ئاشکرایە، پەکەکە نە لەسەر ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و نە بەخواستی هێزە سیاسیە سەرەکیەکانی کوردستانیش لە چیا و دۆڵەکانی باشورە، بەڵام بەحوکمی کورد بوونی ئه و هێزە و ڕەوایی کێشەکەیان لە باکور بمانەوێ و نەمانەوێ بەشی ئەوەندە هاوسۆز و کاریگەریان دەبێ کە لە ناوچە سەختەکان بمێننەوە. تورکیاش بەبیانوی بوونی پەکەکە هێزێکی گەورەی هێناوەتە باشور و تەنانەت لە هەندێک شوێن کە هەرگیز پەکەکەشی لێ نەبووە سەربازگەی دروستکردوە! بێگومان، هێزی تورکیا ڕزگارکەر نییە، بەڵکو داگیرکەرێکی ڕەزا قوڕسە.
دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە خەست بوونەتەوە ڕۆژانە هەواڵمان پێ دەگات کە لە ناوچەکانی بادینان، سیدەکان و #چۆمان# هەندێ کەس بەبیانوی هاوکاری کردنی پەکەکە دەستگیر دەکرێن یاخود فشاریان دەخرێتە سەر. دیارە لێپرسینەوە لەهەر کەسێک کە کارێکی نایاسایی بکا ئەرکە، بەڵام شێوازی لێپرسینەوە و جۆری سزاش پێویستە بە ئەندازەی کارەکە بێ، نەک هاوکاری ودۆستایەتی پەکەکە پاساوێک بێ بۆ ترساندن و تۆڵەکردنەوە لە کادیر و لایەنگری حزبەکانی تر. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرۆژی ڕووناک سیخوڕەکانی میتی تورکیا ئەوەندە زۆر بوونە کە لە گەیاندنی هەواڵەکانیان کێبڕکێی یەکتری دەکەن، زۆر جاریش ئەوانە بۆ مەبەستی تایبەت هەواڵی نادروست دەدەن و لە ئەنجامیش تا ئێستا خەڵکێکی زۆری مەدەنی و بێ گوناهی باشور بونەتە قوربانی. لێرەدا هەڵوەستەیەک پێویستە، ئایا بۆچی دەبێ سیخوڕەکانی میت و وڵاتانی تریش تەڕاتێنی بکەن و کەس لە گوڵ گرانتریان پێ نەڵێ، کەچی بەبیانوی هاوکاری کردنی پەکەکە ڕۆژانە خەڵک بگیرێ؟[1]
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 3,040
Donnez votre avis sur ce produit!