بۆرای گشتی
هەروەک ئاشکرایە ڕۆژی 24ی ئاداری 2018 ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، کە لەمامۆستایان و فەرمانبەران و تەندروستیکاران و خانەنشینان پێکدێت، ڕاگەیەندراو هاوشانی مامۆستایاتی ناڕازی بەمڕۆشەوە گردبوونەوەو ناڕەزایەتی مەدەنییانەی فراوانیان لەشاری هەولێر لەپارکی شانەدەرو چەند شوێنێکی دیکە بەبەشداری ئاپۆرایەکی فراوانی مووچەخۆرانی قووتبڕاو بەڕێوەبردو سەرەڕای فشاری هێزەکانی ئاسایش و ڕەشبگیری مامۆستاو فەرمانبەران و تەندروستیکاران و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران، جۆش و خرۆشی هاتنەمەیدانی خەباتی مەدەنی و پیشەیی بۆداواکردنی مافەکانیان گەرمتر دەبوو. بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین هەرچەندە خواستی ئەنجومەنەکەمان هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ستەمی پاشەکەوتی نایاسایی مووچە بوو، بەڵام ڕاگەیاندنی ئەمڕۆی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، تارادەیەک هەندێک لەباری سەختی گوزەرانی خەڵک سووک دەکات، بۆیە ڕایدەگەیەنین:
1- دەبێت ئەو سیستەمە بڕیاردراوەی مووچە، لەو مانگەدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
2- هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا مووچە بدرێت و دوو مانگ جارێک مووچە ماڵئاوایی بکات.
3- وەک سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بەڵێنیان دا، لەگەڵ باشبوونی داهات و ئەو چاکسازییەی پەرلەمان لەمووچەدا بڕیاری لەسەر دەدات، ئەو پاشەکەوتەی ماویشە نایهێڵن، ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەش دەکەین.
4- قەرزی مووچەخۆران لای حکومەت بکرێتە چەکی بانقی و بەزووترین کات یاسای خانەنشینی، بەگۆڕاکارییەکانییەوە، لەبەرژەوەندی مووچەخۆران جێبەجێبکرێت.
5- داوا لەدەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر دەکەین، هەرچی گیراوێکی گردبوونەوەکانی چوار ڕۆژی ڕابردووە، دەست بەجێ ئازاد بکات، بەڵگەو زانیاری وردمان لایە، تا ئێستا چەندین کەس لەزیندان دان، بەپێچەوانەوە، پەنا دەبەینە بەر ڕێکاری یاسایی و ناوی گیراوانیش دەدەینە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگای میدیایی و کونسڵخانەو لایەنە نێودەوڵەتییەکان.
6- دژ بەهەموو جۆرە ڕێکارێکی سزادان دەوەستینەوە، کەبەرامبەر مامۆستایان و کارمەندان لەدامودەزگاکانی حکومەت ئەنجامبدرێت، کەبەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، یان بایکۆتی دەوامیان کردووە.
7- دەستخۆشی لەهێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان دەکەین، کە پارێزگاریان لەگردبوونەوەکان کردو سەرکۆنەی ئەو ڕەفتارە نزم و قێزەونانەش دەکەین کە کەسانێکی زۆر بەجلی مەدەنی هۆڤیانە مامۆستاو فەرمانبەرو تەندروستیکارو ڕۆژنامەنووسیان دەگرت و پەلاماریان دەدان و بەئۆتۆمبێلی نادیار دەیانبردن و ڕێگریشیان لەهەموو ڕووماڵێکی کاری دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەکرد.
8- ئەنجومەن لەو قۆناغەدا گردبوونەوەو ناڕەزایەتییەکانی ڕادەگرێت، بەڵام لەداهاتوودا لەژێر ناوو ئامانجی دیکەدا لەچالاکییە مەدەنی و دیموکراسییەکانی بەشێوازی خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبێت.
سڵاوو ڕێز بۆتەواوی مامۆستاو فەرمانبەرو تەندروستیکارو خانەنشینان و پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان کەبوێرانە داکۆکییان لەماف و خواستە پیشەییەکانیان کردو پاڵپشتی ئەو فشارو ناڕەزایەتییە شارستانیانە بوون، بەڵێ بۆدادو ژیانێکی ئینسانییانەی شکۆمەند.
ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە
#28-03-2018#