لە مەڕ ئەنجامی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 14/5/2018، سەبارەت بە هەڵبژاردنی 12/5/2018 فەزایەکی سیاسیی گرژ لە باشووری کوردستان سەری هەڵدا.
#کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان#. ک ن ک، لە سەرەتادا بڕیاری ئەوەیدا کە بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی عێراق لە باشووری کوردستان بێلایەن بووەستێت. لەبەرئەوەی باشووری کوردستان کیانێکی سیاسیی خۆبەڕێوەبەریی هەیە. داواکاریی و ئومێدی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوە بوو کە هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان خاوێن و بێگەرد و بێ کێشە بە ئەنجام بگات و هەروەها لایەنەکان هەمووی هەوڵ بدەن بەرامبەر حکومەتی عێراق و ئەوانەی کە بە جۆرێک دژایەتیی مافی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستان دەکەن، یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن.
پاش ڕاگەیاندنی ئاماری سەرئەنجامەکان شەش (6) ڕێکخراوەی سیاسیی باشووری کوردستان (بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی و حیزبی شیوعیی کوردستان) لە 17/5/2018 دا لە ئێستادا لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان داوە و سەرئەنجامەکان بە دروست نازانن. هەروەها نوێنەرانی ئەو شەش (6) لایەنە لە هەولێریش کۆبونەتەوە وهەمان پەیامیان ڕاگەیاندووە. لە سەر ئاستی باشوور بەگشتی دۆخێک لە بێدەنگیی بەرامبەر بەو داواکاریانە هەیە کە جێگای نیگەرانییە.
هاووڵاتیانی باشوور بە تایبەتیی و کوردستان بە گشتیی دەزانن کە پاش 16/10/2017 دۆخێک لە ناسەقامگیریی، ناتەبایی، گرژیی و بێ بریاریی لە باشووردا دەگوزەرێ. هیوایەک هەبوو کە بەشداریکردنی هێزەکانی باشوور لەم هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەی عێراقدا، بە شێوەیەک کوردستانیان لە یەک نێزیک بکاتەوە و لە ڕێگای یەک هەڵوێستیی و یەک دەنگیی و پلانێکی هاوبەشدا هەوڵ بدەن قەرەبووی ئەو زیانانەی پێشوو بدەنەوە. بە داخەوە تا ئەمڕۆیش قەیرانەکانی باشوور ئاڵۆزترو قووڵتربوون.
بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، داوا لە هەموو لایەنەکانی باشوور دەکات کە بە گیانێکی لێبووردەیی و ئاییندەبینیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بەرفراوان لەگەڵ یەک بکەونە دیالۆگێکی دیموکراتیک و شەفاف و چارەسەرئامێزەوە.
لەو پێوەندیەدا هەر جۆرە چارەسەریەک، هەر لە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانەوە لەو شوێنانەی جێگای گومانن، تا نیشاندانی بەڵگە بۆ دروستیی هەژماردنی دەنگەکان و ڕێککەوتنی دادپەروەریانە کە بە قازانجی خەڵک و کوردستان بێت نەک تاکەکەس و ویستیی حیزبی لەبەر چاو بگیرێت.
ئێستا ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیر کردووە لە قەیرانی گەورە و گراندان. ئەوانە هەوڵ دەدەن خەڵکی کوردستانیش لە خەباتی نیشتیمانپەروەری و دیموکراتیکی خۆیان دوور بخەنەوە و بیانخەنە نێو قەیرانەکانی خۆیان. لەبەرئەوە وەڵامی دروست بە پیلانی داگیرکەریی تەنیا ڕێزگرتنە لە یەکیەتیی نەتەوەیی و لە پلورالیزمی سیاسیی و لە سەرئەنجامەکانی پرۆسەی دیموکراتیک. ئێمە دەبێت لە باشوور بتوانین ڕەگوڕیشە و سنووری حیزبایەتیی بەرتەسک و ناوچەگەریی تێپەڕێنین تاوەکو باشوور بکەین بە قەڵایەکی پتەو و بەهێزی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانیی دژ بە داگیرکەران. بە تایبەتیی کە ئێستا گڵۆڵەیان کەوتووەتە لێژیی. هونەری شۆڕشگێڕانە و دیموکراتخوازانە ئەوەیە کە نەکەونە نێو ئەجێندای داگیرکەران.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و گروپ ولایەنێکی سیاسیی و گشت ڕێکخراوەی مەدەنیی و ڕۆشنبیریی، نەک هەر لە باشوور، بەڵکو لە تەواوی کوردستانی گەورە دەکات، کە خۆ لە زمانی ناسیاسیی زبر وزامدارکەر لە زمانی توندوتیژیی و بەتایبەتیی لە کار و کردەوەی توندوتیژیی بە دوور بگرن. بە پێچەوانەوە ئەم دۆخە دژوارەی ئێستا بکەن بە تاقیکردنەوەیەک بۆ نیشاندانی دڵپاکیی، سەرڕاستیی و بە ئەمەک بوون بۆ خوێنی بەخشراوی نەتەوەکەمان و ئاییندەی کوردستان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە وزۆر بە گرنگیشی دەزانێ کە پەیامی باشوور بۆ هاووڵاتیانی عێراق و بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە هەن پەیامی ئاشتیی و برایەتیی و ڕێزگرتن لە مافی بڕیاردانی گەلان لە سەر چارەنووسی خۆیان بێت. پەیامی نەهێشتنی جۆرەکانی گەندەڵیی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ وسەرەوەریەکانی تاکەکەس بێت. لە ماوەی سێ دوای (3) هەفتەی داهاتوو، باکووری کوردستان و تورکیاش لەبەردەمیی هەڵبژاردنێکدان. باکووری کوردستان لە ژیر فشاری گەورە و گرانی حوکمی نیزامیی و تۆتالیتاریزمی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەیدایە. بردنەوەی گرەوی نیشتیمانیانەی باشوور وەڵامی دروست بە سەرانی نادادپەروەری تورکیا دەبێت.
لە جەرگەی ئەم قەیرانانەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا زۆر گرینگە ئێمە پێکەوە کوردستان بکەینە مێرگی ئارامیی و سەقامگیریی و ئازادیخوازیی. ئەو کارە بە ئیرادەیەکی سیاسیی دەتوانێت بەرقەرار بێت، کە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی لە بەر چاو دەگرێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک
#18-05-2018#