دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵک و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان.
بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان بکەم کە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لەبەرانبەر هەڕەشەکان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە کوردستان کردووە. ئەرکی سەر شانی هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەکانە لەئاستی قوربانیدانی گەلەکەماندابن و پێکەوە و بە هیمەتی هەموو لایەک پارێزگاری لە دەستکەوتەکان و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.
هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێکی باش بوو و ئەنجامەکانیشی دەرخەری ویست و ئیرادەی هاووڵاتیان بوو.
دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و دەزگاکانی تر خێراتر جێبەجێ بکرێن و، بووژانەوە و خزمەتگوزاری و، ماف و ویستی هاووڵاتیان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بکرێتە ئەولەویەتی بەرنامەکانی حکوومەتی داهاتوو.
ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی هەر سێ پڕەنسیپی شەراکەت و سازان و هاوسەنگی لە حوکمڕانیدا.
هاوکاتیش نابێ چیتر هەوڵی پەراوێزخستنی هیچ پێکهاتەیەکی عێراق لە حوکمڕانیدا بدرێت.
بە بۆنەی سەری ساڵی 2022ی زایینییەوە جارێکی دیکە جەخت لە پەیامی ئاشتیانە و فەرهەنگی پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەینەوە و، پێویستە هەموو لایەک بە باشی لەوە تێبگەن کە عێراق و ناوچەکەمان چیتر بەرگەی کێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت.
ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش هۆکارێکی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەکە و خەڵکی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانکاری نەبن.
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەکەماندا بکێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی کوردستان دەخوازم. لە خودای گەورە داواکارم گەلەکەمان لە هەموو جۆرە پەتا و نەخۆشی و نەهامەتی و کارەساتێک بە دوور بگرێت.
مسعود بارزانی
31ی کانوونی یەکەمی 2021[1]