ئەشواق حەجی کچە کوردێکی ئێزدییە، کە هاوشێوەی سەدان کچی کوردی دیکەی ئێزدی لە 3ی ئابی 2014دا کەوتە دەستی #داعش#.
ئەشواقی تەمەن 19 ساڵ بە 100 دۆلار دەفرۆشرێتە چەکدارێکی داعش بەناوی ئەبو هومام، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2014دا توانی هەڵبێت و بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
پڕۆگرامێکی حکومەتی ئەڵمانیا یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی لە ساڵی 2015دا ئەشواق و دایکی و برایەکی بچووکی لە شارۆچکەیەکی نزیک شتوتگارت لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بن.
ئەم کچە کوردە ئێزدییە چاوی لەوەبوو ژیانێکی نوێ لەو وڵاتە ئەوروپیە دەست پێ بکات، بەڵام لەوێش ئەبو هومام دەرکەوت و زانیاری تەواویشی دەربارەی ژیانی ئەشواق لە ئەڵمانیا هەبوو.
ئەشواق حەجی، کچە کوردی ئێزدی لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەبو هومام گوتی: ئەو (ئەبو حومام) دەستیکرد بە عەرەبی قسەکردن و پێیگوتم (درۆ مەکە، زۆر باش دەزانم کە تۆ ئەشواقی). هەڵوێستی خۆم نەگۆڕی و گوتم نە بە عەرەبی دەتوانم قسە بکەم و نە بە کوردی و تەنیا ئەڵمانی دەزانم. ئەو گوتی دەزانم کە لە ساڵی 2015ەوە لەگەڵ براکەت و دایکت لە ئەڵمانیا دەژیت. ئەو ئەدرێسی من و تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی دەزانیم.
بینینی ئەو کەسەی بۆ ماوەیەک ئازاری دابوو بۆ ئەشواق زۆر زەحمەت بوو و هەربۆیە پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد.
ئەو کچە کوردە ئێزدییە دەڵێت: بە پۆلیسی ئەڵمانیام گوت، بەڵام ئەوان پێیان ڕاگەیاندم، کە ئەویش وەک من مرۆڤە و هاتووەتە ئەڵمانیا و ئێستا کۆچبەرە. ئەوان ژمارە تەلەفۆنێکیان پێدام بۆئەوەی پەیوەندییان پێوە بکەم، ئەوەش لە حاڵەتێکدا چاوم پێیکەوتەوە یان کەوتمە بارودۆخێکەوە، بەڵام زۆر ترسام.
بینینی ئەبو هومام لە ئەڵمانیا ئەشواقی زۆر ترساند و هەربۆیە ئەو کچە کوردە ئێزدییە لە شوباتی ڕابردوودا ئەڵمانیای بەجێهێشت و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
ئەشواق حەجی، لەبارەی گەڕانەوەکەی بۆ کوردستان گوتی: ناتوانم باری دەروونیم پێناسە بکەم، ئەوەش کاتێک سەیری کەسێکم دەکرد، کە دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەرم، هێرشیکردبووە سەرم و بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ کردبووم. دەبوایە وڵات و خانەوادە و کەسوکارم بەهۆی ئەوەوە بەجێبهێڵم. هەموو ئەوانەم کرد بۆ لەبیرکردنی ئەو و دواییش ئەو لە ئەوروپا ببینم؟ باوەڕنەکراوە.
پۆلیسی لێکۆڵینەوەی هەرێمی بادن ڤێرتمبێرگی باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دەڵێت، لە 13ی ئازاردا لێکۆڵینەوەی لەو بابەتە دەستیپێکرد، بەڵام چیدیکە ئەشواق لەوێ نەمابوو بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.
ئێستا ئەشواق لە وڵاتی خۆیەتی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتاش دەترسێت، چونکە دەڵێت، ئەبو هومام کەسوکاری لە بەغدا هەیە.[1]
#18-08-2018#