لە نهۆمی سەرەوە
ڤینۆس فایەق
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
لە نهۆمی سەرەوە ژنێکی گەنم ڕەنگ
ناوی: گریانە یان هاوار ناوی خەدیجەیە
یاخود هاجەر
هەندێک جار فاتیمە زۆر جار هەموو ژنان
لە نهۆمی سەرەوە
پیاوێک، پێی دەوترێت: قامچی
یاخود تێڵا و هەندێک جار فیشەک
عەبدوڵایە یان محەمەد هەندێک جار ئیبراهیم
زۆر جاریش زۆرینەی پیاوان
لە نهۆمی سەرەوە
ژنێک تەژی لە عەشق و
پیاوێک لێو ڕێژ لە تووڕەیی
ژنێک بە نێو درزەکانی بیرداندا دەخزێتە ژوورەوە
ڕەنگە خۆرێک بێت
بەس بێت بۆ ئەوەی ئابرووی نێرایەتی نیشتمانێک ببات
لەوێش پیاوێک هەیە
لە کونەکانی مێشکەوە دزە دەکات
ڕەنگە ژەهرێک بێت ڕێگاکان ژەهر خواردوو بکات
یان بەس بێت بۆ ئەوەی مێینەی شارێک بکوژێت و
دایکایەتی زەوی بسووتێنێت.[1]