بەڕێوەبەرایەتی بەگری شارستانی #هەولێر# ئاشکرای کرد، لەحەوت مانگی ڕابردوودا، 18 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە گیانیان لەدەست داوە.
رۆژی سێشەمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر سەرجەم ئامارەکانی پێوەندیدار بە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاشکرا کرد و داواشیان لە هاووڵاتیان کرد لە کاتی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هاوکارییان بکەن.
رائیدی مافپەروەر #بێستون فەرهاد# بەڕێوەبەری هونەری لەبەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لەکۆنگرەکەدا ئەوەی خستەڕوو کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی تەمووز هەزار و 292 ڕووداوی جیاوازی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و بە گشتی 18 کەس مردوون و 26 کەسی تریش بریندار بوون.
ئەو داوای لە هاوڵاتیان کرد، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا هاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکەن بۆئەوەی لە زووترین کاتدا ئۆتۆمبیلەکانی ئاگرکوژێنەوە بتوانن بە شوێنی مەبەست بگەن و خێرا کنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و خەڵک ڕزگار بکەن.
ئەو گوتیشی هەر لە ساڵی 2017دا بە هۆی ئاگرکەوتنەوە 14 ئۆتۆمبێل سووتاون لە کاتێکدا ئامارەکە لە ساڵی 2016دا 16 ئۆتۆمبێل بووە و بەو پێیەش پێشبینی دەکرێت حاڵەتەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل ڕووی لە بەرزبوونەوە کردبێت.
ئەو بەرپرسە داوای لەشوفێران کرد بەردەوام ئۆتۆمبێلەکانیان بپشکنن و ئاگرکوژێنەوەی گونجاو لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان دابنێن. هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە کۆنگرەکەدا خرایەڕوو لەسەرەتای ئەمساڵەوە 20 کەس خنکاوە.
یەکێک لەو هۆکارانەی زۆر جار سووتاندنی ئۆتۆمبێلی لێکەوتووەتەوە سووتانی فیولپەمپ و دواجار گڕگرتنی تانکەری بەنزین بووە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە کوالێتی بەنزین خراپ بووە چەندین ئۆتۆمبێل بەو هۆیەوە سووتاون. هەر ماوەی ڕابردوو لەسەر شەقامی 100 مەتری هەولێر ئۆتۆمبێلێک گڕی گرت.
پێویستە بگوترێت بەشێک لە شوفێران ڕەچاوی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و توندوتۆڵی ناکەن و لە نیو ئۆتۆمبێلەکەیان ئامێری ئاگرکوژێنەوە هەڵناگرن.[1]
ماڵپەڕی هەولێر: 09-08-2017