له و بەیانییە زەرد باوەدا کە تێکەڵ بوو:
لە ڕوخساری دیکتاتۆر و هێلکەی پیس و
ڕشانەوەی سێدارەکانی ناو بەغدا. له و بەیانییە زەرد باوەدا
من گوێم ئەگرت: لە دەنگدانەوەی مردن و
لە زریکەی دەشتی مەخموور
لە حەیرانی پەرەوازە.
له و بەیانییە زەرد باوەدا، لە ڕێ و بانی هەتاوێکی نەخۆشەوە
لە باشوری باریکەلەی ئازارمەوە
تەپ و تۆزی گەردەلوولێکی سیلاویی
تەپ و تۆزی گەردەلوولی بەربەریەکان
لە دوا ڕۆژی مانگی ئاب و ڕێی خۆڵینی جەستەم هەستا!.
دیسانەوە بەربەریەکان ئاسن سوار بوون، مەرگ سوار بوون،
ئەهاتنەوە. بەربەریەکان بیابان بوون پێ ئەکەنین. جەهننەم بوون
پێ ئەکەنین. ئەهاتنەوە.
له و بەیانییە زەرد باوەدا، هەمەجیەکانی تکریت بوون
لەناو پۆشاکی پۆڵادا..(ڕێچکە ڕێچکه) ئەهاتنەوە.
له و بەیانییە زەرد باوەدا، بەربەریەکان گوڵی زەردی
سەری ڕەشیان دابوو لە یەخەی خۆیان و
قەمەکانیان سەر سوور بوون و
زرێ پۆشیان دەرەلنگ پان. ئەهاتنەوە.
له و بەیانییە زەرد باوەدا، بەرد قسەی کرد
کە لێک بۆوە.
خۆڵ
قسەی کرد.. کە بوو بە گەرد و غوبار و
د ار قسەی کرد..کە باڵی گڕی لێ ڕوا و
ئاو قسەی کرد..لە وەختێدا بوو بە هەڵم و
مردۆکانیش یەکە یەکە هەستانەوە.
----
کەچی ئێوە له و بەیانییە زەرد باوەوە هەتا ئێستا
مرۆڤ بوون و هیچتان نەوت.
شاعیر بوون و هیچتان نەوت.
کوڕی گەڕەکی ئازادی و قەڵا بوون و هیچتان نەوت.
کەچی ئێوە کوڕی خانزاد بوون و خانزاد
لە گۆڕەپانە گەورەکەی چوار ڕییاندا…
بەربەریەکان ئەتکیان کرد و هیچتان نەکرد!
وشەیەکتان دەنگی نەکرد!
وشەیەکتان
وشە!