لە بەرواری 23ی نۆڤەمبەری 2015 تاوەکو ئێستا بۆ چەندین جار گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی به بیانووی بۆردومانی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر پێگەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقییەوە ڕاگیراون.
ئێمە پشتگیریی هەموو ئۆپەراسیۆنێک دەکەین کە دژی تیرۆرستانی داعش ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمە نابێ ببێتە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی. دیارە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەبێ ڕاوێژ لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال، سەرەڕای دروستکردنی کێشە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و گەشتیاران، زیانی ماددیی گەورەی هەیە بۆ هەردوو فرۆکەخانەکە و کەرتی ئابووری و بازرگانی لە هەرێم بە گشتی.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەم جۆرە کردارانە و بە فەرمی داوا لە حکوومەتی ڕووسیای فیدراڵ دەکات هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها بۆ ئاراستەکردنی مووشەکەکانی بە زووترین کات کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی دیکە بکات لە بری بەکارهێنانی ئاسمانی هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا بەهۆی جەنگ دژی تیرۆرستانی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی بووە، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان قەیرانێکی دیکە بۆ هەرێم دروست دەکات و ئەگەری قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیش لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی عیراقەوە ئەستەمە.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
09-12-2015
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 5,556
Donnez votre avis sur ce produit!