ئاغا دەباتەوە
#گۆران سەباح#
$کولتوری زەمەن$
لە یەکی ئایاری 2023دا، بەرەی ئاغاکان بە فێڵ لە هەڵبژاردن بردیانەوە. پەرلەمان و حکوومەتیان هەڵوەشاندەوە. هەر لەنێوە خۆیاندا ئاغایەکیان کردە سەرگەورەی خۆیان و ئەوانی تریش بوون بە وەزیری. بینای پەرلەمانیان کردە دیوەخان. هەموو ڕۆژێ ئاغا لەوێ بڕیاری نوێی دەردەکرد. وەزیر و گزیر بەربوونە گیان و قوتی خەڵک، دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرت.
بە ماوەی دوو مانگ، سیستمی پەرلەمانیان کردە دەرەبەگایەتی، دەنگی ئازادیان پەڕاند و قەلەمی ئازادیشیان شکاند. دەرەقەتی هەموو شتێک هاتن، یەک شت نەبێ: خوێندن. نەدەکرا لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆشیەل میدیایەدا قوتابخانەکان دابخەن.
ڕۆژانە لە دیوەخان (پەرلەمانی جاران) ئاغا و وەزیرەکان سەتان بیرۆکەیان دەوروژاند. شەش هەفتە، هەرچەندی هێنایان و بردیان نەیانتوانی هیچ لە پڕۆسەی خوێندن بکەن.
ڕۆژێک ئاغا لەسەر شاشە جاڕی دا، هۆ خەڵکینە، گرفتێکی گەورەم هەیە، هەر کەسێک بتوانێت چارەسەری بکات، خەڵاتێکی باشی دەکەم. گرفتەکەش خوێندنە. ناتوانم قوتابخانەکان دابخەم و ناشمەوێ کەس بخوێنێت.
بووە هەرا.
خەڵک هاتنە سەر شەقام. دەستوپێوەندی ئاغا بە یەک سەعات هەموویان ناردنەوە ماڵێ. ئەوەیشی پەلزەفت نەبوو، دارکارییان کرد.
ڕۆژانە دەیان کەس دەهاتنە دیوەخان وبیرۆکەی خۆیان دەجەڕباند. ئاغا هیچ بیرۆکەیەکی بە دڵ نەبوو. ئەوە هەندێ لە بیرۆکەکان:
ئاغام خۆش بی، با قوتابخانەکان بکەینە مزگەوت.
گەورەم، با قوتابخانەکان بکەینە پێشانگەی جووتیاران.
پاشای گەورەم، با قوتابخانەکان بڕووخێنین، بیانکەین بە مۆڵ.
بەڕێز جەنابی ئاغای گەورە، با قوتابخانەکان بکەینە دیوەخان.
ئاغای گەورە، با قوتابخانەکان بکەینە کافتریا بۆ نێرگەلە کێشان.
گەورەمان ئاغای پایەبڵند، با قوتابخانەکان بکەینە جێی ئەتاری.
ئاغا هەموویانی ڕەت کردەوە. تا دەهات زێتر دەترسا لە قوتابخانە. شەوانە مۆتەکەی دەبینی، مامۆستا و قوتابی و کتێب لێی دەبوونە مارێکی ئەستوور و لە ملی دەئاڵان.
ئاغا لە دڵی خۆیدا دەیگوت، لە هەمووی باشتر ئەوەیە دایانبخەم. ئەوەی قایلیش نەبێ سەری دەپەڕێنم. ئەوانەی دەرەوەش با هەر لە گوپی خۆیان بدەن. قابیلە بێن و تەداخول بکەن؟
ئاغا خۆی ئامادە کردبوو لەسەر شاشە بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان جاڕ بدات، بەڵام کۆمەڵێک بازرگان هاتنە دیوەخان و گوتیان باشترین چارەیان پێیە.
ئاغا تەماشایەکی سەروپۆتەلاکی کردن. فشەی بە قات و بۆیانباغیان هات. لە دڵی خۆیدا گوتی، ئەو ئەفەندییانە هەڕەی لە بڕەی دەرناکەن، بەس گوێشیان لێ دەگرم.
یەک لە بازرگانەکان هات پێشەوە و گوتی، ئاغای گەورەمان، قوتابخانەکان داخەی، یان بیانکەی بە هەر شتێک خوێندن شیرینتر و بەهادارتر دەبێ لای خەڵک. دەبێ سیستمی خوێندن بەردەوام بێ و ئێوەش پشتگیری لێ بکەن، خەڵکیش لێت ڕازی دەبن.
ئاغا مووچڕکێکی پێدا هات. شاگەشکە بوو. هەستایە سەر پێ، دوو پایە دابەزی و گوتی، ئا دەی بزانم چۆن چۆنی؟
بازرگانەکە بزەیەکی کرد، سەری بەرز، دەتگوت خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت. دەبێ پڕۆسەی خوێندن سووک بکەین. قوتابخانە و مامۆستا و کتێب وایان لێ بکرێت خەڵک پێی شەرم بێت دەست بداتە کتێب، یان بڵێت من مامۆستامە.
ئاغا دوو پایەی تریش دابەزی و گوتی، ئەوە زۆر باشە، بەڵام چۆن چۆنی؟
قوتابخانە و زانکۆی ئەهلی دەکەینەوە، بازرگانەکە وەڵامی دایەوە.[1]