چەند ڕۆژێکە داخستنی مەکتەبەی #سلێمانی# بۆتە باس و خواسی خەڵکی سلێمانی و زۆرێک لە سایتەکان، ئێمە وەک بنەماڵەی عومەری مەکتەبە، سەرەڕای ئەوەی کە پێمان باش نەبوو لەپێناوی هێشتنەوەی ڕایەڵەی خزمایەتی هەموو شتێک باس بکەین، بەڵام لەلایەک لەسەر داوای هەندێک لە سایتەکان و لە لایەکی تریشەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەت و قسە ناڕەوایانەی بەرامبەرمان ئەکرێن، ناچاربووین ڕاستیەکان وەک خۆی بەهەموو لایەک ڕابگەیەنین.
بەڕێزان ئێمە لەدوای مردنی باوکمانەوە، لە خۆشەویستیمان بۆ باوکمان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان لە هێشتنەوەی ئەو چاوگی ڕووناکی و ڕۆشنبیریەی کە عومەری مەکتەبە بە هیمەت و هەوڵ و توانای تاکە کەسی خۆی بەدیهێنابوو، بڕیارماندا کە هەتا بتوانین هەوڵی هێشتنەوەی بدەین، هەربۆیە ڕەزامەندیمان لەسەر ئەوەدا کە ئەو ستافەی کە ماوەیەک لەبەردەستی باوکماندا بوون و کەسی نزیک و جێی متمانەی باوکمان و ئێمەش بوون لەسەر داوای خۆیان و بە وەعدی ئەوەی کە زۆر باش ئەتوانن کارەکە بەڕێوەبەرن، ئێمە مەکتەبە کە پڕ لە کتێب بوو لەگەڵ دوو مەخزەنی پڕ لە کتێب کە هەمووی موڵکی شەخسی عومەری مەکتەبە بوون، خستمانە بەردەستیان و وەک یەکێک لە خۆمان حسابمان بۆ کردن، بێخەبەر لەوەی کە سەردەمی زێڕینی مەکتەبەی سلێمانی بە مردنی خاوەنەکەی تەواو بووە و بەداخەوە ئەوان خزمایەتی و متمانە و دڵسافی ئێمەیان خراپ بەکارهێنا و کەوتنە شێواندنی مەکتەبە و سەرەڕای زیانێکی زۆری مادی کە ئەو هەموو کتێبە دیار نەما و تەنانەت بەقسەی خۆیان مەخزەنێک کتێبیان بردۆتە تانجەرۆ لەوێ سوتاندوویانە بێ ئەوەی ئێمە ئاگامان لێبێت، کە ئەوە بۆ کەسێک سەروکاری لەگەڵ کتێبدا هەبێت جێی تێڕامانە !! ماوەی دوو ساڵیش کرێی موڵک و باجی ساڵانەمان گرتە ئەستۆی خۆمان کە ئەبوو ئەوانە لە داهاتی مەکتەبە بدرانایە، سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێمە شانمان دابوە بەری و هەرچاومان لە هێشتنەوەی ئەو یادگاریەی باوکمان بوو، بەڵام کارەکە لێرەوە شێوەیەکی تری وەرگرت و ئەوەبوو کەوتنە پیلانگێڕی بۆ داگیرکردنی مەکتەبەکەو سڕینەوەی یەکجارەکی ناوی عومەری مەکتەبە و بنەماڵەکەی، تا کار گەیشتە ئەوەی داوایان لە خاوەن موڵک کردبوو کەدوکانەکە بکات بە ناوی ئەوانەوە ! سەرەڕای ئەوانە هەمووی ئێستا مەکتەبە بووە بە شوێنی یاری تاوڵە و سوعبەت و شەڕەجنێو کە بە دڵنیاییەوە زیانی گەورەی بە شکۆ و سومعەی مەکتەبەکە وەک بنکەیەکی ڕۆشنبیری گەیاندووە، ئیتر لێرەوە نەئەکرا زیاتر قبوڵی بکەین، بۆیە داوامان لێکردن کە مەکتەبەکەمان ڕادەست بکەنەوە ئەوەتا ئێستا دایانخستووە و کلیلیشیان ڕادەستی ئێمە نەکردووە هەتا ئێمەش وەکو خاوەنی شەرعی مەکتەبەکە بڕیارێکی گونجاوی لێبدەین.
لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەوانەی لە دڵسۆزی و خەمخۆریەوە ئەڕواننە مەسەلەکە و بە هیوای ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوەیە وەڵامی هەموو پرسیار و گومانەکان بێت.
بنەماڵەی عومەری مەکتەبە
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 1,135
Donnez votre avis sur ce produit!