ڕاستیی ڕووت
#گۆران سەباح#-کولتوری زەمەن
کەوسەر و سەرکەو لە کتێبخانەی مەم و زین لەسەر مێزێک دانیشتن بۆ ڕاوکردنی ڕاستیی ڕووت.
دوای دوو ساڵ هاوسەرگیری، لێک بێزار بووبوون. بیرۆکەی (ڕاستیی ڕووت) نەبا، لەمێژبوو دەستیان لێکبەردابوو.ئەوها بیرۆکەکە هات: شەوێکیان سەرکەو لەسەر جێ بە کەوسەری گوت، با ئەمشەو لەباتی گان، هەریەکە ڕاستییەکی ڕووت بڵێین. کەوسەر، کە کاتی خۆی لەبەر خۆشەویستیی سەرکەو ناوی خۆی لە (هێشوو)ەوە کردبووە (کەوسەر) بۆ ئەوەی لەگەڵ ناوی (سەرکەو) ببێتە تاخمێکی بەرەواژ، لە ڕاستیی ڕووت نەگەیشت. سەرکەو بۆی شی کردەوە. ڕاستیی ڕووت واتە قسەی ناو دڵت بکەی بێ پێچوپەنا، بێ مکیاج، بێ دەمامک، قسەکە ڕووت و قووت لە ناخی دڵتەوە بێتە دەرێ.
ئێ بۆ ناڵێی با هەرچی هەیە هەڵیڕێژین. ئەم ئۆینە چییە؟
ڕاستیی ڕووت جیاوازە، سەرکەوت ڕوونی کردەوە. هیچ قسەیەکی ناو دڵمان ڕاست نییە، وردە درۆی لەگەڵدایە، جوانکاری پێوەیە، کلک و گوێی بۆ زیاد دەکەین یان دەیبڕین. ڕاستیی ڕووت دەڵەمەیە هێشتا تووند نەبووە. شیلەی بوڕکانە هێشتا ڕەق نەبووەتەوە. کۆرپەیە هێشتا نەبووەتە وەستای درۆ.
کاتێ سەرکەو ئەو قسانەی دەکرد، کەوسەر لە دڵی خۆیدا دەیگوت، دیسان دەستی بە فەلسەفە و قسەی زل کرد. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی، دەی ڕاستییەکی ڕووتم پێ بڵێ.پێش گوتن، سەرکەو مەرجەکەی بۆ ڕوون کردەوە: نابێ کەس دلێ بێشێ، هەرچییەک بێت، دەبێ قەبوڵی بکەن و بە دڵێکی فراوان وەریگرن. ئەو ڕازی بوو.
لێت بێزا بوومە.
کەوسەر پێکەنی. وایزانی سەرکەوت گاڵتە دەکات. یانی چی لێم بێزار بووی؟ وردە وردە نێوچەوانی لۆچی دەکرد، گریان تا قوڕگی هات. تفی بە ئەستەم قووت دایەوە.
نیو سەعات سەرکەو خەریکی چاککردنەوەی دڵی کەوسەر بوو. نیو سەعاتی تری پێچوو تا کەوسەر لێڕاهات.
بێزارم لەو قسە زلانەت و لەبەر بۆنی جگەرە و دەمیشت هیچ تام لە سێکس ناکەم، کەوسەر ڕاستیی ڕووتی گوت. سەرکەو قلێکی سرەواندێ، کە لەگەڵ تۆ دەنووم، وا دەزانم لەگەڵ عەبدوڵای برام دەنووم.نۆرەی کەوسەر بوو، دایکت هەناوی کۆڵیوم، تۆش کۆیلەی دایکتی. زۆر ڕکم لە باوکتە، دەڵێی گەوادەکانی ئیستەنبۆلە بە خۆی و بەو سمێڵە فشەیەوە، سەرکەو وای گوت. کەر بووم مێردم بە تۆ کرد، شەوان دەڵێی بەرازی پرخە پرخت ڕۆژە ڕێیەک دەڕوات. ڕۆژێ بیست و چار جار بیر لە تەڵاقدانت دەکەمەوە.کە لە ماڵێ نیت، جەژنمە، تەداخولی هەموو شتێک دەکەی، بێزار بووم لە پرتە و بۆڵەت.
بیست خولەک ئەو شەڕەی ڕاستیی ڕووت بەردەوام بوو. نەوەستان تا هەناویان پاک. ڕاحەت و دڵپاک، هەستیان کرد دڵیان بۆ یەکتر دەچێت. ئیتر تێک ئاڵان.
ڕۆژی دواتر (ڕاستیی ڕووت)یان بردە کتێبخانەی مەم و زین. لەسەر مێزێک دانیشتن و هەر موشتەرییەک دەهات بانگیان دەکرد. ڕۆژی دواتر خەڵک سڕەی گرت تا بچن لەسەر مێزەکە لای کەوسەر و سەرکەو ڕاستیی ڕووت بدرکێنن. بیرۆکەکە بە شاردا بڵاو بووەوە. گەنجێک پەیجێکی دانا بە ناوی (ڕاستیی ڕووت). ڕۆژانە هەزاران کەس لەو پەیجەدا (ڕاستیی ڕووت)ی خۆیان ئاشکرا دەکرد.[1]