خەیاڵەیە کە خودی زمان تەسکە بە باڵای.
وەک نمونە ئەم دەقەی شێرکۆ بێکەس بەنەرویجی>
Røtter
Til de fugler som drepes
i flukt
selv om stjernene
skyene
vinden
eller solen
ikke kan peke ut
gjerningsmannen،
selv om horisonten
vender ryggen til،
fjell
og vann
glemmer dem،
finnes det likevel et ensomt tre
og skriver seg den skyldiges navn
På sine røtter.
من لە مێردمناڵیمەوە کە بە شێرکۆ بێکەس خۆی و شیعرەکانی ئاشنام، ئاوا ئەوم خوێندۆتەوە. من لە شێرکۆوە تەنیا وشەو واتا سادەکانی وشە فێرنەبووم و چیژیان پێ نەبەخشیوم، بەڵکو وشەکانم وەک پەنجەرەیەک بینیون کە ئەڕوانن بەسەر پانتاییەکی بەرینی خەون و تێرامانی ئاوێتە بە هەست و چێژو خەم و نیگەرانی. " سەعدی یوسف " شاعیری هەرە گەورەی عەرەب ئەڵێ: " درەوشاوە بژی، قەسیدەیەک دابێنەو تێپەڕە، زەوی فراوانترکە ". شێکۆ بێکەس وای کرد، ڕەهەندەکانی جوگرافیای وشەو زمان و خەیاڵی بەرینتر کرد. ئەو وشەکانی نەکردنە ناو فەرهەنگەوە، بەڵکو لەفەرهەنگ دەریهێنان و ئازادی کردن، تا بەردەوام لە شوێن و ساتە جیاوازەکانا بەرهەمهێنی خەیاڵ و واتاو وێناکردنی جیاوازبن. من لێرەوە سەرنج ئەدەمە لەبەرچاو ونبوونی فیزیکیی شێرکۆ بێکەس. ئەو بە تەنیا شیعرنووس نەبوو. کەسێتی شێرکۆ کەسێتیەکی شاعیرانە بوو. من نائاگا ئەوم لە تەنیاییدا بینیوە کە بەدەم خوێندنەوەی شیعری خۆیەوە گریاوە.
حەسیب قەرەداخی لە شیعرێکا ئەڵێ:
" خەڵکی ئەڵێن، گریان، فرمێسک، دیارە بۆ پیاو نەهاتووە
من تا ئێستا ئەو دروشمەم بە گیانی خۆم نەسپاردووە "
شێرکۆ بێکەس زوو بەجێیهێشتین. ئەو لێوانلێو بوو لە قسەی نەوتراو، پڕپڕ بوو لە خەونی بەدینەهاتوو. بەڵام وەک نالی ئەڵێ:
"هەرچەندە کە عومری خدرو جامی جەمت بوو،
چونکە ئەمەلت زۆرە، چ عومرێکی کەمت بوو "..
هەڵبەت مردن کێشەیەکی بنەڕەتیی مرۆڤایەتییە، بەو پێیە بوونیش کێشەیەکی بنەڕەتییەتی، ڕەنگە زۆر جار مردن بوونێکی تر بێت، هەربۆیە ئێستا شێرکۆ بێکەس لە بوونێکی تردا لەگەڵ ئێمەدایە. ئەو بەردەوام بە دەنگ و ڕەنگی جیاواز لە ناو وشەکانیدا بوونی هەیە.
کەواتە خاڵی دەستپێکردن بوونە، ژیانە، نەک مردن.
شیعریش گۆرانییەکە بۆ ژیان.. بۆ چرکەیەک لە چرکەکانی بوون.. تەنانەت لەوپەڕی نائومێدیشدا هەر بەژیانەوە بەستراوە و گۆرانیی ساتە هەرە تاریکەکانی بوونە. بەوپێیەش کە مرۆڤ لەسەرێکەوە دەرەنجامی مێژوەکەی خۆیەتی، ئەوا شیعر حاڵەتێکە لە حاڵەتەکانی ئەو دەرئەنجامە بەردەوام و بگۆڕە، یەکێکە لەو حاڵەتانەی ماهیەتی مرۆڤی تیا دەرئەکەوێ، بەڵام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەیەکێک لە حاڵەتەکانی- کات- دا دەرئەکەوێ کە – ئێستایە- واتا(چۆن هەین؟). بەشێوەیەکی شاراوەش هەردوو حاڵەتەکەی تری (کات)ی لە خۆ گرتووه، (چۆن هەبووین؟)، (چۆن هەبین)؛ چونکە شیعر بەرجەستەکردنی خەیاڵێکی هەڵچووی ئەوساتەی بوونی شاعیرەکەیە، بوونێک کە کۆمەڵ- مرۆڤایەتی- بەناچاریی(/necessity nødvendighet) بەسەریا سەپاندووە، بەرەو بوونێکی داهاتوو کە لە تێکشکانی ئەوناچارییەدا خۆی ئەبینێتەوە، ئەلێرەشەوە جارێکی تر پرسی بەرکەوتنی شاعیر بە دەرەوەی خۆی دێتەوە گۆڕێ، چونکە چۆنیەتی تێکشاندنی ناچارییەکە پەیوەستە بە دەرەوەی خودی شاعیرەکە "وەک بوونەوەرێکی کۆمەلایەتی". واتا بە تێگەیشتنی ئەو لەهۆکارەکانی ناچارییەکە و دەرئەنجامی تێکشکاندنەکەی. مرۆڤەکان ڕۆژانە بەر دەرەوەی خۆیان ئەکەون. ئەم بەریەککەوتنەش جارێکی تر دەنگدانەوەیەکی ناوەکی لە مرۆڤدا ئەخوڵقێنێ و، لەناوەوەی خوددا بەریەککەوتنێکی تر بەهەرم ئەهێنێ. شەڕێکی ناوەکی لە مرۆڤدا بەرپائەکات... بەڵی...نەخێڕ، ئەبێ... نابێ... وا ئەکەم...واناکەم و... هتد. ئەم شەڕە ناوخۆیی و پڕ نیگەرانیە دواجار بە هەڵبژاردنێک ئارامتر ئەبێتەوەو، هەر هەمان هەڵبژاردنیش ئەبێتە سەرچاوەی نیگەرانیەکی تر.
من وەک نمونەیەک بۆ ئەو بەریەککەوتنەی شاعیر لەگەڵ دەرەوەی خۆی، ئەم دەقەی شێرکۆ بێکەسم هەڵبژاردووە:
بەژنی خوێن بەرزترە یان بەژنی شیعر ؟!
دەنگی خوێن گەرمترە یان دەنگی شیعر ؟!
کێ گەورەیە ؟! ئەوەی مەرگی خۆی ئەخاتە
جامانەوەو گرێی ئەداو ئەیداتە دەست
گوڵ و بەفر ؟! یاخود ئەوەی شیعر ئەنووسێ و
وەکو دیاری چەپک چەپک ئەیداتە دەست
گوڵ و بەفر ؟!
گەر ناوێری سەرکەویتە سەر سێدارەو
یەخەی مردن ڕاوەشێنی. خۆ ئەتوانی
شیعرت بکەی بە پێپیلکە بۆ بەیانی.
گەر ئەترسی تۆ بڕۆیت و بەفرو کڕێوەی سەر قەندیل
رۆژێ ڕەقت بکاتەوە.. خۆ ئەتوانی
هەر لێرەوە شیعرت بکەی بە چیاو شاخی گۆرانی.
لەم وەرزەدا تۆ چی ئەکەی ؟!
کە شەڕ شەڕی دەستەویەخەی.. عەشق و تەورە.
کە شەڕ شەڕی دەستەویەخەی.. خاچەکەت و یەهودایە.
کە شەڕ شەڕی دەستەویەخەی.. شمشێرو بەردی چیایە.
من وەکو گوڵێکی کێویلە ئەچمە پاڵ ڕەوەزو
شیعری خۆم ئەنێرمە ئەو کەژەو
لایەنی بەرد ئەگرم !
من وەکو ڕێحانە ئەچمە لای ئەو وەردەو
شیعری خۆم ئەنێرمە ئەو دەشتەو
لایەنی ئاو ئەگرم !
من وەکو باڵندە ئەچمە لای ئەو کەلەو
شیعری خۆم ئەنێرمە ئاسمان و
لایەنی ئاسۆگەو
فڕینی بەرز ئەگرم.