بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2720ی کوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو کوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەم و هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
بەداخەوە ئێستا ناوچەکەمان و هەموو جیهان لەگەڵ هەڕەشەی پەتایەکی جیهانی دەستەویەخەیە و بە هۆیەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بارودۆخێکی نالەباری تەندروستی و ئابووری هاتووەتە ئاراوە. بۆ گەلی کوردستانیش ئەم پەتایە بووەتە تەحەدییەکی گەورە و، تێپەڕاندنی ئیرادەیەکی هاوبەش و پابەندبوون و خۆپارێزیی گشتی پێویستە. لێرەوە بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو لایەک بکەم کە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بە وردی پابەندی ڕێنمایی تەندروستی و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن. چەندە هەموومان پابەندی ڕێنماییەکان بین و خۆمان بپارێزین ئەوەندەیش هەڕەشەی ئەو پەتا مەترسیدارە لەسەر هاووڵاتیانی کوردستان کەمتر دەبێ.
جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە دەستپێشخەری و بڕیار و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم کە هەر لەسەرەتای دەستپێکی ئەم پەتایە هەتا ئێستا، بوونەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ئاستێکی زۆر کەمدا بمێنێ و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەرێمی کوردستان پارێزراوتر بمێنێتەوە. سوپاسی ماندووبوون و شەونخونیی تیمە پزیشکییەکان و ئاساییش و پۆلیس و پێشمەرگە و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە لەم ڕۆژە سەختانەدا بەرپرسیارێتیی مێژوویی و هەستیاریان لەسەر شانە و ئەرکێکی نموونەییان جێبەجێ کردووە.
لەوە دڵنیام کە پشت بە خودا و بە هاوکاریی نێوان خەڵک و حکوومەت و پابەندبوونی هەموو لایەک ئەم کۆسپ و تەگەرەیەش بە سەلامەتی تێدەپەڕێنین.
نەورۆزتان پیرۆز و هیوای خۆشی و شادی و تەندروستی بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
#20-03-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône

pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 2,359
Donnez votre avis sur ce produit!