برای گەورە و بەڕێزم #مام جەلال#!
سڵاوێکی گەرم..
هیوادارم هەمیشە لە خۆشیدا بن
چەند جارێ چەند کەسێکی قانونی و نائیبی مدەعی عام هاتونەتە لام بۆ دەربڕینی هەندێ سەرنج و تێبینی تا بە جەنابتی بگەیەنم، وا لە خوارەوە پوختەکەیتان ئەخەمە بەرچاو هیوادارم کەڵکێکی هەبێ و خۆت کە پیاوێکی قانونیت گرنگیی دادگا بێگومان لە خەڵکی کە باشتر ئەزانی.
1- وەزعی ناو دادگای #سلێمانی# باش نیە چونکە حاکم (شێخ لەتیف) و حاکم (عەبدولکەریم) ناکۆکن. بەو هۆیەوە دەزگای مەحکمە بۆتە دو تەکەتولی دژ بە یەک و دژی یەکتری ئەدوێن و کار لە یەکتری ئەشێوێنن.
ئەم کێشەیە بەوە چارەسەر ئەکرێ کە ئەم دو حاکمە ئاشت بکرێنەوە و ڕێکبخرێنەوە چونکە هەردوکیان بە کەڵکن بۆ دادگاکانی سلێمانی.
2- هەیبەتی دادگا کەم بۆتەوە. تا ئێستا چەند جارێ لە بەردەمی دادگادا تەقە بوە و جارێکیش یەکێ کوژراوە. بیناکەیشیان بچوکە و پاک و خاوێن نیە. بۆ ئەوەی هەیبەتی دادگا بەهێز بکرێ پێویستە:
أ- ژمارەیەکی باش پۆلیس بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوەوە و دەرەوەی دادگا تەرخان بکرێ.
ب- حیمایە بۆ حاکمەکان دابنرێ.
ج- خاوێنی بیناکە و دیوارەکانی ڕابگیرێ.
د- بیناکەی پشتی دادگا کە هی بەلەدیاتە بدرێ بەمان.
3- وەزعی محکمەی تحقیق باش نیە چونکە:
أ- تەنیا یەک حاکم تحقیق هەیە و مەسەلەکانی لە سەر کەڵەکە ئەبێ.
ب- محکمە اجهزەی تحقیقی نیە وەکو: مختبر الادلة الجنائیة، جهاز طبع الاصابع، جهاز کشف السلاح..
4- بۆ پێگەیاندنی حاکمی گەنج ئەتوانرێ معهد القضاء لە سەر شێوەی مەعهەدەکەی بەغداد دابمەزرێنرێ. لە سلێمانی ئیمکانی ئەمە هەیە.
5- بۆ ئەوەی سەربەخۆیی قانونی خۆمان هەبێ و مادەم بەرەو خۆجیاکردنەوە ئەچین لە پارتی پێویستە محکمةی تمییزی خۆمان لە سلێمانی هەبێ.
6- عفوی خاص بۆ هەندێ تاوانبار دەرچوە ئەمە شتێکی باش نیە بۆ سومعەی محکمة. ئەمە یا نەهێڵرێ یان زۆر کەم بکرێتەوە.
7- ئێستا 37 نائیبی مدعی عام هەیە لە گەڵ سەرۆک و جێگرەکەی ئەبن بە 39 کەس. ئەم ژمارەیە زۆرە و هەندێکیان ڕەنگە هێشتا بە کەڵکی ئەم ئیشە نەیەن چونکە بە واسیتە دانراون. مەرجەکانی مدعی عام بە گوێرەی قانونی عێراقی ئەبێ:
عێراقی بێ، متزوج بێ، لایەنی کەم 3 ساڵ خزمەتی هەبێ و 2 ساڵیش لە معهد القضاء خوێندبێتی.
لەگەڵ ڕێزی بێئەندازەی نەوشیروان
سلێمانی 3 ی ئابی 1999[1]
کتێبی (#لە نێوان مام جەلال و من دا#)
نووسینی: #نەوشیروان مستەفا#
لاپەڕەکانی 41 و 42
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!