(#ژنە بەدرخانییەکان#) ناونیشانی نوێترین کتێبی نووسەر (#بوخاری وشیار#)ە و بڕیارە لەم نزیکانەدا ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لە هەولێر چاپ و بڵاوی بکاتەوە.
کتێبەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی مێژووییە لەسەر بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەگشتی و ژنە هەڵکەوتووەکانی ئەم بنەماڵەیە بەتایبەتی. لە سەرەتای کتێبەکەدا کورتە مێژوویەکی سەرهەڵدان و ناو و پێگەی میر بەدرخان دواهەمین میری ئەمارەتی #بوتان# خراوەتە ڕوو، سەرهەڵدان و ئاوابوونی بەهێزترین میرنشینی کوردی ئەم سەردەمە قسەی لەسەر کراوە و دواتر قۆناغی دوای ڕووخانی میرنشی بۆتان خراوەتە ڕوو. کتێبەکە لە سێ بەش پێک هاتووە و لە هەر بەشیکدا کار لەسەر ژنە هەڵکەوتووێکی بنەماڵەی بەدرخانیان کراوە. لە سەرەتای هەر بەشێکی کتێبەکەدا نووسەر ڕۆڵی باوکی ئەم ژنانەی خستووەتە ڕوو و دواتر بە وردی ژیان و بەسەرهاتی ژنە بەدرخانییەکانی نووسیوەتەوە و ڕۆڵ و پێگە و کارەکانیانی خستوەتە ڕوو. ئەم ژنە بەدرخانییانەی لەم کتێبەدا کاریان لەسەر کراوە بریتین لە: 1- (#لەیلا بەدرخان# 1908-1986) ئەستێرەی گەشی سەما و مۆسیقای کوردی و یەکەمین ژنە سەماکاری کورد لە مێژوودا. 2- (#ڕەوشەن بەدرخان# 1909-1992) ژنە چالاکوان و نووسەر و وەرگێڕی کورد. 3- (#سینەم بەدرخان# 1938) ڕووناکبیر و نووسەر و کەسایەتی کورد.
سینەم جەلادەت بەدرخان لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی: (بەر لە هەموو شتێک دەمەوێت سوپاسێکی بێ پایانی نووسەری هێژا بوخاری وشیار بکەم، کە دڵسۆزانە گرنگی بە مێژووی بنەماڵەی بەدرخانییەکان داوە و لەم کتێبەدا ژنە بەهرەمەندە بەدرخانییەکانی بەسەر کردووەتەوە و بیۆگرافیای نووسیونەتەوە و ئاوڕیکی پێویستی لە مێژووی بنەماڵەکەمان داوەتەوە. ئەوەندەی منیش لە دەستم هاتبێت بۆ ئەم کارەی یارمەتیم داوە و تا توانیبێتم ئەرشیفی بنەماڵەکەمانم خستووەتە بەردەستی بۆ نووسینەوەی ئەم مێژووە...)
بنەماڵەی بەدرخانیەکان یەکێکن لە بنەماڵە هەرە دێرینەکانی کورد و جێ پەنجەیان لە مێژووی سیاسی و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی ئێمەدا دیارە و چەندان کەسایەتی دیاریان لێ هەڵکەوتووە و هەمیشە خزمەتیان بە بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی کردووە و بۆ دۆزی کورد زەحمەتی زۆریان کێشاوە. ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی باش دەبێت بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بنەماڵەی بەدرخانییەکان و ئەم ژنانەی کە لەم بنەماڵەیەدا هەڵکوتوون و جێ پەنجەیان بەسەر مێژووی کورددا دیارە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 1,510
Donnez votre avis sur ce produit!