پەیماننامەی سیڤەر، کورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە
ئامادەکردنی: زاهیر سدیق
سیڤەر شارۆچکەیەکی نزیک پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، سەرانی چەندین دەوڵەتی زلهێزی جیهانی ئەو کاتەی لەخۆی کۆکردەوە، تا ڕێگا چارەیەک بۆ دەرئەنجام و دەستکەوتەکانی چوار ساڵی جەنگی یەکەم بدۆزنەوە، ئەو شارۆچکەیەش بووە پێگەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، کە هەر بەو ناوەوە ناونرا پەیمانی سیڤەر. بەمەش نەک هەر شارۆچکەی سیڤەر بەڵکوو پەیمانی سیڤەریش چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە، کە یەکێک بووە لەو پەیماننامانەی لەلای کورد بیرەوەرییەکی خۆشی درووست کردووە، بێ ئەوەی هیچ لەبەرهەمەکانی بخوات، پەیمانی سیڤەر خۆی لەخۆیدا ڕێککەوتننامەیەک بوو، لە10 ئابی 1920 لەلایەن دەوڵەتانی بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیکا و یۆنان و پۆڵەندا و پرتوگال و ڕۆمانیا و سیبریا و کرواتیا و سلۆڤینیا و چیکسلۆڤاکیا و تورکیای عوسمانی و ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا وەک چاودێر واژۆکرا، لەکاتی کۆبوونەوەی سەران و نوێنەرانی ئەو وڵاتانەش، نوێنەرانی هەر یەک لەعەرەبەکانی حیجاز بەسەرۆکایەتی فەیسەڵی کوڕی حسێن و کوردەکانیش بەسەرۆکایەتی ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان ئامادەبوون و هەر یەکەیان ڕاپۆرتێکیان لەسەر بارودۆخی نەتەوە و وڵاتەکەیان و داواکاری لەسەرانی وڵاتان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان پێشکەش کرد. لەو پەیمانەدا کە چوار سەد و سی و دوو بەندی لەخۆ گرتبوو زۆربەی خواست و داواکاری و بەرنامەی کاری دەوڵەتانی هاوپەیمانانی تێدا بەدی کرا، لەسەر ئەو بڕوایەی دوای چوار ساڵ شەڕ لەجەنگی جیهانی یەکەمدا 1914 تا1918 بەسەرکەوتوویی کۆتاییان بەدەسەڵاتدارێتی ئیمبراتۆریەتی ئەڵمانیا و ئیمبراتۆریەتی نەمسا و مەجڕ و ئیمبراتۆری عوسمانی هێنا و خۆیان پێکەوە بوونە تاکە زلهێزی و میراتگری زەوی و سامانی ئەو دەوڵەتە تێکشکاوانەی جەنگ، کۆبوونەوە و کێشە و خواستی دەوڵەتانی هاوپەیمان لە چوارسەد و سی مادەدا زۆرزۆر دەهێنێ قسەی لەسەر بکرێ، بەڵام ئەوەی جێگای خواست و مەبەستی ئەم بەرنامەیەیە کە تاچەند پەیمانی سیڤەر خواستەکانی کوردی جێبەجێ کرد یان تاچەند ئاوڕی لەکورد دایەوەو خاکە دابەشکراو و داگیرکراوەکانی بۆ ئازاد کرد، لەپەیمانی سیڤەردا سێ مادە تایبەت بوو بە کوردستان و گەلی کورد، ئەوانەش مادەکانی شەست و دوو و شەست و سێ و شەست و چوار بوون بریتین لەمادەی شەست و دوو، لیژنەیەک لەسێ ئەندام پێک دەهێنرێ لەبەریتانییەک و فەڕەنساییەک و ئیتاڵییەک کە حکومەتەکانیان دیارییان دەکەن، مەڵبەندی لیژنەکەش شاری ئەستەنبوڵ بوو، کە لەماوەی شەش مانگدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، تا ڕاپۆرتێک سەبارەت بەمافی فەرمانڕەوایەتی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو ناوچانەی زۆرترین دانیشتووانی کوردن ئامادە بکەن، ئەویش ناوچەیەکە کەوتووەتە خۆرهەڵاتی فورات و باشووری ئەرمینیا و باکووری سنووری ئێراق و سووریا، کە لەبەندی بیستوحەوتی مادەکانی سێ سەد و بیست و دوودا هاتووە، هەروەها ئەگەر هەریەک لەئەندامانی لیژنەکە بڕیاریان لەسەر کێشەیەک لەکێشەکان نەدا، ئەوە بۆیان هەیە کێشەکە بەرەو ڕووی حکومەتەکەیان بکەنەوە، هەر لەم پڕۆژەیەشدا پێویستە مافی پاراستی ئاشووری و کلدانییەکان وکەمە نەتەوەکان و ئایینە کەمینەکان زامن بکرێت، کە لەخاکی کوردستاندا دەژین، هەروەها لیژنەیەکیش لە بەریتانییەک و فەرەنسایەک و ئیتاڵی و ئێرانی و کوردێک دەنێردرێنە ناوچەکە بۆ مەبەستی پێشوو، ئەو لیژنەیەش لەتوانایاندایە گۆڕانکاری لە سنووری تورکیادا بکەن ، بە مەرجێک لەگەڵ بەندەکەکانی پەیماننامەکە و سنووری ئێراندا بگونجێ، مادەی شەست و سێ دەوڵەتی عوسمانی پەیمان ئەدا لەماوەی سێ مانگدا سەرجەم بڕیارەکانی مادەی شەست و دوو لەبەرنامەی کاری لیژنەکان دوای دەرچوونی بریارەکانی لیژنەی تایبەت بەمادەکە جێبەجێ بکات. مادەی شەست وچوار ئەگەر گەلی کورد کە لەمادەی شەست ودوو دا دیاری کراوە لەماوەی ساڵێکدا ڕووی کردە کۆمەڵەی گەلان و زۆرترین دانیشتووانی ناوچەکە ئارەزووی جیابوونەوەیان لە تورکیا کرد و ئەگەر کۆمەڵەی گەلان زانیان ئەو گەلە شایەنی ئەو سەربەخۆییەن، ئەوا ئامۆژگاری تورکیا دەکەن و تورکیاش پەیمان ئەدا واز لە هەموو مافەکان لەناوچەی ناوبراودا بهێنێ و لە هەمان کاتدا هێزە هاوپەیامانەکان هیچ کۆسپێک نەخەنە بەردەمیان، تەنانەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە کوردییە ئارەزوومەندی یەکگرتنی کرد لەبەشی ویلایەتی موسڵ یان بەپێچەوانەوە لەکاتێکدا کۆمەڵێک هیوا و ئامانج وخواستی کورد لەخاکە داگیرکرا و دابەشکراوەکەی هاتەدی، بەڵام تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ نەکردنی ئەو مادانە پرسیارن، ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بووە خەونی کورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو کات ئەو پەیمانە و بەندەکانی بۆ کورد بچوایەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئێستا واقیعی کورد و کوردستان شتێکی تر دەبوو.
$لایەنی دۆڕاو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو$
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان لەئەنجامی ململانێیەک چەندین ڕێککەوتننامەی نێوان ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەکان دواجار بەشێکی زۆری کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەوە، بەم شێوەیە کوردستان بەشێکی زۆری لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا مایەوە تاوەکو هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی یەکەم، لەجەنگی جیهانی یەکەمدا ئیمبراتۆریەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا و ڕووبەڕووی هاوپەیمانان بووە، ساڵی 1914 کاتێ کە جەنگی جیهانی دەستی پێکرد، یەکێک لەلایەنەکانی جەنگی جیهانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو، لەکۆتاییدا بێگومان لایەنی دۆڕاو ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو، بەتایبەت بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ڕووسیا ئەمانە براوەی جەنگی جیهانی یەکەم بوون و لەئەنجامدا کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی ئاشتیان بەست کە لەرێگەی ڕێکەوتننامەکانی ئاشتییەوە ئیرادە و ستراتیژی خۆیان بەسەر دەوڵەتانی دۆڕاودا فەرزکرد، بەسەر ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا، بۆیە لەئەنجامدا یەکێک لەو ڕێککەوتننامانەی ئاشتی بریتی بوو لەرێکەوتننامەی سیڤەر کە بەسترا لەنێوان ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتانی تر، بەتایبەت بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.
$کورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە$
مامۆستا گۆران برایم: بێگومان پەیمانی سیڤەر یەکێک لەئەنجامەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، کە لەو کاتەدا دوای سیلسیلەیەک پەیمان، دوای کۆنگرەی ئاشتی پاریس، دوای پەیمانی سانڕیمۆ، یەکێک لەو پەیمانە گرنگانەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی هاتەکیایەوە مەسەلەی پەیمانی سیڤەرە، بێگومان پەیمانی سیڤەر وەرچەرخانێکی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بوو سەبارەت بە کورد، چونکە یەکەم جاربوو لەسەر ئاستی جیهان بڕیارێکی نێودەوڵەتی ئاوا دەرچێت سەبارەت بەمافی کورد و درووستکردنی دەوڵەتێک کیانێک لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان ئەم بڕیارە لەڕووی یاسایی هێزێکی گەورەی هەبوو، ئەو کاتە کورد نەیتوانی ئەو هەلە بۆ خۆی بقۆزێتەوە، هەروەکو جوولەکەکان مەسەلەی بڕیاری بەلفۆریان بۆ خۆیان قۆستەوە، بەڵام کورد لەوکاتەدا نەیتوانی ئەو هەلە بۆخۆی بقۆزێتەوە و دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆخۆی درووست بکات.
$قسە لەسەر بچوکبوونەوەی هێزی چەکداری دەوڵەتی عوسمانی دەکرا$
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری و گرنگی لەخۆگرتبوو، تەنیا پەیوەندی دار نەبوو بە کوردەوە، بەڵکوو قسە لەسەر سەربەخۆیی ئێراق وسووریا ئەکرا تا بخرێتە ژێر ئینتیدابی بەڕیتانیا و فەرەنسا، قسە لەسەر سەربەخۆیی ئەرمەنەکان دەکرا، قسە لەسەر بچوکبوونەوەی هێزی چەکداری دەوڵەتی عوسمانی دەکرا، قسە لەسەر هەندێ ناوچەی وەک جەزیرە و دەریاچەکانی نێوانی یۆنان و تورکیا دەکرا کە بدرێتە دەست یۆنان، و هەندێک ناوچە لەچەک دابماڵێ، شتێک کە گرنگی خۆی هەبوو بەنیسبەت کوردەوە لەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەدا داننرابوو بەدرووستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورد کە لەهەندێک لەبڕگەکانیدا، بەتایبەت لەمادەکانی شەست و دوو و شەست و سێ و شەست وچواردا جەخت لەسەر ئەوە دەکرایەوە کە بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا پێکەوە لیژنەیەک درووستبکەن، ئەم لیژنەیە جۆرێک لەحوکمی زاتی بە کوردەکان بدات، تاوەکو بگاتە ئاستێک کوردەکان بتوانن مومارەسەی جۆرێک لەسەربەخۆیی بکەن، دواجار ئەگەر هاتوو زۆرینەی ئەو ناوچانەی کە کورد تێیدا نیشتەجێ بووە، بەتایبەتی کوردستانی باکوور، ئەگەر زۆرینە بڕیاریان لەسەر دەوڵەتێکی کوردیدا لەرێگەی لیژنەکەوە بدرێتە دەست کۆمەڵەی گەلان کە ئەوکاتە عوسبەتوئومەم بوو، ئەوانیش ڕاسپاردەی خۆیان بدەن بەدرووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی ولەرێککەوتننامەدا لەرێگەی ئەم مادانەوە جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە دواجار ئەبێ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بەدەرئەنجامی ڕاپرسییەکەی خەڵکی کوردستان ڕازی بێت ئەگەر داوای سەربەخۆیان کرد ئەبێ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دان بەدەوڵەتی سەربەخۆیی کوردا بنێ، لەرێگەی ڕێکەوتننامەی سیڤەرەوە و پاشان تەنازول لەمافەکانی خۆی بکات، لەناوچە کوردنشین دانرابوو بەتایبەت ناوچەی کوردستانی باکووری بەتەواوەتی ئەگەرتەوە، لەرێگەی ئەو ڕێکەوتننامەیەوە جەخت لەسەر ئەوە کرابووە کە ئەگەر هاتوو ویلایەتی موسڵ کە کوردستانی باشوور یان کوردستانی ئێراق ئەگرێتەوە ئەگەر ئەمانیش مەبەستیان بوو ئارەزوومەندان بچنە پاڵ دەوڵەتەکە. واتە دواجار ئەوەی کە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە لەرێکەوتننامەی سیڤەردا بەتەواوەتی جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتێکی کوردی بۆ درووستبکەن، لەژێر چاودێری عوسبەت وئومەمدا.
مامۆستا گۆران برایم: ئەوە بۆ کەمالییەکان وەک پەتی سێدارە لەقەڵەمیان ئەدا، دوا بەدوای ئەوە سەیر دەکەیت تورکەکان کەوتنە گڕ بۆ ئەوەی ئەو پەیماننامەیە شکست پێبهێنن، بەفیعەلی شکستی هێنا و سەرکەوتووش بوون تێیدا. دوای سەرکوت کردنی کوردەکان و دوای ڕازی کردنی بەشێکی تریان سەیر دەکەیت ئەرمەنەکانیشیان سەرکوت کرد، لەلایەکی دیکەوە هەموو هەوڵەکانیان خستە گڕ بۆ ڕازی کردنی وڵاتانی ڕۆژاوا ئیتر بەرێکەتن بێت لەگەڵیاندا بەبەڵێنی دوای پەیماننامەکە بێت، یاخود بەئاگر بەست بێت، هەر چۆنێ بوو هەموو وڵاتانی ڕۆژاواشیان ڕازی کرد بۆ ئەوەی ئەو پەیمانە شکست پێ بێنێنن، و بەفیعەلی توانیان شکستی پێبهێنێ.
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی یاسایی و دوور لەهەستی نەتەوایەتی سەیری بکەین پێمان وایە کاتێ ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لەبەینی ژمارەیەک دەوڵەتدا ئەبەسترێ وەکوو ڕێکەوتننامەی سیڤەر، تەنیا ئیمزاکردن ئەم ڕێکەوتننامەیە ناخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆیە ڕێکەوتننامەکان لەڕووی یاساییەوە بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێک لەسیفەتی میزانی لەسەر دەوڵەتانی ئەندام درووستبکەن و دەوڵەتانی ئەندام ناچار بکرێ بە پابەند بوونیان بەم ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیانەوە، بێگومان ئەبێ ڕێکەوتننامەکان پاش ئیمزاکردنیان ببرێنەوە لە وڵاتەکانی خۆیان پەسەند بکرێن، بێگومان بەڵگە یاسایی و مێژووییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا دەوڵەتێک تەسدیقی ئەم پەیماننامەیەی کردبوو دەوڵەتی ئیتاڵیا بوو، بەڵام دواجار ئیتاڵیاش تەسدیقەکەی کێشایەوە کردەوە، بۆیە ئەتوانین بڵێین هیچ دەوڵەتێک نەمایەوە لەئەندامانی ناو ڕێککەوتننامەکە پەسەندی کردبێ و کە پەسەندیش نەکرێ لەروانگەی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە هیچ ئیلتیزامێک لەسەر دەوڵەتانی ئەندام درووست ناکات، بۆیە من پێم وایە بەتەواوەتی نەبوو بەرێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی وا کە بتوانێت لەرووی یاساییەوە ئیلتیزام لەسەر دەوڵەتانی ئەندام درووست بکات، تاوەکو پابەند بن بەو ڕێکەوتننامەوە، لەبەر ئەوە تەنیا وەکوو شتێکی سیاسی مایەوە لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی ئەو سیفەتی ئیلتیزمی وەربگرتایە پێویستی بەپڕۆسەیەکی تر هەبوو کە بێگومان نەچوو بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆیە من باوەڕم وایە لەروانگە یاساییەکەوە بەتەواوی نەبووە ڕێکەوتننامەیەکی مولزەم تاوەکو قسە لەسەر ئەوە بکەین کە هەڵوەشاوەتەوە.
$دەوڵەتی تورکیا ناچار دەکات دان بەو کیانە کوردییەدا بنێ$
مامۆستا گۆران برایم: مەسەلەکە یەک لایی بوو بووەوە بەشێوەیەکی یاسایی بڕیارەکە درابوو، لەمادەی شەست ودوو وشەست و سێ و شەست و چوار کە دەوڵەتێک بۆ کورد درووست بکرێ، سەرەتا بەپێی مادەی شەست و دوو درووستکردنی کیانێکی ئۆتۆنۆمییە بۆ کوردەکان، بەشێکی زۆری ئەو ناوچە کوردییانەی ئەگرتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، بێگومان ئەمە بڕیارێک بوو لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە دەرچووبوو بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، دوای ئەوە مادەی شەست و دوو دەوڵەتی تورکیای ئەو کاتە ناچار دەکات دان بنێت بەو کیانە ئۆتۆنۆمییەی کە بۆ کوردەکان دائەمەزرێت، مادەی شەست و چوار جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە کە ئەو کیانەی دامەزراوە لەلایەن کوردەکان خۆیانەوە ئەگەر دوای ساڵێک بەزۆرینەی دەنگ ڕازی بوون بەجیابوونەوە لە تورکیا ئەو کاتە عوسبەت و ئومەم پشتگیریان ئەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
$گومانی تێدا نییە بەڵگەنامەیەکی مێژووی گرنگە$
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر بەمووچەرەد نەڵێین لەڕووی یاساییەوە بەتەواوەتی نەبووە ڕێکەوتننامەیەکی مولزەم، بەڵام گومانی تێدا نییە بەڵگەنامەیەکی مێژووی و سیاسی گرنگە، جۆرێک لەدانپێدانانی نێودەوڵەتییە کە ناوچەیەک هەیە ئەکەوێتە نێوان تورکیا و ئێراق و سووریا و ئێرانەوە پێی ئەوترێ کوردستان و خەڵکێکی تێدا نیشتەجێن پێیان ئەوترێ گەلی کورد. دانپێدانانێکی تری تێدایە کە ئەم خەڵکە لەرووی مێژووییەوە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دانی پێدا نراوەو مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، بۆیە ئەتوانین ئەم مافانە لەرێگەی ئەم ڕێککەوتننامانەوە کە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە هەڵهینجانێکی تێدا بکەین و سوودی لێ ببینین وەک بەڵگە نامەیەکی مێژوویی و سیاسی بەوەی گەلێک هەبووە پێیان وتراوە کورد و لە کوردستاندا نیشتەجێ بوون و مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، ئێمە لەو ڕوانگەیەوە و لەرووانگەی سیاسییەوە ئەتوانین سوودیان لێ ببینین.
$ئەمریکا ڕۆڵی هەبوو لەهەموارکردنەوەی ئەو بەندانە$
مامۆستا گۆران برایم: واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لەلایەن گەلێک لە دەوڵەتانی تری وەک فەرەنسا و ئیتالیا و یەکێتی سۆڤیەت و بێگومان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کە لەو کاتەدا چاودێرێک بوو، بەڵام دواتر ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەهەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی کە تایبەتن بەدرووستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد. بێگومان تورکیای کەمالی وەک هێزێکی ناسیۆنالیستی گەورە لەگۆڕەپانەکەدا دەرکەوتبوو، سەرەتا تورکیا یەکێک لەو هەلانەی قۆستییەوە ئەوەبوو پاش چەند مانگێک لەواژۆکردنی بەندەکانی پەیماننامەکە هەمووارکرایەوە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە، چونکە ئێمە دەبێ ئەو حەقیقەتەش بڵێن هێشتا موسادەقە نەکرابوو، مەجالی دەستکاری کردنی تێدا بوو، دوای ئەوە وەڵاتێکی وەک یەکێتی سۆڤیەت بەلای خۆیدا ڕاکێشێ بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت بۆ هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی سیڤەر، چونکە لەو کاتەدا تورکیا وای لەیەکێتی سۆڤیەت گەیاندبوو کە ئەمە پلانێکی ئیمپریالیستی وڵاتە ڕۆژاواییەکانە دژ بەتورکیا، هەر لەبەر ئەوە بوو یەکێتی سۆڤیەت پشتگیرییەکی گەورەی تورکیای کرد، لەلایەکی دیکەوە و ساڵانێک پێشتر تورکیا بەڵێنی بەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابوو تورکیا بکەوێتە ژێر مانداتی ئەمریکاوە، لەپاڵ ئەوە دا چەندین بەڵێنی تری بەویلایەتە یەکگرتووەکان دابوو. ئەمانەش پاڵی بەویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نا بۆ ئەوەی پشتگیری لە تورکیا بکات، بێجگە لەو بەڵێنانەی بەکۆمپانیا پترۆڵییەکانی ئەمریکای دابوو، لەلایەکی دیکەوە فەرەنسا لەگەڵ تورکیا ڕێککەوت و دوای ئاگر بەستێک پاشەکشێی لەو خاکانە کرد کە لە تورکیایە داگیری کردووبوو، ئیتاڵیاش لەلایەن خۆیەوە ئاگربەستی لەگەڵ تورکیادا واژۆ کرد، دوای ئەمە بەڕیتانیا کاتێ بەهەموو ئەمانەی زانی ئەویش بەناچاری لە تورکیا چووە پێشەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ڕێکبکەوێت و ڕێکیشکەوت، بەڵام ڕێکەوتنەکە لەسەر حیسابی کوردبوو، ئەوەشمان بیرنەچێ تورکیا توانی لەسەر ئاستی ناوخۆشدا کوردەکان بەکار بهێنێ چ بۆ بەرژەوەندی خۆی، چ دژ بەداواکارییەکانی بەڕیتانیا لەناو خاکی تورکیادا، چونکە لەو کاتەدا کوردەکان بەشێک بوون لەئەنجوومەنی نەتەوەیی تورک کە پێشتر دامەزرابوو، توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە چ بۆ بەرژەوەندی خۆی و چ بەدژی وڵاتە ڕۆژاواییەکان.
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان لەروانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە دواجار پڕۆسەی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی سیڤەری پڕۆسەی پەسەند کردنە، یاخود تەسدیق کردنە، هەر بۆخۆی پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی ئارەزوومەندانەیە، واتە پڕۆسەی پەسەندکردن جۆرێک لە ئارەزوومەندانەی داوەتە دەست دەوڵەتان. دەوڵەتان ئەو ڕێککەوتننامانەی لەسەرەتادا واژۆیان کردووە، دەتوانن ئارەزوومەندانە لەروانگەی یاساییەوە پەسەندی نەکەن، بۆ؟ چونکە ئەمە جۆرێک لە ئازادی داوە بەدەوڵەتەکان بۆ ئەوەی ڕێکەوتننامە یەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیمزا ئەکەن، کە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان بەپێی بەرنامە و ستراتیژ و سیاسەتی خۆیان لەیەکدانەوەیەک بکەن ئایا تا چ ڕادەیەک ئەو ڕێکەوتننامەیە لەگەڵ بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی ئەماندا یەک دەگرێتەوە، واتە بۆ خۆی ڕێکەوتننامەیەک ئیمزاش کرابێت ئارەزوومەندانەش ئیمزا کرابێت، دواجار ئارەزوومەندانە ئەتوانی پەسەندی نەکەیت و نەیخەیتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ڕاستە ئەم دەوڵەتانە ئیمزایان لەسەر کرد، بەڵام دواجار بەرژەوەندی ئەمانی تێدا نەبووە ئەم ڕێکەوتننامەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆیە دواجار لەروانگەی یاساییەوە پەسەندیان نەکرد بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتیان لەسەر درووست بێت، بەڵام ئەتوانین بڵێین لەروانگەی سیاسی و ئەخلاقییەوە جۆرێک لەبەرپرسیارێتیان لەسەر درووست بووە لەبەرانبەر ئەو بەڵێنانەی کە داویانە و ئەو ڕێکەوتننامەیەی ئیمزایان کردووە. زۆرجار بەڵگەنامە مێژوویەکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم ڕێکەوتننامەیەی ئیمبراتۆریەتی عوسماتنی بەستی بێگومان دۆڕاوی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو، دواجار لەناو تورکیادا بزووتنەوەیەکی نیشتمانی تورکی بەسەرپەرشتی ئەتاتورک سەری هەڵدا، کە زیاتر بزووتنەوەیەکی نیشتمانی تورکی بوو، گومانی تێدا نییە ئەم بزووتنەوەیە کە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی گۆڕی بۆ کۆماری هەر لەسەرەتاوە کاری لەسەر ئەوە دەکرد ڕێکەوتننامەی سیڤەرە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دواجار کە کۆماری تورکیاش درووستبوو جۆرێک لەئیستیغلالی کردنی ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەی کرد بەتایبەت لەنێوانی بەڕیتانیا و ڕووسیا کە زیاتر ئەو کاتە بزووتنەوەیەکی ئیشتراکی تێدا دەرکەوت بەسەر پەرشتی لینین، جۆرێک لەململانێی نێوان ئەوانیان ئیستیغلال کرد، جۆرێک لەدیبلۆماسییەت و سیاسەتی خۆی بەکابرهێنا تا ئەم ڕێکەوتننامەیە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بەتایبەتی لەسەرەتادا بزووتنەوەکەی ئەتاتورک خۆی وادەردەخست کە نوێنەرایەتی تورک و کورد دەکات و کوردەکان لەچوارچێوەی تورکیاداپارێزراون، لەلایەکی ترەوە فەرەنساش هەرچەند ئەندام بووە و قسە لەسەر ئەوە ئەکرێت هەر لەسەرەتاوە ڕازی نەبووە بەرێکەوتننامەی سیڤەر بەشێوەیک کە دەوڵەتێکی کوردی درووست بکات بۆ کوردەکانی کوردستان لەلایەکی ترەوە لەئەنجامی بەرژەوەندییەکانی بەڕیتانیا و بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا و دواجار سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئەتاتورک لەناوتورکیادا ئەمانە بۆ خۆی کۆمەڵێک هۆکار بوون دواجار گەیشتە ئەوەی واقیعی کۆمەڵی دەولی بەئاڕاستەیەکدا ڕۆیشت ڕێکەوتننامەکە لەرووی یاساییەوە پەسەند نەکرا، ئیتالیا تەسدیقی کرد و ئەویش دواجار تەسدیقەکەی کێشایەوە، لەئەنجامدا بەرژەوەندییەکانی ئەو کاتی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بێگومان بەو ئاڕاستەیەدا ڕۆیشت ئەم ڕێکەوتننامەیە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
$کورد سەرکردەی نەبوو$
مامۆستا گۆران برایم: لەو کاتەدا کورد لەسەر ئاستی نێوخۆیی خاوەنی سەرکردەیەک نەبوو کە سەرکردایەتی بزووتنەوەیکی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتی کورد بکات، ئەمە بەپێچەوانەی فارسەوە بەنموونە لەئێران ڕەزا شای پەهلەوی توانی سەرکردایەتی ئێران بۆ درووستکردنی ئەو دەوڵەتە کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئێراندا هەیە، لە تورکیا ئەتاتورک هەبوو، عەرەبەکان لەلایەکی دیکەوە خاوەنی سەرکردایەتی خۆیان بوون بۆ درووستکردنی دەوڵەتی عەرەبی، بەڵام کورد خاوەنی سەرکردایەتییەک نەبوو کە هەموو کورد لەژێر ئاڵایەکدا کۆبکاتەوە، و سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی بکات بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی، دوای ئەوە ئەو ڕێکخراو و ئەو کۆمەڵانەی لەو کاتەدا هەبوون ڕاستە لەهەوڵێکی گەورە زۆردابوون بۆ ئەوەی تواناکانی کورد یەکبخەن، چ ڕۆشنبیرەکان و چ عەشیرەتەکان، چ کەسایەتییە نوخبەکان، بەڵام ئەوانیش هێشتا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەو ڕێکخراوانەی لەو کاتەدا هەبوون بەتایبەتی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و کۆمەڵەی تەعالی کورد، جەعیەتی تەشکیلاتی ئیجتیماعی و پارتی میللی کورد هەموو ئەمانە کە لەوکاتەدا هەبوون بەراستی یەکەم پەیوەندییەکی پتەو و تەنسیقێکی بەهێز لەنێوانی خۆیاندا نەبوو، دوای ئەوە تەنسیقێکی بەهێز لەنێوانی ئەوان و خەڵکی خوارەوەدا نەبوو، یەکێک لەبەڵگەنامەکانی بەڕیتانیا لەدوای پەیمانی سیڤەرەوە باسی لەوە کردووە کورد نەیتوانیوە پەیمانی سیڤەر بۆ خۆی بقۆزێتەوە، یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوە بوو کە سەرکردایەتییەک لەکوردا نەبووە هەموو کورد لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە بۆ درووستکردنی دەوڵەت، ئینجا ئاماژەشی بەوە کردووە کوردەکان خۆشیان لەناوخۆیاندا ناکۆکن، ئەم عەشیرەت لەگەڵ ئەو عەشیرەت ڕێکناکەوێ، ئەگەر دەسەڵات بدرێ بەهەر لایەنێک لایەنەکەی تر قبووڵی ناکات.
د. پێشڕەو حەمە جان: وەکوو ئەوەی بتوانین لەروانگەیەکی یاساییەوە تورکیا ناچاربکەین، بێگومان ناتوانین، بەڵام گومانی تێدا نییە وەک بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی کە ڕۆژگارێک هەبووە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دانی ناوە بەوەی ناوچەیەک هەیە پێی دەوترێ کوردستان و کوردی تێدا نیشتەجێیە، ئەتوانین لەم ڕێگەیەوە کاری لەسەر بکەین، بەڵام ئەمە بەزۆرەملێ نابێ بەتایبەتی ئەمڕۆ دەوڵەتێک هەیە ناوی دەوڵەتی تورکیایە، بەڵام ئەگونجێ لەگەڵ یەکانگیرکردنی بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتانی زلهێز، بێگومان هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە ئێمە ئەگەر بتوانین کاری لەسەر بکەین.
$هەنگاوێکی تر بۆ سەربەخۆیی$
مامۆستا گۆران برایم: ئەگەر سەیر بکەیت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە بەو ناوچانە ئەبەخشرا زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن ئەمە خۆی لەخۆیدا هەنگاوێک بوو بەرەو سەربەخۆیی، ئەگەر ئەو ئۆتۆنۆمییە بە کورد ببەخشرایە لەوکاتەدا و ساڵی دوای ئەوە لەرێگەی ڕیفراندۆمێکەوە زۆرینەی کورد دەنگی بدایە بەسەربەخۆیی ئەو کاتە ئەیتوانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێ و لەگەڵ ویلایەتی موسڵ و ئەو سنوورەی دیاریشکراوە.
$لە ئاستی درووستبوونی دەوڵەتی کوردیدا ڕێگر هەبوو$
د. پێشڕەو حەمە جان: من ئەمەوێت بە چەند خاڵێک وەڵام بدەمەوە یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە ئێمە پێمان وانەبێت کە هەموو ئەو نەخشە سیاسییانەی دەوڵەتانی پێدرووست بوون لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم هەمووی لەئەنجامی ڕێکەوتننامەی سیڤەر درووست بووبێ، چونکە لەناوەڕاست و کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا لەنێوان دەوڵەتانی هاوپەیماندا چەندین ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی بەسترا لەوانە ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ، ڕێکەوتننامەی سانڕیمۆ و چەندین ڕێکەوتننامەیان بەستبوو کە هەندێکیان تایبەت بوون بەدابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، واتە لەم ڕێکەوتننامەانەدا کاری زۆریان لەسەر کردبوو نەک تەنیا لەرێکەوتننامەی سیڤەردا، بێگومان خاڵێکی تریش کە دەمەوێت لەسەری بدوێم، ئیمبراتۆریەتی عوسمانی لەوکاتەدا دۆڕاوی جەنگی جیهانی بوو بۆیە دەوڵەتانی هاوپەیمان هەرچییەکیان بویستایە ئیرادەی خۆیان زۆر بەئاسانی فەرز ئەکرد بەسەر ئەم دەوڵەتەدا، بۆیە نیازیان وابوو چەندین دەوڵەت درووست بکەن، یەکێکیش لەو دەوڵەتانە دەوڵەتی کوردی بوو، بەڵام دواجار ئەم ئیرادەیە وەکوو خۆی نەمایەوە، دەوڵەتەکانی تر درووستبوون، بەڵام ئیرادەی دەوڵەتە کوردییەکە نەمایەوە. خاڵێکی تر ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم ئەو دەوڵەتەی کە بووە جێگرەوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆماری تورکیا بوو کە بەسەرپەرشتی ئەتاتورک ئیشی تێدا ئەکرا، بێگومان هەندێ شوێنی وەک ئێراق و سووریا و حیجاز ئیشیان بۆ دەکرا تا ببن بەخاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئەگەر ڕێگرێک نەبووبێ، بەڵام لەئاستی درووستبوونی دەوڵەتی کوردیدا ڕێگر هەبوو، بەتایبەتی کۆماری ئەو کاتی تورکیا کاری لەسەر ئەوە کرد ئەم دەوڵەتی کوردییە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆیە ئەوانی تر چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و کورد نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە، خاڵێکی تر فەرەنسا هەر لەسەرەتاوە ڕازی نەبوو بەدرووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لەم ناوچەیەدا، بەڵام بەرانبەر شوێنەکانی تر ڕازی بوو، خاڵێکی تر کە ئەمەوێت ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بدەم، ئەو کاتە واقیعی دەوڵەتانی زلهێز و بەرژەوەندییەکانیان نەیانویستووە دەوڵەتی کوردی درووست ببێ، بەڵام لەرووی واقیعییەوە بەلایانەوە مەبەست بووە، ویست و ئیرادەیان لەسەر ئەوە بووە کە دەوڵەتانی سووریا و ئێراق و حیجاز درووست بکەن. بەتایەبەتی کە کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەتیان هەبوو کە دواجار سووریا لەژێر ئینتیدابی فەرەنسا بوو، ئێراق لەژێر ئینتیدابی بەڕیتانیا بوو، کەواتە کۆمەڵێک بەرژەوەندیان هەبوو لەم ناوچانە، بەڵام پێدەچێ بەرژەوەندیان لەدەوڵەتی کوردیدا نەبووبێ.
مامۆستا گۆران برایم: مەسەلەی کورد لەوکاتەدا خۆی لاوازبوو، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد کورد سەرکردایەتییەکی وای نەبووە، کە هەموو کورد لەبزووتنەوەیەکی نەتەواتیدا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزێتەوە، عەشیرەتەکان لەناوخۆیاندا نارێک بوون، ئەو ڕێکخراوانە کوردییانەی لەو کاتەدا هەبوون نەیانتوانی هەلەکە بقۆزنەوە بۆ درووستکردنی ئەو دەوڵەتە، بەڵام تۆ نابێ لەوکاتەدا چاوەڕێی دەستی وڵاتە هاوپەیمانەکان بیت بۆ ئەوەی دەوڵەتێکت بۆ درووست بکات، ئەگەر تورکیای کەمالی چاوەڕێی وڵاتانی هاوپەیمان بوایە ئەوە کوردستان کرا بەچوار پارچەوە، تورکیا ئەکرا بەپێنج بەشەوە، ئەو چاوەڕێی ئەوەی نەکرد، بەڵکوو ئەوان دوای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی ئەوان هەرچەندە بەشێکی گەورەی لەسەر حیسابی کوردبوو و زەرەرێکی گەورەشی لەبزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی دا لەو کاتەدا، بەڵام ئەوان توانیان سەرکەوتنێکی گەروە بەدەست بهێنن، بەڵام هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیش هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد هەموویان پاشەکشێان لەپەیماننامەکە کرد دوای ئەوە یەکێتی سۆڤیەت دژایەتی پەیماننامەکەی کرد، دوای ئەوەی ئەرمەنەکان و یۆنانییەکان ئەوانەی لەناو خاکی تورکیادا مابوون ئاگادارکران بۆ ئەوەی پاشەکشە بکەن لەخاکی تورکیادا، دوای ئەوەش مەسەلەی کوردیان بەلاوە خست، ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری بکەیت ئەو بارودۆخەی لەنێوانی پەیماننامەی سیڤەر و لۆزاندا هاتووەتە کایەوە زۆرینەی زۆری لەبەرژەوەندی تورکدایە، بەڕیتانیاش ئەویست کورد بەکاربهێنێ بۆ بەرژەوەندی خۆی دژ بەتورکیا.
$لۆزان شوێنی سیڤەری گرتەوە$
د. پێشڕەو حەمە جان: لەروانگە یاساییەکەوە ئەگەر ڕێکەوتننامەیەک نەچووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە من پێم وایە پێویست ناکات باس لەهەڵوەشانەوەی بکەین، مادام ئەم ڕێکەوتننامەیە هێشتا لەڕووی یاساییەوە ئیلتیزامی پەیدا نەکرد و نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە و پەسەند نەکرا کەواتە پێویست ناکات بڵێین با هەڵوەشێتەوە، بەڵام بیرمان نەچێ هەمان ئەو دەوڵەتانەی ڕێکەوتننامەی سیڤەریان بەست ڕێکەوتننامەیەکی تریان بەست لەسەر هەمان بابەت ئەویش ڕێکەوتننامەی لۆزان بوو. ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەتوانین بڵێین بەنزیکی هەمان دەوڵەتانی ناو ڕێکەوتننامەی سیڤەر سازدرابوو، تەقریبەن لەسەر هەمان بابەت بوو، بۆیە ویستیان بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن ئەم ڕێکەوتننامەیە جێگەرەوەی ڕێکەوتننامەیەی پێشووە کە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام بەداخەوە دواجار ڕێکەوتننامەی لۆزان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەتوانین بڵێن بەتەواوی شوێنی ڕێکەوتننامەی سیڤەری گرتەوە، ئەو واقیعەشی کە ئەمڕۆ ئەیبینین ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێکەوتننامەیەیە کە کوردستانی دابەشکرد بەسەر کۆمەڵێک ناوچەدا بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە.
$تورکیا بەتەواوەتی پارچەپارچە کرابوو$
مامۆستا گۆران برایم: ئەگەر سەیری بەشی ئەنادۆڵ بکەین لەو پەیمانەدا دابەشکرابوو بۆ سێ بەش، بەشێکی بۆ فەرەنسا، بەشێکی بۆ ئیتاڵیا، بەشێکی بۆ بەڕیتانیا. لەگەڵ ئەوەی پەیماننامەکە پشتگیری درووستبوونی کیانێکی کوردی ئەکرد لەچوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا، دوای ئەوە ئیزمیر درابوو بەیۆنان، واتە تورکیا بەتەواوەتی پارچەپارچە کرابوو. هەر لەبەر ئەوە بوو ئەتاتورک ئەوەی بەلەسێدارەدانی تورکی لەقەڵەمدا.
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر ڕێکەوتننامەیەک نەبووبێ بە ڕێکەوتننامە بۆ قسە لەسەر هەڵوەشانەوەی بکەین؟ کاتێ ئێمە قسە لەسەر هەڵوەشانەوە ئەکەین واتە ئەبێ ڕێکەوتننامەیەک هەبێ پەسەند کرابێ، چووبێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام شتێک کە نەبووبێ بە یاسا بەرێکەوتننامە، من پێم وایە نابێ قسە لەسەر هەڵوەشانەوەکەی بکەین بۆیە دەبینین لەرێکەوتننامەکانی تردا دەوڵەتان بەهیچ شێوەیەک خۆیان لە قەرەی قسەکردن لەسەر ئەو ڕێکەوتننامەیە نادەن.[1]