سایەقەی ساماڵ، هەوری فەڕەنگی، دوو ئاو لە جامێ هەریەک لە ڕەنگی
یان:
سایەقەی ساماڵ قەڵەم فەڕەنگی، دوو ئاو لە جامێ هەریەک لە ڕەنگی
وەڵام: سپێنە و زەردێنەی هێلکە
لە زمانی کوردیدا بە (سپێنە)ی هێلکە دەشوترێت (چەرمێنە)
چەرموو واتا سپی، هەندێک کەس بە ئەسحابە سپییان دەوت: ئەسحابە چەرموو.
1- سایەقە: لەنێوەڕاستی وەرزی پایز ەوە تاکو مانگێک بەهار، هەر شەوێک ئاسمان ساف و بێگەرد بێت و هەوری پێوە نەبێت بەو شەوە دەڵێن سایەقە، لەو شەوانەدا سیخوار لەسەر گژوگیا دەنیشێت و ئاوەکان دەیبەستن و ڕێگەوبان دەبێتە شەختە و سەهۆڵبەندان، خۆ ئەگەر کزەبایەکیشی هەبێت لە کوردەواریدا دەڵێن ئەمشەو زۆر ساردە وەک چەقۆ دەیبڕێت واتە کاریگەریی سەرماکە هێندە زۆر دەبێت جلوبەرگ و پۆشاک نایگرێتەوە و سەرماکە کار لە ناخ و هەناوی مرۆڤ دەکات.
2- ساماڵ: لە وەرزی بەهار کاتێ هەوا خۆش دەبێت و سێ مانگەی هاوین تاکو ناوەڕاستی پایز کاتێ ئاسمان ساف و بێگەرد بێت و هەور نەبێت دەوترێت ئەمشەو ئاسمان ساماڵە.
ئەم مەتەڵە بەمشێوەیەش دەوترێت:
#هەر ساڵێ ساڵێ، هەر دەورێ دەورێ# دوو ئاو لە جامێ، هەریەک لە ڕەنگێ
دەور: چەرخی ڕۆژگار، هەر ساڵێ ساڵێ، هەر دەورێ دەورێ واتە: لە هەموو ساڵێک و لە هەموو کات و چەرخ و ڕۆژگارێکدا هەیە، دوو ئاو لە جامێ، مەبەست لە زەردێنە و سپێنەی هێلکەیە، لە شلیدا بە ئاو و قەپاغی هێلکەش بە جام چووێنراوە، هەریەک لە ڕەنگێ مەبەست لە سپێنە و زەردێنەیە کە ڕەنگیان زەرد و سپییە. وەڵام (زەردێنە و سپێنەی هێلکە) . [1]