دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە خۆ ئامادەکردنێکی باشدایە بۆ ئەو پێشانگا نێودەڵەتییەی کتێب، کە بڕیارە مانگی یانزەی 2022 لە تاسڵوجەی سەر بە شاری #سلێمانی# بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆری دانسقە و سەرچاوەی گرنگ، بەشداری دەکات، یەکێک لەو کتێبانە بریتییە لە (خولیاکانی کەوشەنی با) بابەتەکانی ئەم کتێبە دووبەرگییە فۆلکلۆرین و ئاشنامان دەکەن بە ئەدەبیاتی زارەکی کوردی و کۆمەڵێک داستان و چیرۆکی فۆلکلۆری چێژبەخشی کوردی، ئەم کتێبە لە لایەن (بێهناز، شاناز، حسێن)ەوە کۆکراوەتەوە و پێشەکیی بۆ نوسراوە.
چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە دووبەرگییە بریتین لە : نازدار و کوڕە کەچەڵە، مام سۆفیلکە و سەتمەن پوڵە و گیسکە، هەزار و یەک فێڵی دەڵەک و لەتە فێڵی ڕێوی، قسە لە جێگای ناخۆشەوە دێتە دەرێ…و چەندین داستان و چیرۆکی دیکەی چێژبەخش.
وەک لە پێشەکیی کتێبەکەشدا ئاماژەی پێ دراوە، ئەدەبیاتی زارەکیی هەر کۆمەڵگەیەک زێی هزرین و خولیاکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێک دێنێ، ئەدەبیاتی زارەکی ئەو زەوییەیە کە ئەدەبیاتی نووسراوی لەسەر بینا دەکرێت و ناسینی ئەدەبیاتی زارەکیی گەلی خۆت، بە واتای ناسینی سەرچاوەکانی ئافراندنی بەرهەمی نوێ لەسەر ژێرخانی ئەو زمانەیە.
ئەوەی زانراوە فۆلکلۆر، وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی (Folk+Lore) ی ئینگلیزییەوە هاتووە، کە یەکەمیان مانای (خەڵک یان گەل) دەگرێتەوە و دووەمیان مانای (چیڕۆک، ژیریی، هونەر و زانست) دەگرێتەوە، واتە سامان یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە هەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن کە بە درێژایی مێژوو دەستکرد و بەرهەمی خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جل و بەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و هۆی تێدا خواردن (قاپ، کاسە، کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر کە شەقڵی تایبەتی کۆنی میللەتێک لە بەرهەمێکی دەستکرد یان بەرهەمی بیردا بهێڵێتەوە.
ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرهەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرهەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماو دەم و پشتا و پشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە ئەدەبی فۆلکلۆر بە بەرهەمی تاقە کەسێک دادەنرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ هەموو میللەت، بەرهەمێکە کە هەموو گەل خوڵقاندویەتی، بەرهەمی فۆلکلۆری شێوەیەکی سادەی وای هەیە کە هەموو گەل تێی بگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلە، یان ئەو زەمان و دەوری خۆی پێوەیە.
بەرهەمی فۆلکلۆر ئێجگار زۆر لە ناو خەڵک بڵاوە، تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاهێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا، کەم کەس هەیە شتێک لە فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانێت و لەبەری نەبێت و بە گوتن و گێڕانەوە دەری نەبڕێت.
ئەدەبیاتی فۆلکلۆر لە ناو هەر میللەتێکدا، چەندین بەش و جۆری هەیە و ئەم بەش و جۆرانە ڕەنگە هەندێکیان لە فۆلکلۆری هەموو میللەتدا، یا لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن و ڕەنگە هەندێکیان جیا بن، لەبەر ئەمە هەر میللەتە دەتوانێت چەشنەکانی بەرهەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەستنیشان بکات.
لەسەر چەمکی فۆلکلۆر، وەکو هەر چەمکێکی دیکەی کۆمەڵایەتی و Aکولتووری پێناسەی جیاواز لە ئارادایە و لە نێوان شارەزایانی ئەم بوارەدا هەر کەسێک بە جۆرێک ئەم چەمکەیان پێناسە کردووە، خستوویانەتە بەرباس، شرۆڤە کردن. بەڵام لە نێوان ئەم پێناسەجۆراوجۆرانەدا بە گشتی هەندێ خاڵی هاوبەش هەیە کە هەموویان هەریەک بە شێوەیەک پێداگری لە سەر دەکەن، ئەگەرچی من لێرەدا نامەوێ بچمە ناو ئەم وردە کارییانەوە. چەمکی فۆلکلۆر چەمکێکی زۆر کۆن نییە، ئەگەرچی حیکایەت لە شتی زۆر کۆن دەکا. وشەی فۆلک بە مانای خەڵک، لۆکاڵی و عەوامانە بەکار هێنراوە و لۆر بە مانای زانست و ئاگاهی هاتووە، واتە بە گشتی با مانای “کولتووری خەڵک” و “کولتووری عەوامانه” (ڕەشۆکی) هاتووه.
وشەی فۆلکلۆر بۆ یەکەمین جار لە لایەن “ویلیام تامز”ی ئینگلیزی، کارناسی کەل و پەلی کۆن لە ساڵی 1846 زایینی بە کار هاتووه (ماڵپەڕی ویکیپێدیا). ناوبراو لە نامەیەکدا بۆ خەڵکی ئاتێن دەنووسێ بۆ لەمه و بەدوا بە جێگەی بەکارهێنانی وشەی داب و نەریتی ڕەشۆکی یان “ئەدەبیاتی ڕەشۆکی” وشەی فۆلکلۆر بەکار بهێنن، دەتوانین بڵێین فۆلکلۆر لای ویلیام تامز بە گشتی کردەوە، ئەرک، داب و نەریت، جۆک، خۆرافات، پەندی پێشینیان، قسەی نەستەق، سیحر و جادو و ئەدەبی زارەکی و هەموو شتێکی کۆن لەخۆ دەگرێت.
لە پێناسەیەکی دیکەدا کە لە لایەن ڕێکخراوەی یونسکۆ لەسەر فۆلکلۆر کراوە، (فۆلکلۆر کۆیەک بەرهەمی زەینی مرۆڤە کە کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکی دیکە جیادەکاتەوە و هەندێ بابەتی وەکوو چیرۆک، شێعر، ئەدەب و ئەفسانەی ناوچەیی و لۆکاڵی، نووسین، هێماکان، ئاسەواری هونەری، کەرەسەی موزیک ژەندن و پیشەی دەستکرد، خانووبەرە درووستکردن، ئاسەوارەی مێژووییەکان، شێوەی مێعماری و هەندێ شتی دیکەی لەم بابەتە دەگرێتەوە) (حەبیبی، 1388 : 15). لە پێناسەیەکی دیکەدا، کریستیەن ئەلیسۆن پێیوایە (چەمکی فۆلکلۆر لەناو کورداندا زۆربەی کات بە مانایەکی بەربڵاو هاتووە و زۆر شتی وەکوو کردار و شتە نەرەتییەکان لەخۆ دەگرێ و دەتوانێ فۆڕمی کولتووری مادی و هونەری لەخۆ بگرێ) (ئەلیسۆن، 1384 : 85)، ئەگەرچی مەبەستی ئێمە لێرەدا بەشی مادی کولتوور نییە. بەڵکو لەم باسەی ئێمەدا مەبەست لە فۆلکلۆر ئەدەبی زارەکی یان درووستتر بڵێین هونەری زارەکییە، چونکە پەند و قسەی پێشینیان و مەتەڵ دەچێتە ئەم خانەیەوە. لە دوای پێناسەکردنی چەمکی فۆلکلۆر وەکو چەمکێکی گشتی و بەربڵاو دەمەوێ بێمە سەر باسی پەند و مەتەڵ و قسەی پێشینیان کە وەکوو بەشێکی فۆلکلۆر بەئەژمار دێت. چەمکی پەندیش زۆر باسی لێکراوە و چەندین پێناسەی لێکراوە. لە بەرانبەردا کەسانێک وەکوو ئارکێر تایلۆر، میدر، پیتەر گریزبەک و دێهخودا پێیان وایە کە پەند پێناسە ناکرێ.
بۆ وێنە میدر دەڵێ: (دەتوانم بڵێم ڕادەی پێناسەی پەندەکان زۆرتر لە خودی پەندەکانە) (پارسا، 1387 : 9). هەروەها بابەک ئەحمەدی دەڵێ: (داهێنەری پەندەکان نەناسراون، بەڵام لەلایەن هەموو خەڵکەوە قەبووڵ کراون. سەرەکیترین تایبەتمەندی پەند لە نێوان هەر میللەتێکدا خۆبەخۆبوون، واتە هەڵقوڵاوی ناو هەناوی کۆمەڵگا، دووپاتبوونەوە و خەڵکیبوونیانه. هەروەها کەسانێک وەکوو مامۆستا عەلائەدین سەجادی پێیان وایە کە لە نێوان پەند و قسەی نەستەقدا جیاوازی هەیە، واتە پەند داهێنەری دیاری نییە، بەڵام قسەی نەستەق داهێنەرەکەی ناسراوە) لە کۆبەندی ئه و شتانەی کە گوترا دەتوانین بڵێین پەند ئاوێنەی باڵانوێن، ئەرشیڤی بیری مێژوویی هەر میللەتێک، ڕەنگدانەوەی داب و نەریتی باو و باپیران، شێوەی ژیان و مانابەخشین بە ژیان و دواتر دەکرێ بڵێین هێمای ڕاستەقینەی نەتەوەیە. پەند و قسەی پێشینیان میراتی کولتووری و گەنجینەیەکی تاقانەی پڕبایەخی مەعنەوییە کە بۆ ڕابردوویەکی زۆر کۆن دەگڕێتەوە تا ئه و جێگەیە کە هەندێ کەس پێیان وایە پێش لە بەدیهاتنی خەت و نووسین، سەریهەڵداوە. بە کورتی دەتوانین بڵێین پەند و قسەی پێشینیان ڕەنگدانەوەی خۆشی و ناخۆشی، چاکی و خراپی کۆمەڵایەتی ئێمەن. مەتەڵ، یەکێک لە جۆرەکانی دیکەی فۆلکلۆرە و نیشانە و تایبەتمەندی شتێکە، بێ ئەوەی که ناوێک لە شتەکان ببەن لە بیسەر پرسیار دەکرێ و مەبەست لەم کارە لە ڕاستیدا جۆرێک هەڵسەنگاندنی هۆشی بیسەر و کێبرکێیە و زۆرتر بە وشەی “چییە” دەست پێدەکا، بە واتایەکی دیکە “مەتەڵ قسەیەکی پۆشراوەیە لە وەسف و هەڵسەنگاندنی شتێک لەگەڵ شتێکی دیکەدا یان شتانێکی دیکەی بە تەواوی جیاواز. [1]