چرای ڕۆحی؟!
دنیا هەمووی تاریکی بێ چرای ڕۆحی داگیرسێنە
خودا قەدەری چۆن هێنا هەر تۆوی ئومێد بڕوێنە
بیرت نەچێ چرای ڕۆحی سوپای تاریکی شکێنە
تیشک و ڕوناکی هەمیشە بۆ ڕێ ی ژیان ڕێنوێنە
دنیا ڕواڵەتی و فانیە خۆتی پێ مەخەڵەتێنە؟!
بەدەرزی و داوی ئارەزوو دنیا ناکرێتە کاڵای بەر
بەهیچ ڕاناگەی بەکارخەی هەزاران قاچ و دەست و سەر
ئەزموونە دنیا بۆ هەرکێ غەفڵتەگیر نەبێ و بێ خەبەر
تەمەنی نوحیشت هەبێ و هێندەی تریشی بێتە سەر
لەدەرگایەک هاتنەژوورەو لەدەرگایەکیش چوونە دەر؟!
شێت ئەوەیە کە بۆ دنیا خەم لە دڵی خۆی باربکات
داراو نەدار، زاناو نەزان، بەدەسەڵات بێ دەسەڵات
خۆی بۆی بدا بەداروبەرد، هەرچی بکاو بەکوێ بگات
هەر چۆن بەڕووتی هاتووە، دەبێ هەر بەڕووتیش بڕوات
هەر گۆڕیچەیەک ماڵیەتی و هەرچەند مەترێ کفن دەبات؟!
فاتح بێ لان[1]