پەیامی سەرۆکایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
ڕێکخستنە نهێنییەکان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
(29) ساڵ لەمەوبەر، گەلی سەربەرزی کوردستان ڕاپەڕی و تۆماری دەیان ساڵ دیکتاتۆریی: تەعریب و تەبعیس و قڕکردن و داگیرکاریی دوژمنی خوێنڕێژی پێچایەوە. لە ڕۆژێکی پیرۆزی وەکو ئەمڕۆ و، لە دەروازەی سەوزی ڕاپەڕینەوە، ئازادیی بەسەر ژێردەستەیی و، گەردن بەسەر پەتی سێدارەو، دایکی شەهید بەسەر کۆستدا، سەرکەوت. بەم بۆنە شکۆدارە مێژووییەوە ، پیرۆزبایی گەرم لە یەک بە یەکتان دەکەین. دەستی ماندووی تێکۆشەرانی گەلەکەمان دەگوشین، سڵاوی ڕێز و وەفا بۆ سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەتایبەت بۆ ئەندازیاران و پارێزەرانی ڕاپەڕین، مەفرەزە پارتیزانەکان و بەرەی کوردستانی و، تەواوی قارەمانانی ئەم گەل و نیشتمانە دەنێرین و، یاد و خەباتیان بەرز ڕادەگرین.
گرنگە هەموومان، نەوەکانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، لەیادمان بێت کە ڕاپەڕین، بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید، بەرئەنجامی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و، لوتکەی سەرکەوتنی سەدان داستانی پڕ قارەمانێتی و، چەپکە گوڵی سکرتێری گشتیی کۆچکردوومان هەڤاڵ #مام جەلال# بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
یەکێتی بەچاوی شکۆو ڕێزەوە، دەڕوانێتە ئەو نەوە فیداکارەی کە دژی دیکتاتۆر ڕاپەڕین. بۆیە بەڵێن دەدەین ڕێگەی خەباتیان وون ناکەین، کوردستان و گەلەکەی و ئازادییەکەی دەپارێزین. و لەپێناو دابینکردنی خۆشگوزەرانیی ڕاستەقینە بۆ ڕۆڵەکانی ئەم خەڵکە فیداکارە، وەک هەمیشە، لەسەنگەری پێشەوەی بوژاندنەوە و بنیادنان و بەرگریدا دەبین.
راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، یەکێکە لەنمونە هەرە بەرجەستەکانی شۆڕشی گەلەکەمان و سەرکەوتنیشی، نیشانیداین کە هیچ قۆناغێکی نوێ، بەبێ پشتیوانیی تەواوی کۆمەڵانی خەڵک نایەتی دی. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە ئەدەبیات و ڕەفتاری خۆی دا، چ لە شاخ و چ لە شار، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، تەنیا پشتی بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەستووە و دڵنیایە کاتێک خەڵک پشتیوانی بن، سەفینیش لە بن بێ، یەکێتییەکەمان، لە بن نایەت.
لێرەوە و لەم ساڵیادە مەزنەی ڕاپەڕین دا، مژدەتان پێدەدەین کە لەگەڵ نوێکردنەوەی یەکێتی و دەستپێکردنی قۆناغی نوێی خەباتی حزبی شەهیدان و ڕاپەڕین، قۆناغێکی نوێی ڕاپەڕینیش دەستپێدەکات. قۆناغی هەماهەنگی بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان و، دانانی بناغەیەکی پتەو بۆ کوردستانێکی ئازاد و ئاوەدان و، هاوسەنگ و سەقامگیر، بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک، دەتوانێت ڕۆحی خەبات لەپێناو بەها باڵاکانی: ئازادی، ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین، تا گەیشتن بە دوا ئاواتی سیاسی نیشتیمانیمان، برەو پێبدات. بۆ گەیشتن بەم ئەنجامەش، ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەموو کات زیاتر، چاومان لە پشتیوانیی تەواوی خەڵکی کوردستانە، بەتایبەت گەنجان و نەوەکانی دوای ڕاپەڕین، کە پێکەوە هەڵە و کەموکورتی و کەمتەرخەمییەکان دەستنیشان بکەین و، هەر پێکەوە، پارێزەری دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین و ڕۆحی شۆڕگێڕانە بین و بە پلانی ورد و بەهێز و هەماهەنگی لایەنەکان، کوردستان بەرەو کەنارێکی ئارام بەرین.
دووبارە پیرۆز بێت 29 ساڵەی هەڵگیرسان و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلەکەمان
سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#05-03-2020#