لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە 10 بۆمبی چێندرا و 5 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە #کەرکووک# تەقیونەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی کەرکووکیش ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوو شەش حاڵەتی ڕفاندن و 12 حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.
لە دوایین تەقینەوە کە لە کەرکووک لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا هەشت کەس برینداربوون،
ئەو ئۆتۆمبێله پێنجەم ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوبوو، کە لە ماوەی 15 ڕۆژی سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر تەقییەوە، زیاتر لە 10بۆمبی چێندراو و لکێندراویش هەر لەو ماوەیە لە سنوورەکانی پارێزگاکە و ناو شاری کەرکووک تەقیونەتەوە.
پۆلیسی کەرکووک لەبارەی زیادبوونی ڕووداوەکانەوە ڕایدەگەیێنن، #داعش# ئامانجی گەورەتری هەیە لە تێکدانی دۆخی ئەمنی، بەڵام ناتوانن بیپێکن و تاوەکو ئێستاش چەندین کەسیان لێ دەستگیرکراون.
ئەفراسیاو کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: داعش هەرکات بۆی بڕەخسێت کاری تێرۆریستی دەکات، بەڵام بەهۆی چڕیی ئەم هێزانەی ناو کەرکووک و دابەشبوونیان بەباشی، وایکردووە نەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن و سەد لە سەد جێبەجێیبکەن.
کورد تاوەکو پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بە تەنیا مەلەفی ئەمنی کەرکووکی لەدەستبوو، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەندامەکانی فراکسیۆنی برایەتی لە لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەن، ڕێگریان لێدەکرێت بەشداری لەکۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگا بکەن.
ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی بڕوایوایە هەرچی هێزی عێراق هەیە لەو پارێزگایە کۆبکرێتەوە، ناتوانێت ئاسایش بەرقەراربکات ئەگەر ڕێککەوتن نەبێ و دەسەڵات بۆ هێزە نێوخۆییەکان نەگەڕێتەوە.
ئەوەی زیاتر لە هەر کاتێک بۆ ئێستا ترسی لای هاونیشتمانیانی کەرکووک دروستکردووە، نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەرەوەی شارەکەیە لەنێو گەڕەکەکان بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و نازانرێت چۆن و لەکوێوە دێن.
جیا لەتەقینەوەکان، زیادبوونی حاڵەتەکانی دزیکردن و کوشتن یەکێکن لەو مەترسیانەی ئێستا بەدیدەکرێن، بەپێی ئاماری پۆلیسی کەرکووک تەنیا لە مانگی ڕابردوو 72 حاڵەتی دزیکردن هەبوون، کە تەنیا نۆیان ئاشکراکراون و شەش حاڵەتی ڕفاندن و 12حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.[1]
#16-10-2018#