مەلا بەختیار، کە ئێستا سەرپەرشتی کۆبونەوەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، بۆ یەکەمجار لەدوای بۆشایی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆتایی خولی سەرۆکایەتی، بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ناوبرد.
مەلا بەختیار وتی” مرونەت لە باشورەوە لە دەسەڵاتی باشورەوە لە پەرلەمان و حکومەتی باشورەوە لە سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ بەشەکانی تری کوردستان مەسئولیەتە ئێستا”.
مەلا بەختیار کە لیژنەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی لە ئەکادیمیایی بیروهۆشیاری دروستکرد، دواجار پرۆژەی لیژنەکەی لەدەستەی کارگێڕ پەسەندکرد، هەر خۆی دای بە فراکسیۆنی سەوزو ئەوانیش پێشکەشی پەرلەمانیان کرد، بیری چوە کە لەپرۆژەکەیدا، نوسیویەتی مەرجی سەرۆکی هەرێم ئەوەیە کە نابێ هاوکاری ڕژێمی بەعسی کردبێ!؟ بیری چوە نوسیویەتی دەبێ لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ!؟ بیری چوە نوسیویەتی دەبێ شەهادەی هەبێت!؟
ئەی ئەگەر ئەمانەت بۆ مەسعود نەنوسیوە، بۆ کێت نوسیوتە؟؟ ئەی خێرە بە هەڕەشەیەک وەک هەڕەشەکەی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلەو بەزمی هاتنی حەشدی شەعبی، سەدو هەشتا دەرەجە با ئەدەیتەوە، ئەو سەرۆکە پیرۆزی خۆت و کاری گێڕت بێت.
ئەو نزاو دەستە نەزرو لاڵانەوەیەت بۆکێیە کە دەڵێیت” ئازار دراویت، ئەزانم، ڕەخنەت لێگیراوە، ئەزانم، کێشەی گەورە دروستکراوە، ئەزانم، ئەو شەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکا و پێنج حیزب دانیشتوین سەرۆکی پەرلەمان بەقسەی نەکردوین، ئەوە ئەنجامەکەی، یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی ئەوە ئەنجامەکەیەتی کە هەیە، وە هەمو فراکسیۆنەکان هەڵەیان کرد بە فراکسیۆنەکەی یەکێتیشەوە، فەرمو ئەڵێن پەرلەمان ئەتوانێت بەبێ حیزبەکان قەرار بدات، بڕۆ قەرار بدە، ئاوای بەسەردێت”.
بەڵێ ئازارمانداوە، بەڵێ ڕەخنەمان گرتوە، بەڵام شتی شەخسی و کۆنەقین نەبوە، ئەوە ڕای پێنج فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانین و مەسەلەی هەق و عەدالەت و جێبەجێکردنی یاساو بنەماکانی دیموکراسییە، تۆ بەدەلەسەو فیشاڵ ساڵانێکە بانگەشەی بۆ دەکەیت و دوای منداڵی وەرەسەی سەرۆکەکەکەت دەکەویت.
داوای چارەسەری کێشە لەبارزانی دەکەیت ؟
مەلا بەختیار وتی” سەرۆکایەتیت دەوێت، دەی فەرمو سەرۆکبە و موشکیلە حەل بکە، بۆ حەل ناکەیت، موشکیلەی باشور حەلکە، ئەتوانی حەلی کەیت”.
چارەسەری ئەو کێشەیە یاساو هەموارکردنەوەی یاساو جێبەجێکردنی یاساو گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە، وەک فراکسیۆنی یەکێتی و ڕۆشنبیرەکانی ناو یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکەن، نەک تۆ کە وەک ئەوە وایە داوا لە میوانە سۆشیال عەشایەرەکانی دیوەخانەکەت بکەیت.
دواجار سەرۆکە ناشەرعیەکەت بێبەری دەکەیت لە تاوانی پەکخستنی پەرلەمان و دامودەزگا شەرعییەکان و هەمو ئەو نەهامەتیانەی یانزە ساڵە بەسەر هەرێمەکەماندا هێناویەتی و دەڵێیت” لێرە دانیشتوە ئەڵێ خۆ ئێمە قازنین بەقسەی حیزبەکانمان بکەین، ئەی جەنابت کێ هێنایتی بۆ پەرلەمان، دەی بۆ خوت هەڵنابژێریت بەتاقی تەنها و دەرچیت، ئەگەر قازنیت، بۆ ناچیتەدەرەوە ئەم حیزبە ئیشی خۆت بکەی؟”
ئەمە قسە زۆر هەڵدەگرێت هەمو ئەوانەی لە یەکێتیدا کاری سیاسییان کردوە دەزانن کە ئەوە قسەی مام جەلالە کە لەدەیان کۆبونەوەدا بە کادرو پەرلەمانتارانی وتوە” ئێوە قازنین ئێمە هەرچیمانوت بەدواماندا بیڵێنەوە”، بەڵام تۆ دەتەوێت بەبەردێک هەردو نیشانەکە بشکێنیت، هەم بە ئەندام پەرلەمانەکان بڵێیت ئێوە قازی بارزانین و خۆشت بە شوانی قازەکان بچوێنیت، هەم تەعنی مەبدەئێکی مام جەلال بکەیت، کە تەعریفی تۆی لە زۆر مناسەبەدا کردوەو تازەترینیان ئەوەیە کە ڕۆژنامەکەی مەسرور بارزانی بۆی بڵاوکردیتەوە کە لە نامەیەکدا دەڵێت” مەلا بەختیاری لەخۆبایی و قول گیراو”…
مایەی سەرسوڕمانە دوای ئەو هەمو ساڵە جارێکی تر قولت ئەگیرێتەوە، بەڵام ئەمجارە لای مام جەلال و یەکێتی نا، لەلایەن پارتی و پاراستنی پارتییەوە.
دواجار دەڵێی پەرلەمان بەقسەمان نەکات ئاوای لێدێت” هاتوین ئەڵێین هەفتەیەک مەجالمان بدەنێ، موشکیلەکانت حەلکەین، نەتکرد، ئەوە لە گیرێژنە دەرچو، بڕۆ قەرار بدە ئاوات بەسەردێت”..
وەک ئەوەی هەڕەشەی نافرسەتی کارەساتەکانی گوندی کانی سوری دەشتی کۆیەو کانی ژەنانی هەورامان و بزەینانی شارباژێڕو شێخ باخی دۆڵی جافایەتی دوبارەبکەیتەوە. ئۆخژنت بە پەکخستنی پەرلەمان دێ و خۆت بەسەر میکرۆفۆنەوە بائەدەی، دروست وەک سیاسییەکی موراهیق کە تەعریفی ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندی حزبەکەی خۆتە بۆ تۆ.
تائێرە لێدوانی خۆی و هاوڕێکانی خۆی بو، ئەوەی کە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە بێژینە ئەو، ئەگەر بۆ یەکجارو یەک دەقیقەی تر لەژێر نسێی یەکێتی قوڕباقە ئاسا لە گۆمی لیخنی ناخی خۆتەوە مل دەربهێنێ و بەقیڕەی ناوەخت ئارامی سلێمانیمان لێتێکبدەی، وەک خۆت بێدەنگ دەکرێی.
خۆ ئەگەر لە لۆقەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆت و بارزانی سەرۆکتا، یەک تۆسقاڵە بەردی ژێر سمی دەست و ناڵی ژێر پێت بەر بزوتنەوەی گۆڕان بکەوێت، قسەی ترمان دەبێت.
30-10-2016