پەیامێکی گرنگ بۆ گۆڕانخوازان؛ وەڵامێکی زۆر پێویست و گرنگ، زۆریش ماوە بۆ وتن
بەختیار مستەفا ئەمین
زۆرجار و قسەوباسی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسەکانیان لە کۆبونەوە تایبەتەکاندا، سەبارەت بە مەسەلەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارەو پوڵی کاکم (#نەوشیروان مستەفا#) ئەبیستینەوە، ئێمە لە سەرەتاوە وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی بزوتنەوەکە و ململانێی دەسەڵات سەیرمانکردوە، بەڵام کاتێک (عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە) لە کۆبونەوەی گشتیدا و لە سیانزەی ئازاری ئەمساڵدا، لە میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، بۆ ڕای گشتی قسە ئەکات و ناهەقی و بێ ویژدانی و تەنانەت سوکایەتی بە مێژوی بیر و کاری سیاسی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ئەکات، ناچارمان بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕای گشتی ئەکات و تیایدا، ڕاشکاو هەندێ هەقیقەت بۆ مێژو بخەینە ڕوو.
بەندە زیاتر لە پەنجا ساڵ لە گشت وێستگەکانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا، هاوڕێ و پشتیوان و هاوسەنگەری کاکم (نەوشیروان مستەفا) بوم، تا ئەو ڕۆژەی دوا هەناسەی داوە پێکەوە و لە نزیکەوە لە تەکیدا بوم، گەر بنوسم و قسە بکەم (کە هیوادارم لە ئایندەیا بتوانم) زۆر هەیە بۆ وتن.
یەکەم : سەبارەت بە پارە و پوڵ و موڵک، لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە کاکم نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای (شۆڕشی نوێ) وە، هەمیشە دارایی شۆڕشی لابوە و دەسەڵاتی خەرجی هەبوە، لە بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، بەهەمان شێوە !! بەڵام هەرگیز نە خۆی بەخاوەنی زانیوە و نە بە شێوەیەک ڕەفتاری کردوە کە خۆی خاوەنداری بکات، ئەوەندە بەسە بڵێم خەرجی ماڵەکەی لە پشکێکی (بازاڕی میترۆ) وە ئەکرا و ئەو چەندان ملیۆن دۆلارەش کە باسی ئەکەن بۆ بزوتنەوەکە و پرۆژە سیاسیەکەی خەرج ئەکرا، خەرجی خەستەخانە و کرێی خانوەکەی لەندەن هاوڕێکانی وەک یارمەتی بۆیان خەرجکردوە و دەستی بۆ پارەی بزوتنەوەکە نەبردوە، ئەوانیش لە ژیاندا ماون. بۆیە هەر کەس ولایەنێک وەک موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان ڕەفتار بەو موڵک و پارە جێماوانەوە بکات، جگە لە ناشرینکردنی مێژوی ئەو پیاوە هیچیتر نیە، هەمو بیرکردنەوە و پلانیشی بۆ چارەنوسی زەوی گردی زەرگەتە (کاریشی بۆ کردبو) ئەوەبو بکرێ بە وەقف لەسەر زانگۆی #سلێمانی# و وەک شارێکی ڕۆشنبیری گەشەی پێ بدرێت. بۆیە هەواڵی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکایەتی گردەکە لە پرسەکەیدا، ئێمەی تاسان و توشی شۆکی کردین.
دوەم : سەبارەت بە جێگرەوە و دەسەڵاتی مناڵ و خزمەکانی بیروباوەڕی ئەو زاتە زۆر ڕون و ئاشکرا بوە، هەمیشە لای خۆمان و بە مناڵەکانی وتوە کە حەزناکات کاری سیاسی بکەن و تەنانەت چەند جارێک بە ئێمەی ئەوت کە با لەکۆڕ و کۆبونەوەدا بێن و فێری ماریفەت و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی ببن.
بۆ دەسەڵات و جێگرەوەی پۆستی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش ئەو سەروەختەی کە دکتۆرەکانی بێ ئومێدیانکرد لەوەی چاکبێتەوە، چەند مانگێ پێش وەفاتی لە خەستەخانەی (مارسدنی مەلەکی بەریتانیا) پەیامێکی بۆ هاوڕێکانی لە بزوتنەوەکەدا نارد و داوای لێکردن پێش کۆچی خۆی هەڵبژاردنێک بۆ ڕێکخەری گشتی بکەن، پێی خۆش بو پێش مەرگی ڕێکخەری گشتی نوێ ببینێ و ببیستێ، هەرگیز نە کەسی بۆ ئەو پۆستە ڕاسپاردوە و نە داواشیکردوە کەسێکی دیاریکراو جێگرەوەی بێت، ئەو پەیامە نەگەیشت یان کاری پێنەکرا !! نەمانزانی بۆ ؟
لەکۆتاییدا، بە پێویستی ئەزانم بڵێم :
ئەوەی لە دوای هەڤدەی مایسی دوهەزار و هەڤدەوە، دەستە و گروپە جیاوازەکانی گۆڕانی گردەکەی زەرگەتە لە چەواشەکاری و لادان و شکاندن وسوکایەتی بە مێژو، فیکر و کاری نەوشیروان مستەفا کردویانە، هەرگیز هیچ دوژمنێکی دەرەوە و نەیارێکی ناوخۆ نەیتوانیوە پێی بکات، ئەو فەرهەنگە لە کاری سیاسی و خەبات و پێشمەرگایەتی نەوشیروان مستەفا سەروەتێکی گەورەی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بوە، بە خوێن و ماندوبونی هەزاران پێشمەرگە و کەمئەندامی سەنگەر و سەدان هەزار قوربانی بۆ میلەتەکەمان بە دەست هاتبو، دەبێت هەرواش بمێنێتەوە.
هەمو ویژدانێکی زیندوش تەنیا ئەو بەڵگەیەی بەسە کە چۆن ڕێکخەر و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە پاش مردنی کاک نەوشیروان، وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە هەڵپەی هاوپەیمانی و چونە ئەو حکومەتە حیزبیەدا بون، کە بە تۆمەتی تیرۆر و کوشتن و تێکدانی ئاسایشی کوردستان فەرمانی گرتنیان بۆ کاکم (نەوشیروان مستەفا) دەرکردبو، بۆ گەڕاندنەوەی مافی مێژویی و ڕێزی پەنجا ساڵ تێکۆشانی، پێیان وترا ! بەڵام ئەوان هەر بە مەبەست داوای لێبوردنێکیان لەو حیزب و دامودەزگایانە مەتڵەب نەبو.
#17-03-2021#