شاری بەغدای پایتەختی ئێراق بووە گۆڕەپانی بە یەک گەیشتنی یاریزانانی کاراتێی یانەکانی ئێراق و ململانێیەکی بەهێزی ئەو یاریزانانە ، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتنیان بە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق بۆ وەرزی 2023 - 2024 .
یانەی وەرزشی پێشمەرگە وەک نەریتە بەردەوامەکانی خۆی و لە پێشەنگی ئەو ڕکابەرییەدا توانی زۆرترین یاریزانی بگەیەنێتە ڕیزی هەڵبژاردەکە ئەوەش لە پاش سەرکەوتەکانی شەش پاڵەوانی تیمەکەی پێشکەوتوان و خوار 21 ساڵ و لاوانی .
ڕۆژی شەممە#13-05-2023# لە دواڕۆژی یارییەکانی ئەو پاڵاوتنەدا ، یاریزانانی یانەی پێشمەرگە توانیان پلەکانی یەکەم لەدەست نەدەن و جامەکان بۆ یاریزانانی دیکە جێنەهێڵن ئەوەش لە پاش بەدەست هێنانی پلەی یەکەم لە کێشی - 55 کغم لەلایەن یاریزان ڕێباز حەکیم لەسەر ئاستی پێشکەوتوان و بڕیار یوسفی هاو یانەی لە کێشی - 67 کغم لە هەمان ئاست و هونەر حەمە حان لە کێشی - 84 کغم بۆ ئاستی پێشکەوتوان .
لەلایەکی دیکەوە و لە قوورسترین کێشی یارییەکەدا ، شڤان عوسمان کە لە دوو وەرزی ڕابردوو کابتنی هەڵبژاردەی ئێراق بووە توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و کێشی + 84 ی کردە سەنگی جێگیر لەسەر سەرکەوتنەکان بۆ سێیەم ساڵی لەسەر یەک .
سەبارەت به و ئەنجامانەیان شاخەوان ئەحمەد ڕاهێنەری تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی ، تیپەکەمان بووە بەهێزترین تیمی نێو کێبڕکێی ئەو پاڵاوتنە و یاریزانەکانی پێشمەرگە سەلمانیان کە دەبێت پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئێراق پشت بەوان ببەستێت بۆ پاڵەوانێتییە دەرەکییەکان .
شاخەوان ئاماژەی بەوەشکرد کە خۆش بەختانە لەسەرجەم ئاستەکانی دیاری کراو لە یاری کۆمیتە ( قیتال ) نازناوەکانیان بەدەست هێناوە و چاوەڕوانی لیستی ڕاگەیاندراوی یەکێتی کاراتێی ئێراقیش دەبن کە بە فەرمی پێکهاتەی هەڵبژاردەکە ڕابگەیەنێت .[1]