ناونیشان: داوای ئازادی دەکەین و کۆیلایەتی هەڵدەبژێرین!
نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
گەر پرسیار لە هەر کەسێک بکەیت بەوەی لە نێوان ئازادی و کۆیلەبووندا چی هەڵدەبژێریت، دەستبەجێ و بێوەستان دەڵێت: ئازادی و بێگومان هیچ کەس بە کۆیلەبوون ڕازی نابێت، بەڵام لە واقعدا زۆر ڕەفتار یان هەڵوێست هەن کاتێک مرۆڤەکان ژیان دەکەن، دەکەونە بەر ئەو دەرئەنجامەی کۆیلایەتی دەکەنە هەڵبژاردەی خۆیان ئیدی بێئاگایانە بێت یان نا، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، پرسیار ئەوەیە لە سەردەمی دیموکراسیدا تا چەند مرۆڤی کۆیلە بوونی هەیە؟
مەبەستی باسەکەم بریتییە لە کۆیلایەتی دەسەڵات؛ کە بریتییە لەو جۆرە دەسەڵاتەی ڕەوایەتی دەدات بە دەسەڵاتدار بەوەی هەموو مافێکی هەبێت، بڕیاردەر بێت ؛ نەک بڕیاربۆدراو، فەرمان دەربکات و ئەوانی دیکەش جێبەجێکەری فەرمان بن، کەی ویستی کەسێک لە پۆستەکەی دوربخاتەوە، دایمەزرێنێت، بیکات، تاوانباری ئەویتر بکات یان وسوکایەتی وهێرش بکات یان تەنانەت ناوزڕاندن و توندڕەوی ئەنجام بدات وهیچ بەربەستێک نەبێت، جارێک پارە بدات بە کۆیلەکانی و جارێکی تر نانبڕاویان بکات، جارێک پلەیان بەرزبکاتەوەو جارێکی تر دایبەزێنیت، ئیتر بکوژو ببڕ خۆی بێت ؛ ئەوەش لەو سەرچاوەیەوە هاتوە بەوەی هەرکات پۆست و پلە لە مرۆڤ گەورەتر بوو بە کەسێکی خۆبەزلزان و ستەمکارو گەمژە دەبینرێت و بەڵام گەر مرۆڤەکە گەورەتر بوو لە پۆست وپلەکە دەبێتە کەسێکی سادەو خۆبەزلنەزان و دادپەروەر و بەرهەمهێن.
خودی مرۆڤەکان خۆیانن دەبنە خاوەن هەڵبژاردەی ئەوەی دەیانەوێت ببنە کۆیلە یان ئازاد لە هەر بوارێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری وهتد بێت، بێگومان هەندێ جار ژینگە و هەندێ جاری دیکە بەزۆر ویان بەرژەوەندیی کەسەکان دەبێتە هۆکاری هەڵبژاردەی ئەو بژاردەیە، بەڵام دەرئەنجام باج و بەرپرسیارێتی زۆر هەڵدەگرێ ؛بۆیە سەرچاوەی کۆیلایەتی لە ئیرادەی مرۆڤەکانەوە هەڵدەقوڵێ، واتە ئیرادەبوون بە خودی خۆت کە هەیت ؛ نەک ئەو کەسەی وا ئەکات هەبیت، وەئەو کاتەی کەسێک یان لایەنێک بە هەر هۆکارێک بێت مرۆڤ لە نەبونەوە دەکاتە بوون، و دایئەماڵێت لە هێزی ئیرادەی خۆی و دەیخاتە ژێر ڕکێف وهێز و ڕەحمەتی خۆیەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بیکاتە کۆیلە.
زۆرن ئەو مرۆڤانەی بڕیاریانداوە لەوجۆرەبن کە هێزو بڕیارو چارەنوسی خۆیان بدەنە ئەویتر، ئیتر ئەویتر کەسێک بێت یان لایەنێک، پارتێک بێت یان دەسەڵاتدارێک، ئەوە ئەو ساتەوەختەیە کە مرۆڤەکان هێزی بڕیاردان لەخۆیان داماڵیوە و دەیانەوێت سەرۆکێک یان لایەنێکی سیاسی بریاردەریان بێت، ئەو ساتەیە کە کەسی لاواز تەسلیم بە بەهێز دەبێت، ژێردەست ڕادەستی سەردەست وحاکم دەبێت، کۆیلە کڕنوش دەبات ولەژێر ڕەحمەتی باڵادەستەکاندا ژیان دەگوزەرێنێت، چەوساوەو چەوسێنەر دێتەئاراوە، ستەمکارو ستەمدیدە دەخوڵقێت، ترس و تۆقاندن و و پێچەوانەکەی سەرهەڵدەدات، بەو شێوەیەش ژینگەی ئازادو کۆیلە دێتە ئاراوە کە لە یەکەمیاندا مرۆڤی ئازادو لە دوەمیاندا مرۆڤی کۆیلە بەرهەم دێت. دەرئەنجام کەسی کۆیلە بەهۆی هێزی دەرەکییەوە ترسنۆک و بێشەرم و دەچێتە ژێرباری عەیبەی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام مرۆڤی ئازاد خاوەن ئیرادە و قبوڵی ستەم ناکەن.
لە ئاکامدا مرۆڤی کۆیلە بەهۆی بێبەشبونێوە هەست بە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی ناکات، ناتوانێت بە شێوەیەکی عەقڵانی شیکاری بکات، بەڵام مرۆڤی ئازاد دەتوانێت گفتوگۆ و پرسیار بکات، ئەتوانن خۆیان بن و گوزارشت لە ڕاو بۆچوون و دیدی خۆیان بە ڕاستگۆیانە بکەن، لێبوردە بن و بە متمانەوە مامەڵە بکەن پێچەوانەی کۆیلە؛ بۆیە مرۆڤی کۆیلە خاوەن ڕۆشنبیرییەکی ڕەخنەیی نییە و بگرە ڕۆحی زانست و زانیاری و داهێنان دەکوژن، عەقڵی کۆیلە بەرەو ململانێ و گرژبوون دەچێت و توندوتیژیش دەبێتە فاکتەری دیار تیایاندا؛ بۆیە دواجار ڕەفتارو هەڵوێستی مرۆڤەکان بە هەڵوێست وکردەیی دەبێت بۆ ئەوەی خۆت پۆلێن بکەیت کە کامیانیت ئازاد یان کۆیلە و هەڵبژاردەش لای خودی هەر تاکێک خۆیەتی.[1]