خه و نەبوون، کیژۆڵە، خه و نەبوون
کڵۆ خەڵووزە ساردەکە
ئەوە مەمکێکی دایکت بوو،
تۆپەڵە سور و گەرمەکە
ئەوە دەماغی باوکت بوو.
خه و نەبوون، کیژۆڵە، خه و نەبوون
ئەوەی کارژۆلەکەی تۆی خوارد،
ئەوەی مراویەکەی دزیت،
ئەوەی مامزەکەی بردی،
ئەوەی چیرۆکەکەی کوشتی،
گورگ نەبوون، کیژۆڵە، گورگ نەبوون.
ئەوە حیکایەت نەبوون بۆت بکەم،
شیعر نەبوون بۆت ڕێک بخەم،
ئەوە دەوالی مێژوو بوون.
ئەوە وەقاص و سەعد بوون
لای خەلیفەوە هاتبوون!
خه و نەبوون، کیژۆڵە، خه و نەبوون
وەکوو پرچ و زەردەخەنه و گوارەکانت
حەقیقەت بوون!
خه و نەبوون، هەرگیز خه و نەبوون.
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی:
گوڵەکان چۆن لە ترساندا ڕایان ئەکرد،
بنچکەکان هەڵ ئەهاتن.
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی،
کەروێشک خۆی ئەکرد بە پەیکەر!
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر!
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لێ نەبوو
له و ئێوارە بەسامەدا
سەگەکەمان کەوتە قسه و
بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن
بەڵام من نابم بە بەعسی!
خه و نەبوون، کیژۆڵە، خه و نەبوون...
شێرکۆ بێکەس