خەیڕوڵڵا عەبدوڵڵا
ناوی تەواوی (خەیڕوڵڵا عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا کاوێس) ە، ساڵی (1961) لە گوندی #ئیلنجاغی گەورە#ی شارەدێی #تەقتەق#ی #کۆیە# لە دایکبووە، ساڵی خوێندنی (1979-1980) ئامادەیی کشتوکاڵی #کەڵەک#ی لە شارۆچکەی #خەبات#ی تەواوکردووە، لە ساڵی (1981) پەیوەندی دەکات بە (#کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#) لە ڕێگەی (عەلی عومەر) ی ئەندامی کەرتی ڕێکخستنی دەشتی هەولێری #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لەگەڵ (کارزان-زانا وسو وەسمان) و (مەلا حەسەن خدر ئیلنجاغی) ، ناوی نهێنی (دەرباز) بووە، ساڵی (1982) دەگوازرێتەوە کەرتی (ڕێکخستنی شەهید ئاودێر) لە کۆیە، لەشانەی (کازێوە) مامۆستا کاوە (کاوە ئەنوەر نادر) سەرشانەی بووە، دواتر ساڵی (1985) ماوەیەک لەلای مامۆستا (باپیر بەکر باپیر عەوداڵانی) لە گوندی (#کاولان#) ی شارەدێی #ئاشتی# #دەشتی کۆیە# بەردەوام بووە لە کاری ڕێکخستن و لە هەمان ساڵدا دووبارە دەچێتەوە کەرتی ڕێکخستنی شەهید ئاودێر، پەیوەندی دەکات بە (ئازاد مەلا عەلی- ئازاد سەرسپی) لێپرسراوی کەرتەکە بووە.
بۆ ماوەیەک لەگەڵ (جەبار حسێن ئیلنجاغی و ڕۆستەم سەلامی وێنەگری کۆیە و سابیر ساڵح سمایل مەرزانی و مشیر شوکر مەرزانی) کاری ڕێکخستنی نهێنی شار دەکەن، لە (17-5-1985) هەر یەک لە جەبار حسێن ئیلنجاغی و ڕۆستەم سەلام) دەزگای ئەمنی کۆیە دەستگیریان دەکەن، کە یەکێک لە ئەندامەکان خۆی خزاندبووە ناو دەزگای ئەمن، لە21-5-1985 دوای ئاشکرابوونیان لەگەڵ (ئازاد سەرسپی) بەنهێنی لە ڕێگەی (دەرگای خۆشناوان) شار بەجێدەهێڵن و بەپێیان دەچنە گوندی (سوسێ) کە ئەو کات ڕێکخراوی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بارەگای لەوێ بووە، شەهید شاخەوان عەباسلێپرسراوی ڕێکخراوەکە و مامۆستا باپیر بەکر و عەبدوڵڵا تۆفیق ئەندامی ڕێکخراوەکە بوون.
ساڵی (1986) دەچێتەوە گوندی ئیلنجاغی گەورە، پەیوەندی بە کەرتی ڕێکخستنی دەشتی هەولێر دەکات تا ئەنفالە بەدناوەکان.
لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی شاری کۆیە بەشداریکردووە و لە (1/4/1991) یش لەگەڵ (#حەمە چاوشین ئیلنجاغی# و مامۆستا کاوە ئەنوەر) بەرگرییان لە شاری کۆیە کردووە کاتێک سوپای داگیرکاری ئێراق پەلاماری شاری کۆیەی داوەتەوە.
لە کۆچڕەوەکە لە تیپی (84) ی مرکیە لە لای هەڤاڵ #عوسمان بانی مارانی# پێشمەرگە بووە، دواتر بووە بە جێگری کەرتی (عەلی مەحمود ئیلنجاغی) لەسەر شاخی کۆڕێ ماونەتەوە، ساڵی (1992) بووە بەڕابەر سیاسی ئەو تیپه، دواتر دەبێتە ئەندامی (لێژنەی تەنسیق) ی شارەدێی تەقتەق و مامۆستا کاوە لێپرسراوی لێژنەکە بووە، هەر لە هەمان کاتدا کەرتی ڕێکخستنی تەقتەقی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکدەهێنن و وەک ئەندام کەرت دەستبەکاربووە، کە ئەوێ ڕۆژێ کۆیە تەنیا (کۆمیتە) یەکی هەبوو، مامۆستا باپیر بەکر باپیر لێپرسراوی کۆمیتەکە بوو، ساڵی (1994) کەرتی ڕێکخستنی تەقتەق بەهۆی فراوانبوونی ڕێکخستنەوە دەکرێتە (کۆمیتە) ئەویش دەبێتە کارگێڕی ڕێکخستنی کۆمیتەکە لە ماوەی (1994-1999) .
ساڵی (1999) بەشداری خولی (17) کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە، ساڵی (2000) دەبێتە ئەندامی کۆنگرەی (2) دووی یەکێتی، ساڵی (2003) دەکرێتە لێپرسراوی (کەرتی ڕێکخستنی ڕۆژاوای تەقتەق) .
ساڵی (2004) بووە بە ئەندام (بەش) لە مەڵبەندی (14) ی ڕێکخستنی کۆیە، ساڵی (2005) لێپرسراوی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق بنکەی (218) ی تەقتەق بووە تا ساڵی (2009) .
لە ڕووی پیشەی فەرمانبەرێتییەوە لە ساڵی (1999-2008) لێپرسراوی بنکەی ڕێنمایی کشتوکاڵی هۆبەی تەقتەق بووە تا لە ساڵی (2008) ەوە بووە بەلێپرسراوی هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق تا 2022 هەر لەو شوێنە خزمەت دەکات.[1]
ڕۆژی #10-06-2022# بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچی دوایی دەکات.