$جلوبەرگ و دەستەواژەی هاوردەکراوی ئایینی$
#محەمەد خۆشناو#
#19-06-2021#
پێش هاتنی کۆرۆنا، سەردانی باڵەخانەی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی #هەولێر#م کرد کە لە چەقی شاری هەولێرە، وێنەی زیاتر لە 100 مامۆستای ژنی شاری هەولێر لە ئیسلام و کریستیان و جوو هەڵواسرابوون کە وەک یەک دەستە خوشک وانەیان بە خوێندکارانی ئەو شارە دەگووتەوە، هەموو ئەو ژنە مامۆستایانە هیچیان لەچک یا سەرپۆشیان لەبەر نەبوو، بەڵکوو هەر هەموویان سەرکۆت بوون. هەر لە دەرگەی باڵەخانەکە وەرە دەرەوە، سەتان کچ و ژنی سەرپۆش و ڕووپۆش و جوبە و حیجاب لەبەرکەر دەبینی.
چەند ساڵێکە دوای پەیدابوونی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، هەندێک جلوبەرگ و دەستەواژەی ئایینیی نامۆ هاوردەی کۆمەڵگەی کوردستان کرا، وەک ئەوەی ئەمڕۆ کە دەیبینین زۆربەی کچ و ژنان لەبەریدەکەن، یا هەندێک دەستەواژەیان هاوردە کردووە کە پێشتر نەبوو، وەکوو لەجیاتی سوپاس، جزاک الله خيرا و، لە جیاتی ئەلەو لە تەلەفۆن السلامو عليکوم و چەندان موفرەداتی دیکەی نامۆ کە بەهیچ شێوەیەک پێشینەیان لەناوماندا نەبووە، بەڵکوو لە ڕێگەی وەهابیەکانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو بۆیان هاوردە کردین.
ئەوەی ساڵی حەفتا و هەشتاکانی لەبیر مابێت، جلوبەرگی کۆمەڵگەی ئێمە، بریتی بوو لە جلوبەرگی کوردی و چارۆگە کە ژنان لە گەڕەکە میللی و گوندەکانی دەرەوەی شار لەبەریان دەکرد و، ژنانی ناو شاریش کراس و تەنوورەیەکی کوورت، زۆربەی جاران قۆل و بازوو ڕووت…بەدڵنیاییەوە هیچ دەقێکی قورئانی یا حەدیسێکی نەبەوی نییە، لەبەرکردنی نیقاب و حیجاب بسەپێنێت، نیقاب وا لە خاوەنەکەی دەکات ببێتە بوونەوەرێکی نادیار و، کەسایەتییەک کە جێگەی ترس و نیگەرانی بێت.
برادەرێک بۆی گێرامەوە، کاتێک سەردانی خزمێکی کردبوو، ژنێکی پەچەدار هات، منداڵی ماڵەکە لە ترسان دەستی بە گریان کرد، برادەرەکە وتی، وابزانم وەک بوونەوەرێکی جادووگەر هاتە بەرچاوی.
لە دەیان سەرچاوە خوێندوومەتەوە کە ئەسڵی مێژووی نیقابپۆشین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەفسانەی جووەکان، گوایا جنۆکە لە ئاسمانەوە سەری کۆت و قژی ژنانیان دەبینی، بۆیە دەهاتنە خوارەوە بۆ جووتبوون لەگەڵیاندا و، ناچار ژنەکان سەر و ڕووی خۆیان پۆشی تاوەکوو قژەکانیان بەدیار نەکەون و، لەگەڵ جنۆکە جووت نەبن، بەمە لەو دەستدرێژی و پردانە دەربازیان بوو، پاشان ئەم نیقابە گواسترایەوە بۆ دوورگەی عەرەب و، دواتر بۆ شوێنەکانی دیکە بڵاوبووەوە و هێنایانە ئێرەش.
خوای گەورە مەرجی بۆ سەر هیچ موسڵمانێک یا ئەوانی دیکە دانەناوە کە جلێکی دیاریکراو بپۆشن، فەلسەفەی جلوبەرگ لە ئایینەکاندا ئەوەیە کە نەبێتە مایەی گێچەڵکردن بە غەریزەی ئەوانی دیکە، جل حیکمەتی خۆی هەیە، ئەویش هۆکارە نەک ئامانج، بۆیە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە و لە سەردەمێک بۆ سەردەمێک�