بژاردەی یەکەم:
سیستەمی ئۆنلاین کە ئەمە لای ئێمە پەسند نییە و ڕەتیدەکەینەوە، چونکە ناکرێ و نامومکینە سەرکەوتووبێت لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە:
- خراپیی ئینتەرنێت لە کوردستان، لە ناوچە دوورەدەست و شاخاوییەکان هەر بوونی نییە.
- نەبوونی کارەبای بەردەوام.
- نەبوونی ئەو ژێرخانە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم.
- نەبوونی کۆمپیوتەر و سمارتفۆن لە هەموو ماڵێک و لای هەموو قوتابییان و خوێندکاران و ئەو ئیمکانیەتەش نییە تاوەکو بتوانن لەم بارودۆخەدا فەراهمی بکەن.
- خراپیی باری دەروونی و سایکۆلۆجیی قوتابیان و مامۆستایان بەهۆی ئەو پەتایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید-19.
- لێنەزانین و نەبوونی ئەزموون، پێشتر ئامادەکاری بۆ نەکراوە لە هەرێمی کوردستان لە چەند زانکۆیەک نەبێت کە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بۆیە ئێستا ئەستەمە پەیڕەوکردنی.
سەرەڕای ئەوەش لەپێشتردا حکومەتی هەرێم و خودی وەزارەتی مەعنی دانی بە خوێندنی ئۆنلاین نەدەکرد، بۆیە ئێستا لە شەو و ڕۆژێکدا ناتوانین هەموو مامۆستا و قوتابیان بەرهەڤ بکەین بۆ ئەم سیستەمە کە پێمان وایە زۆربەیان ئامادەیی ئەوەیان نابێت.
بژاردەی دووەم:
گریمان لە سەرەتاکانی مانگی پێنج ئەم پەتایەی کە هەموو جیهانی گیرۆدەی خۆی کردووە بەرۆکمان بەردات و بتوانین هۆڵەکانی خوێندن بەڕووی قوتابیاندا بکەینەوە، ئەوا دەکرێت لە مانگی پێنج و شەش قەرەبووی ئەو کاتە بکەینەوە کە بەهۆی ئەم پەتایەوە لەدەستمان چووە، و بەردەوامی بەخوێندن بدرێت، کە پێمان وایە ئەمە باشترین هەڵبژارەدیە تاوەکو بۆمان بکرێت، ئەم هانگاوە باشترینیانە هەم هەموویان دەتوانن پابەندبن و سودمەندبن، هەم کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و ئاستی زانستی قوتابیان کەمتر دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم پەتایە تا مانگی پێنج و دوای مانگی پێنج بەرۆکی بەرنەداین چیبکەین باشە؟
لێرەدا دەبێت باشترین ڕێگە و باشترین بەدیل هەڵبژێرین کە دەرەنجامی خراپی نەبێت و هیلاکی و ماندووبوونی ئەمساڵی خوێندنی قوتابیان بەفیڕۆ نەچێت.
بژاردەی سێیەم:
بریتیە لە سیستەمی ئەلیکترۆنی، سیستەمی ئەلیکترۆنی ئەمە دوا فرسەتە ئەگەر هیچ دەرفەتێک نەما، هەموو ئەو قوتابیانەی کەوا ئیمەیڵ یان مەسنجەر، سناپ، ڤایبەر، تێلیگرام یان هەر ئامرازێکی تریان هەیە، دەتوانن وانەکانیان بە ئاسانی بەدەستبهێنن و لە زانست دانەبڕێن و سوودمەند بن، بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە ئیلزامی نابێت و ئیختیاری دەبێت، واتە قوتابی سەرپشک دەکرێت لەوەی کە لەگەڵ ئەم سیستەمە بڕوات یان نا، چونکە بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، تەنها ئەو بابەتانە داخیل دەبێت کە پێشتر خوێندراون، لەم حاڵەتەشدا دەرچوونی قوتابی زۆر ئاسانتر دەبێت لە هەردوو هەڵبژاردەکانی پێشتر کە باسمان کردن، بەڵام هەر قوتابییەک بیەوێت لە زانستەکە دانەبڕێت و پەرەی زیاتر بە ئاستی زانستیی خۆی بدات، دەکرێت لە پشووی هاویندا قەرەبووی بکاتەوە.
بژاردەی چوارەم و کۆتایی:
بریتییە لە ئەژمارکردنی ئەنجامی سمستەری یەکەم بۆ هەردوو سمستەرەکە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کەوا لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون، بۆ ئەوانەی کەوا لە سمستەری یەکەم دەرنەچوون لە خولی دووەم تاقیکردنەوە بکەن، کە پێمان وایە ئەم بژاردەیە تاوەکو ڕاددەیک لاوازە.
#09-04-2020#